Salim hemexan
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2015
هەڵەبجە
ساڵانە و لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی زستان و بارینی بەفر و سپی بوونی ناوچەكانی شاخاوی، هەزاران كەس دەچنە دەرەوە بۆ گەشت و سەیران، ئەمەش لە دونیادا وەك گەشتوگوزاری زستانە رێكخراوە و سوودی ئابووری و زانستی تایبەتی خۆیی هەیە، بەڵام لە كوردستان بەگشتی و هەڵەبجە و هەورامان بەتایبەتی، گرنگیەكی ئەوتۆ بەم سێكتەرە بایەخدارەی گەشتوگوزار نەدراوە و كەمترین خزمەتگوزاریی و ئاسانكاریی پێشكەشی هاووڵاتییان كراوە.
شاخی شنروێ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی هەڵەبجە و سروشتێكی دڵگیری هەیە، یەكێكە لەو ناوچانەی كە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتییان سەردانی دەكەن و كاتەكانی خۆیانی تیادا بەسەر دەبەن، لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی زستانیش تارای سپی دەپۆشێت و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان رووی تێ دەكەن، بەڵام ئەم شاخە تەنها یەك رێگای بۆ كراوە و ئەوەیش لە ئێستادا داڕماوە و هاووڵاتییان لەبینینی دیمەنەكانی سەرشاخ و هەڵەبجەی پێدەشتی بێبەش دەبن.
رێبوار یونس كە لەبەر داڕمانی رێگای شاخەكە بەناچاری لەگەڵ خێزانەكەی گەڕابوویەوە گوندی عەبابەیلێ كە دەكەوێتە دامێنی شاخی شنروێ بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "لەجێگەی هەموو تەلەفریكێك بۆسەركەوتن بۆسەر شاخی شنروێ تەنها ئەم رێگایە هەبوو ئەویش داڕماوە".
ئەو بەتەنزەوە زیاتری گوت: "حكوومەت مووچەی سێ مانگی نەداوە، هەموومان تووشی مەراق بووین، تەنانەت رێگای شاخەكەش پاك ناكاتەوە تا بچینە سەرشاخ و خەفەتێك بدەین بەبا، شارەوانی لەبری پاككردنەوەی رێگاكان داوا لەهاووڵاتییان دەكات سەردانی ناوچەكانی شاخاوی نەكەن".
ئەندازیاری مەدەنی رێباز محەمەد بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "لە دونیادا ئەو ناوچانەی شاخاوی بەتایبەت كە بەفرێكی زۆریان لێدەبارێت بەچەندین شێوە سوودیان لێ وەردەگیرێت و دەكرێنە سەرچاوەی داهات و هۆكاری راكێشانی گەشتیاران بۆی، بەڵام لەهەرێمی كوردستان كەمترین سوود لەسێكتەری گەشتوگوزاری زستانە وەرگیراوە".
گوتیشی: "راستە حكوومەت گرنگییەكی ئەوتۆی بەم كەرتە داوە، لەگەڵ ئەوە كەرتی تایبەتیش كەمترین هەنگاوی لەم رووەوە ناوە، دەكرا بەباشترین شێوە سوود لەم سێكتەرە وەربگیرێت و بكرێتە سەرچاوە داهات بۆ هەرێم و ناوچەكە".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە سامان كەریم لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند "هەرچەندە ئێمە پلانی خۆمان بۆپەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزاری زستانە لەناوچەكە خستووەتە روو، بەڵام وەك پێویست وەڵام نەدراوینەتەوە و هێشتا هیچ هەنگاوێكی كردەیی لەبواری گەشتوگوزاری زستانەدا نەنراوە".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتیشی: "ئێمە پرۆژەی خلیسكێنەی سەربەفرمان لەسەر شاخی ئەحمەدئاوا پێشكەش كردووە، لەگەڵ ئەوەیش بیرۆكەی تەلەفریك لەچەند ناوچەیەكی شاخاوی وەك شنروێ و هەورامان هەیە، بەڵام نە حكوومەت توانیویەتی ئەو كارە بكات و نەكەرتی تایبەت و هیچ وەبەرهێنێك ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ ئەنجامدانیان".