Zana Natık Kerem
22 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دابەزاندنی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی بە جۆرێک رەوشی ئابووری عێراقی شڵەژاندووە کە نرخی کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکاندا بە ٢٥ لەسەدا بەرزبوونەتەوە.
بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی یەکشەممەی رابردوو چووەتە واری جێبەجێکردنەوە کە تیایدا نرخی یەک دۆلار بە ھەزار و ٤٥٠ دینار دیارییکراوە کە پێشتر ھەزار و ١٨٢ دینار بەرامبەربە یەک دۆلار دیاریکرابوو.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد دەراجی سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و رایگەیاند کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی، ١٠ تریلیۆن دینار (شەش ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار) بۆ دەوڵەت، دابین دەکات.
بەڵام محەمەد دەراجی وای بۆ دەچێت کە دەبووایە حکوومەتی عێراق پێشتر رێوشوێنی کەمکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی بگرتایەتەبەر و گوتی:
"ئەگەر نیوەی ئەو پارەیەی کە لە گۆڕانکاری نرخی دینار بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی دابین دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئاسەواریی خراپی بڕیارەکە خەرج بکرێت ئەوا، پێنج تریلیۆن دینار (سێ ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دۆلار) بۆ حکوومەت دەمێنێتەوە کە دەتوانێت مووچەی یەک مانگی فەرمانبەرانی پێ بدات".
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی عێراق لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، رێژەی ھەڵئاوسان گەیشتووەتە یەک لەسەدا، پێشبینی دەکرێت ئەو رێژەیە بەرزببێتەوە بە تایبەتیش دوای ئەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی کەمکراوەتەوە.
دەراجی گوتیشی: "پێویست بوو لەسەر حکوومەتی عێراق، دەرماڵەی دارایی لەژێر ناوی دەرماڵەکانی ھەڵئاوسان بەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە بدایە کە مووچەی مانگانەیان لە یەک ملیۆن دینار (٨٠٠ دۆلار) کەمترە".
لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، فازڵ فەتلاوی لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی بۆ کەمکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە بڕیارەکە، پێشتر ھەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە بۆیە بڕیارێکی لەناکاو بووە لەبەرئەوە دەبیندرێت کە نرخی کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەتەوە.
فازڵ فەتلاوی گوتیشی: "گرنگە ھەر رێوشوێنێکی دارایی کە حکوومەت پەنای بۆ دەبات، نابێت کاریگەری لەسەر تاکی ھاووڵاتیی ھەبێت".
ھەر لەوبارەیەوە شارەزا لە کاروباری ئابووریی عێراق، عەلی نیعمە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "ھیچ گومان لەوەدا نییە کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو، کاریگەری لەسەر چینی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەبێت".
عەلی نیعمە رایگەیاند کە بە بڕیاری کەمکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی، بە ٣٣ لەسەدا زیانی بۆ داھاتی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەبێت، چونکە نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان بەھۆی ئەوەی لە دەرەوە بە دۆلار ھاوردەکرێن، بەزردەبنەوە.
گوتیشی: "بەھۆی جێبەحێکردنی بڕیاری کەمکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نرخی کەلوپەل، خۆراک و دەرمان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە".
ناوبراو ئەوەشی گوت "عێراق پێویستی بە کەمکردنەوەی بەھای دینار نییە، بەڵکو پێویستی بەوەهەیە کە خەرجییە سەربازیی و ناپێویستییەکان کەم بکاتەوە، ھەروەھا گومرکەکان کۆنترۆڵ بکات، بەو رێگایە ئەو بڕە پارەیەی دەستدەکەوێت کە لە بڕیاری کەمکردنەوەی بەھای دینار، بەدەستی دەھێنێت".
ھاوکات ھەر بەھۆی کەمکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەک لە کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغدا بەشێوەیەکی کاتی کارکردن و مامەڵەکانیان، وەستاندووە.
لەمبارەوە خاوەن کۆمپانیای شەرق بۆ فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان، فیراس جەمال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رەوشی ئابووری لە عێراق زۆر شڵەژاوە و لەئێستادا ھیچ چارەسەرێک نییە، ئێمە ئامێرە کارەباییەکان لە دەرەوە بە دۆلار دەھێنیین و دەبێت بە دینار بیان فرۆشین، ئەوەیش کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکات".
گوتیشی: "لەئێستادا زۆربەی کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغدا، کارکردن و مامەڵەکانیان وەستاندووە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین بزانین لە رۆژانی داھاتوودا رەوشەکە چی گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت".
وەزارەتی دارایی عێراق لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١دا، ھەزار و ٤٤٦ دیناری عێراقی بەرامبەربە یەک دۆلاری ئەمریکی دیارییکردووە دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا، ھەزار و ١٨٢ دینار بەرامبەربە یەک دۆلاری ئەمریکی دیارییکرابوو.
پێشتر وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەللاوی رایگەیاندبوو لە بوودجەی ٢٠٢١دا، نرخی فرۆشتنی یەک دۆلار بە ھەزار و ٤٥٠ دینار دیارییکراوە، چونکە نرخی پێشوو کە ھەزار و ١٨٢ دینار بەرامبەربە یەک دۆلار دیارییکرابوو، زیانی زۆری بە ئابووریی عێراق گەیاندبوو.
حکوومەتی عێراق بڕیاری کەمکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی وەک پاساوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە داراییە ھێناوەتەوە کە ئێستا عێراق بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، بەرەوڕووی بووەتەوە.