تاران
جێگری سەركۆماری ئێران مەسعود سولتانیفەر گوتی: "لە داهاتوویەكی نزیكدا لە نێوان ئێران و توركیادا گەشتی هاوبەش ئەنجام دەدرێت و ئامانجمان ئەوەیە كە هەا ساڵی 2025 ژمارەی گەشتیارانی بیانی بگەینینە 20 ملیۆن و رێژەی داهاتیشمان بەلانی كەمەوە بگەیەنینە 30 ملیار دۆلار".
سولتانیفەر كە هاوكات سەرۆكی بەشی میراسی كولتووری، گەشتیاری و هونەرە دەستییەكانیشە لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لە تاراندا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی بیانی دایەوە و باسی ئامانجەكانی حكوومەتی لە بواری گەشتیاری و رەوشی گەشتیاری لە ئێران كرد.
سولتانیفەر گوتی: "ساڵی رابردوو داهاتی گەشتیاری لە جیهان 1500 ملیار دۆلار بووە و سەدا 0.5ی ئەو داهاتەیش هی ئێران بووە و ئەمەیش رێژەیەكی زۆر كەمە بۆ ئێران. لە رێزبەندی هاتنی گەشتیاری بیانیدا لە سەر ئاستی جیهانی ئێران لە رێزبەندی 46 دایە و لە رێزبەندی بواری داهاتی گەشتیاریشدا بە تایبەتی گەشتیاری بیانیدا ئێران لە رێزبەندی 33یەم دایە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە تا ساڵی 2025 نزیكەی 20 ملیۆن گەشتیاری بیانی بۆ ئێران رابكێشین و داهاتی كەرتی گەشتیاریش بگەینینە 30 ملیۆن دۆلار".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "هاوكاری و هەماهەنگی لە كەرتی گەشتیاریدا لە نێوان توركیا و ئێران یەك لەو بابەتە گرنگانە بووە كە لە دیداری نێوان بەرپرسانی توركیا و ئێراندا گفتوگۆی لەسەر كراوە و لەو بوارەدا سەرۆكانی هەردوو وڵاتیش ئیرادەی خۆیان بۆ پەرەپێدانی هاوكاری و هەماهەنگی نێوانیان پێشان داوە و پێشبینی ئەوە دەكرێت كە لە بورای دروست كردنی هۆتێل و كردنەوەی هۆتێلی ناودار لە ئێران و سازدانی گەشتی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا ئێران و توركیا پەرە بە هاوكاری و هەماهەنگی نێوانیان بدەن و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبینە شاهیدی هاوكاری و هەماهەنگی كەرتی تایبەتی هەردوولا لە بواری گەشتیارییدا".
جێگری سەركۆماری ئێران هەروەها گوتی: "رێژەی داهاتی توركیا لە كەرتی گەشتیاری جێگای سەرنجە و توركیا وڵاتێكە كە 25 تا 30 ساڵ پێش لە بواری گەشتیاریدا سەرمایەگوزاری كردووە و لەو چوارچێوەیەدا خاوەن ئەزموونێكی بەهێزە".
سولتانیفەر گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە كە خەڵكی توركیا زیاتر سەردانی ئێران بكات و لە بواری رێژەی گەشتیاری نێوان ئێران و توركیادا رێژەكە یەك لەسەر سێ بە سوودی توركیایە. رێژەی ئەو گەشتیارە بیانییانەی كە ساڵی رابردوو سەردانی ئێرانیان كردووە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر سەدا 96 زیادی كردووە بەڵام بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا و ئەورووپاوە كەرتی گەشتیاریش لە ئێران لاواز بووە. چونكە ئەو گەمارۆیانە بوونە هۆی ئەوەی كە هێڵی ئاسمانی ئێران رووبەرووی كێشەی جیاجیا ببێتەوە و لە بواری دابینكردنی پارچەی یەدەك بۆ بەشێك لە فڕۆكەكانمان كە دەرفتەتی گەشتیان پێ نادرێت رووبەڕووی كێشە و گرفت بوونەوە و رێگری لە كڕینی فڕۆكەی نوێ لەلایەن ئێرانەوە كرا بۆیە ئەمڕۆ هێڵەکانی ئاسمانی وڵاتانی جیهانی گەشتی راستەوخۆیان بۆ تاران نییە".
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی: "بەهۆی گەمارۆكانەوە سەرمایەگوزارەکانی بیانیش لە ئێران سەرمایەگوزارییان نەكرد و ئەگەر بێت و ئەو گەمارۆیانە هەڵبوەشێنرێنەوە ئەوە سەرمایەی بیانیی بۆ سەرمایەگوزاری كردنی لە كەرتی هۆتێلسازیدا ئامادەی سەرمایەگوزارییە لە ئێران".