Ali Makram Ghareeb
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2021
کەرکووک - AA
دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، کاریگەری لەسەر بازاڕی قوربانیکردن دروست کردووە.
لە مەیدانی ئاژەڵی نزیک شارۆچکەی خورماتو باشووری کەرکووک، مەڕ و بزن نرخیان لەنێوان ٢٠٠- ٧٠٠ دۆلاردایە، ئاژەڵە گەورەکانیش نرخیان لەنێوان هەزار و ٥٠٠ بۆ سێ هەزار دۆلاردایە.
یەکێک لە فرۆشیارەکانی مەیدانەکە بە ناوی ریاز مەسعود باسی لەوە کرد کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بازاڕیان جموجۆڵی تێکەوتووە، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی ئاژەڵەکانەوە وەک پێویست کڕیاریان نەبووە.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی قەیرانی ئابووری و دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، ئالیکی ئاژەڵ گران بووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵەکان دروست کردووە.
عەلی هیجران کە بە ئامانجی کڕینی قوربانی سەردانی مەیدانەکەی کردبوو رایگەیاند "نرخی قوربانی زۆر بەرزە، هەر بۆیە ئەمساڵ هەرکەسە و بەگوێرەی بوودجەی خۆی ناچارە قوربانی بکات".