هه‌ولێر- شوان سدیق - فه‌خره‌دین ئیبراهیم
سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، عه‌بدوڵای موهتەدی له دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس له پرسی سیاسی له كوردستانی ئێران و رێكه‌وتنی (5+1) ئەتۆمی وڵاته‌كه ده‌كات، هه‌روه‌ها له به‌شێكی تری دیداره‌كه قسه له‌سه‌ر كورد له توركیا و شه‌ڕی داعش له ناوچه‌كه ده‌كات.
له‌و دیداره، عه‌بدوڵای موهته‌دی ره‌خنه له سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌گرێت، كه به‌گوته‌ی ئه‌و ته‌نیا له‌و وڵاته پرسی كورد پشتگوێ خراوه.
ده‌قی پرسیاری ئانادۆڵو و وه‌ڵامی سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران. عه‌بدوڵای موهته‌دی له شاری هه‌ولێر ئه‌نجام دراوه.
ئانادۆڵو: رێكه‌وتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا به رێكه‌وتنی (5+1) ناوی هاتووه، له‌سه‌ر چه‌كی ئەتۆمی چۆن ده‌بینیت؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئەوە چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنه نه‌ك رێكه‌وتنێكه به هه‌موو ورده‌كارییه‌كه‌وه، كه‌متر له سێ مانگی ماوه، واته له‌كۆتای مانگی شه‌ش بڕیاره رێكه‌وتنه‌كه ئیمزا بكرێت، تا ئێستاش سه‌دا سه‌د نییه به‌ڵام ره‌نگه ئه‌و رێكه‌وتنه سه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێت، به‌بۆچوونی من پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه ئێران له چه‌كی ناوه‌كی پێویست كراوه بیكات".
ئانادۆڵو: ئه‌م رێكه‌وتنه كاریگه‌ری چیه بۆ ئێران له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووری له ناوچه‌كه؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "رێكه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر چه‌كی ناوه‌كییه چه‌ند كێشه‌یه‌كی تری ئێران هه‌یه مانای ئه‌وه نییه ئێران بێ كێشه نابێت، دیاریش نییه ئێران ده‌ست له ده‌ستێوه‌ردانی ناوچه‌كه هه‌ڵبگرێت، هه‌روه‌ها پێشلیكارییه‌كانی تری ئێران به‌رامبه‌ر مافی مرۆڤ ده‌مێننه‌وه، ناكۆكی ئێران و دونیای رۆژئاوا له‌سه‌ر مووشه‌كی "بالیستیك" وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌سه‌ر دۆخی ئێران بده‌ین، ئه‌و حكوومه‌ت چوار جۆر سزای له‌سه‌ره، چه‌كی ناوه‌كی. مووشه‌كی "بالیستیك" كاری تیرۆریستی، پێشلكاری مافی مرۆڤ له‌به‌ر ئه‌وه سزا ئابورییه‌كان ده‌مێننه‌وه".
ئانادۆڵو: "پێتانوایه جارێكی تر ئێران ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌و قه‌یرانه دیپلۆماسیه‌ی كه ئێستا تێی كه‌وتووه؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: ره‌نگه وەک ئه‌وه‌ی ئێستا نه‌بێ چونكه وڵاتانی دونیا به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و رۆژئاوا و دونیای عه‌ره‌ب بابه‌ته‌كه‌یان له‌چه‌كی ناوهكیدا كۆكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه كێشه‌ی سه‌ره‌كییە، به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر چه‌كی ناوه‌كی رێك بكه‌ون، كێشه‌كانی دیکە وه‌كو خۆیان ده‌مێننه‌وه، مه‌گه‌ر له بواره‌كانی تر هه‌نگاوی ئه‌رێنی بنێت".
ئانادۆڵو: كه‌واته ئێران ئێستاش كاریگه‌ری به‌هێزی له ناوچه‌كه هەیە؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "به‌ڵێ، كاریگه‌ری هه‌یه، ئێران وڵاتێكی گه‌وره‌یه سه‌رچاوی ئابووری به‌هێزه، ئێران هێزێكی كاریگه‌ربوو نه‌یهێشت به‌شار ئه‌سه‌د بڕوخێت، كۆماری ئیسلامییه حزبوڵای لوبنانی به‌هێزكرد، ئێستا شه‌ڕی ئیسرائیلی پێ ده‌كات، هه‌ر ئێرانه پشتیوانی له حوسییه‌كان ده‌كات له وڵاتی یه‌مه‌ن، ئێران بوو له‌پشت سیاسه‌ته‌كانی نوری مالكی كهعێراقی خسته قه‌یرانێكی گه‌وره، هه‌ر ئێرانه له به‌حرێن و كه‌نداوی فارس رۆڵی به‌رچاوی له تێكدان هه‌یه. كۆماری ئیسلامیش نه‌یشاردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌م رۆژانه جێگری سه‌ركۆماری به‌ناوی ئاغای یونسی رایگه‌یاند به‌دوای دروستكردنه‌وه ئیمپراتۆری كۆنی شیعه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و دركاندنهش خه‌ریكن بیبه‌ن بۆ دادگا ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ی ئێران به‌بێ فشارێكی گه‌وره نه‌بێت ده‌ست هه‌ڵناگرێت".
ئانادۆڵو: كه‌واته به‌بۆچوونی به‌ڕێزتان، ئێران رۆڵێكی نه‌رێنی ده‌گێڕێت له ناوچه‌كه؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "بێگومان رۆڵی ئێران له‌ناوچه‌كه نێگه‌تیڤه، ئه‌و وڵاته ده‌یتوانی رۆڵی پۆزه‌تیڤ بگێڕێت، چونكه پێویستی نه‌بوو به‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ چه‌كی ئه‌تۆمی بدات، هه‌روه‌ها داڵده‌ی تیرۆریزم بدات، هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ست تێوه‌ردانی وڵاتان نه‌كات، ئێران ده‌یتوانی له‌رێگه‌ی ئابووری و فه‌رهه‌نگییه‌وه كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌ناوچه‌كه وه‌كو ئه‌وه‌ی له رابردوودا بینیویه‌تی وه‌كو رۆڵی ئێستای كۆریای باشوور له ئاسیای دوور هه‌یه‌تی، به‌ڵام له جیاتی پێشكه‌وتنی ئابووری و ته‌كنۆلۆجیا خه‌ریكی كاری ده‌ستێوه‌ردان و داڵده‌دانی تیرۆریزمه".
ئانادۆڵو: سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی كورد و پێگه‌ی له وڵاتی ئێران، كورد پێیوایه مافی پێشێلكراوه، وه‌ك لایه‌نێکی سیاسی چی هه‌وڵێك دراوه، بۆ ئه‌وه‌ی بە هەموو لایەکی بسه‌لمێنن ئه‌و مافانه‌تان خوراوه؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "له‌دێر زه‌مانه‌وه وێڕای ئه‌و خه‌باته‌ی كه كردووهمان له‌نێوخۆی ئێران، به‌رده‌وامیش هه‌وڵمانداوه له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش بۆ ئه‌وه‌ی مافی گه‌لی كورد به‌ده‌ست بهێنین، هه‌روه‌ها ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد كراون، هه‌وڵمانداوه دونیای لێ تێبگه‌یه‌نین، ده‌توانم بڵێم پرسی كورد له‌ناوچه‌كه زۆر رووی له هه‌ڵكشان كردووه. له عێراق كورد تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌مافه‌كانی خۆی گه‌یشتووه، له توركیا پڕۆسه‌یه‌كی ئاشتی له ئارادایه هیوادارین سه‌ربگرێت و كورد له‌چوار چێوه‌ی توركیا به‌مافه‌كانی خۆی بگات، له‌سووریاش هه‌نگاوی باش روویداوه، ماوه‌ته‌وه سه‌ر ئێران، ته‌نیا وڵاتێكه كه پرسی كورد و مافه‌كانی پشتگوێ خستووه و له‌رێی سه‌ركووت و له‌سێداره‌دان وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد ده‌داته‌وه، ژماره‌ی له‌سێداره‌دان له كوردستانی ئێران زۆر زیادی كردووه، بۆیه ئێمه هه‌وڵمانداوه هه‌موو ئه‌و ستهمكاریانه به‌دونیای ده‌ره‌وه بگه‌یه‌نین".
ئانادۆڵو: بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له كوردستانی ئێران پێش بزووتنه‌وه‌كانی دی بووه، له پارچه‌كانی تری كوردستان، پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بێت ئێستا ئه‌م بزووتنه‌وه كوردییه له كوردستانی ئێران له دوای بزووتنه‌وه‌كانی تر بێت؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بارودۆخ نه‌ك ئه‌وه‌ی كوردی ئێران هه‌وڵی نه‌داوه، كورد له رۆژهه‌ڵات له‌زۆر رووه له پێش پارچه‌كانی تر بووه، كاریگه‌ریشی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت له‌زۆر شتیش پێشه‌نگ بووه، بۆنموونه دامه‌زراندنی یه‌كه‌م كۆماری كوردستان له مهاباد ته‌نانه‌ت ناوی پێشمه‌رگه له كوردستانی ئێرانه‌وه هاتووه. حزبی سیاسیش هه‌ر له‌وێ دروستكراوه. به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ پارچه‌كانی تری كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه بۆ كوردستانی ئێران ههڵنهكهتووه، ئه‌گه‌ر سه‌دام هێرشی نه‌كردایه سه‌ر وڵاتی كوێت و وڵاتانی هاوپه‌یمان هێرشیان نه‌كردایه‌ته سه‌ر عێراق ئه‌و پێگه و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی كه‌ی ده‌یبوو. ئه‌گه‌ر به‌هاری عه‌ره‌بیش له‌سووریا سه‌ری ههڵنهدابایه به‌شدار ئه‌سه‌د رۆژئاوای ته‌سلیمی كورد نه‌كردایه ئه‌وه نه‌ده‌بوو، هه‌روه‌ها له‌توركیاش ئه‌گه‌ر ئاكپارتی نه‌هاتبایه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تێكی نه‌رمتری نه‌بوایه به‌رامبه‌ر دۆزی كورد و پڕۆسه‌ی ئاشتی نه‌بوایه ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی له‌توركیا هه‌یه نه‌ده‌هاته دی ره‌نگه داعش‌یش هه‌ندی فرسه‌تی دروستكردبێت به‌ڵام درنگ یا زوو ئه‌م رووداوانه‌ش له‌وڵاتی ئێمهڕوو ده‌دات رژێمی ئێران ناتوانێت تاسه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی له‌وه درێژتر به‌رده‌وامی به‌سیاسه‌ته‌كانی بدات و كورد هه‌ر به‌ژێر ده‌سته‌یی بهێڵێته‌وه".
ئانادۆڵو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكن کە له ئێران رووبدات، وەک پلانێک ئه‌وه‌نده‌ی ئاشكرایه له‌گه‌ڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رێكه‌وتنێكی ستراتێژیتان هه‌یه، بیر لهوهنهكراوهته پەرە بەو رێکەوتنە بدرێت و كورد به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌بێت، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ر ده‌رفه‌تێك کە له ئێران رووبدات؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "به‌ڵێ، رێكه‌وتنمان هه‌یه له‌گه‌ڵ حزبی دیموكرات، له رێكهوتنهكهشدا هاتووه كه پێویسته به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش دروست بكرێت، ئه‌وه‌ش ئێمه وه‌كو كۆمه‌ڵه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، دروستكردنی كۆده‌نگییه‌كی هاوبه‌شه له‌نێوان حزب و لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئێران، دواتر به‌پێویستی ده‌زانین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بێت".
ئانادۆڵو: ئه‌گه‌ر بارودۆخ و ده‌رفه‌تێكی وه‌كو ئه‌وه‌ی له توركیا بۆ كورد دروستبووه، بۆ كورد له ئێرانیش دروست ببێت وه‌كو حزبی كۆمه‌ڵه چۆن پێشوازی لێ ده‌كه‌ن؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "له ئێستادا ئه‌وه به ئه‌گه‌رێكی نزیكی نابینم پێموایه ده‌بێت فشاری زیاتر بۆ سه‌ر ئێران بهێنرێت، كارێكی وابكات، ئه‌گه‌ر كارێكی وایكرد و حكوومه‌تی ئێران كرانه‌وه‌یه‌كی كرد و ویستی پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكات، ئێمه له‌رێگه‌ی ئاشتیانه پشتیوانی له‌و هه‌نگاوه ده‌كه‌ین. پێشتریش جه‌ختمان له‌سه‌ر ئهوهكردووهته ده‌بێت كورد هه‌ماهه‌نگییه‌كی هاوبه‌شی هه‌بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران".
ئانادۆڵو: وه‌ك كۆمه‌ڵه هیچ گفتوگۆیه‌كتان هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می روحانی؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "نه‌خێر هیچ وتوێژێكمان نه‌بووه".
ئانادۆڵو: بۆچوونتان له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی چیه له توركیا؟
عه‌بدولای موهته‌دی: "ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه سه‌ربگرێت به‌قازانجی هه‌موو توركیای ده‌زانین، هه‌روه‌ها له قازانجی كورد و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و ئاسایشی ناوچه‌كه و قوڵكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی دیموكراتیشه. به‌پێویستی ده‌زانین ئه‌و پڕۆسه‌یه سه‌ربگرێت، پاڵپشتیشی ده‌كه‌ین".
ئانادۆڵو: سه‌باره‌ت به رێكخراوی داش خوێندنه‌وه‌تان بۆی چۆنه؟
عه‌بدوڵای موهته‌دی: "داعش به گرووپێكی تیرۆریستی ده‌زانین، ئه‌وان دژی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤن، هه‌روه‌ها پێمانوایه داعش له‌دژی كوردیشه بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپهیمانیهتهین كه ئه‌مڕۆ له‌دژی داعش له‌شه‌ڕدایه. وه‌كو كۆمه‌ڵه‌ش له‌دوای دروستبوونی شه‌ڕی داعش هێزمان له سنووره‌كانی شاری كه‌ركووك بووە شان به‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه".
news_share_descriptionsubscription_contact

