Hemn Baban
09 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تاوەکو سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ٥٠٠ ھەزار ئۆتۆمبیل لەڕێگەی دەروازەکانی ھەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێرانەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی رەوشی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە باشتر بووە و بەرەو گەشەکردن دەچێت، ئەو دەڵێت "رەوشی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ بە بەراورد بە پار ساڵ ٢٠١٧ باشترە، ھەرێمی کوردستان وەکو سەنتەرێکی بازرگانییە بۆ گشت عێراق، بە نموونە ئەگەر تەماشای ھاوردەکردنی ئۆتۆمبیل بکەین و بەراوردێک لە نێوان ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بکەین دەبینین کە بەڕێژەی سەد لەسەد رێژەکە زیادی کردووە، لەڕاستییدا ئەو ئۆتۆمبیلانە ھەمووی لە ھەرێمی کوردستان نامێنێتەوە و دەچێتە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و لەوێ بازاڕەکە زیاتر و باشترە. ھەرێمی کوردستان دۆخێکی ئابووری و دارایی سەختی ھەیە، بەڵام باری ئابووری خەڵکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە چەند ساڵی رابردوو واتە لە ٢٠١٤ تا ئەمساڵ باشترە لە دۆخی دارایی خەڵک لە ھەرێمی کوردستان، چونکە حکوومەتی عێراق پشکی ھەرێمی کوردستان بە شێوەی رێکوپێک نانێرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکان دەست پێبکەنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەھەزاران پڕۆژە ھەیە و راوەستاون".
ھەرچی پەیوەندیی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێرانەوە ھەیە، نەوزاد ئەدھەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا گەشەی بەخۆوە بینیوە و پێشبینی دەکەین کە لە ئەمساڵدا ئەو ئاڵوگۆڕە بگاتە نزیک بە ١٢ ملیار دۆلار، ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش تەنھا بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو رێژەی ٧٥ لەسەدی ئەو کاڵایانەی لە تورکیاوە دێنە نێو ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات و تەنھا رێژەی ٢٥ لەسەدی ئەو کاڵایانە لە سنووری ئیبراھیم خەلیلەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەیەتی، ئەم رێژەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستانیش ھەمان رێژەیە".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.