Zana Natık Kerem
01 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2023
ھەولێر – AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی کانوونی دووەم، حەوت ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراو بۆ مانگی کانوونی دووەم بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بڕی ئەو نەوتەی کە لە مانگی کانوونی دووەمدا ھەناردەکراو، ١٠١ ملیۆن و ٢٤٥ ھەزار و ٩٥ بەرمیل بووە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی کانوونی دووەمدا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٨ ملیۆن و ٤٦٠ ھەزار و ٥٠ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٤٧٥ ھەزار و ٥١٦ بەرمیل.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی کانوونی دووەمدا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٧٥ دۆلار و ٩٥ سەنت فرۆشراوە.
داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، حەوت ملیار و ٦٠٦ ملیۆن دۆلار بووە.
بەمەیش داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی یەکی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، ٨٤ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.