جيهان, ئابووری

كاریگەری دابەزینی بەهای تومەن لەسەر هەرێمی كوردستان

- دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، كاریگەری لەسەر بازاڕ و بازرگانانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت، لە دابەزینی بەهای تومەندا ئەو بازرگانانە زیانی گەورە دەكەن كە كاڵا رەوانەی ئێران دەكەن.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 12.04.2018 - نوێکردنەوە : 12.04.2018
كاریگەری دابەزینی بەهای تومەن لەسەر هەرێمی كوردستان

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

ماوەی چەند رۆژێكە بە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی ئابووری وڵاتەكەوە، بەهای تومەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزینی پێوانەیی تۆمار كردووە .

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد لەبارەی كاریگەری دابەزینی بەهای تومەن لەسەر بازاڕ و ئابووری هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی تومەن كاریگەری خۆی هەیە، دابەزینی ئەمجارەی نرخی تومەنیش كاریگەری زۆری كردووەتە سەر بازرگانانی شاری سلێمانی، ئێمە كۆمەڵێك ئاڵوگۆری بازرگانی پتەومان هەیە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئەو سنوورە بەرفراوانەی هەمانە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا و بوونی دوو دەروازەی فەرمی و دەیان دەروازەی نافەرمی تر، لەم بابەتەشدا ئەو بازرگانانەی كە لێرەوە كاڵا رەوانەی ئێران دەكەن زیانمەندی یەكەمن، ئەو بازرگانانەش كە لە ئێرانەوە كاڵا دەهێنن زیانی زۆریان كردووە بە هۆی ئەوەی پێشتر بە نرخێكی بەرز كاڵای هێناوە و ئێستا نرخ داشكاوە".

سیروان محەمەد گوتی: "رۆژانە لە سنووری دەروازەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئێراندا نزیكەی دوو هەزار ئۆتۆمبێل ئاڵوگۆری كاڵا و بازرگانی دەكرێت، بەم بەرزبوونەوە و دابەزینەی نرخی تومەنیش زیانی گەورەی دەبێت بۆ بازرگانەكان، ئێستا ئەوانەی لە بازاڕەوە كاڵا رەوانەی ئێران دەكەن زۆر نیگەرانن لەو دۆخە بە هۆی ئەوەی پارەی ئەو كاڵانەیان بۆ نایەتەوە كە ناردویانە و زیانی گەورەیان دەبێت".

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، داوایان لە بازرگانەكان كردووە بە راگرتن و كەمكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆری بازرگانی و هەناردەكانیان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران تا ئەو كاتەی نرخی دراوەكان سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت، ئەوەش لە پێناو ئەوەی رووبەڕووی زیانی گەورەتر نەبنەوە.

بە گوتەی سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی، ئاستی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانە دەگاتە هەشت ملیار دۆلار ، زۆری ئەو ئاڵوگۆڕانەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی-یەوە دەكرێت.

ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بە 525 هەزار تومەنی ئێرانی مامەڵەی پێوە كراوە.

نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، ئەحمەد عەلی محەمەد كە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەكەوێتە ئەو سنوورەوە لە بارەی كاریگەری دابەزینی نرخی تومەنی ئێرانی لەسەر بازرگانانی هەرێم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی كاریگەری خۆی هەیە لەسەر بازرگانانی ئێمە، ئەو بازرگانانەی لە سنووری مەرزی پەروێزخان كاری بازرگانی دەكەن هەموویان كاری هاوردەكردنی كاڵای ئێرانی دەكەن، ئەو كاڵایانەشی لە ئێران دەیكڕن بە نرخی تومەن دەیكڕن و پارەیەكی كەمتر دەكەوێت و بە كەمتریش لە بازاڕەكانی هەرێم دەیفرۆشنەوە".

ئەو گوتيشی: "لە دەروازە سنوورییەكانی تری نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، بازرگانان كاڵاكانیان رەوانەی ئێران دەكەن بە تومەن دەیفرۆشن، كاتێك ئەو پارەیەش دەگێڕنەوە لێرە بەهای پارەكەی خۆیان بۆ ناكاتەوە و زیانمەند دەبن".

نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەی گەرمیان ئەوەشی گوت "دوای داخران و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و نەگەیشتووەتە ئاستی پێشتری خۆی، ئەوەش بە هۆی دانانی خاڵێكی سنووری لە ناوچەی سەفرە لە پارێزگای دیالە كە رێگرە لە گواستنەوەی كاڵاكان لەو سنوورەوە بۆ ناوچەكانی تری عێراق كە پێشتر 50 لەسەدی بارەكان بۆ ناوچەكانی تری عێراق دەگوازرایەوە".

ئەحمەد عەلی گوتی: " بەرلە داخرانی دەروازەكەوە رۆژانە زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەو سنوورەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیان دەكرد، بەڵام ئێستا و دوای رێگە نەدان بە گواستنەوەی كاڵان بۆ ناوچەكانی تری عێراق ، ئەو رێژەیە بۆ نیوە دابەزیوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın