Sayim Harmancı
23 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2023
هه‌كاری - AA
هەنگەوانان دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستیان به وەرزی مانەوە كردووه لە ناوچە شاخاوییەکانی هەکاری کە بە رووەکی جۆراوجۆر دەوڵەمەندەکە، له‌دوای بارانه‌كانی ئه‌م دواییه، چاوەڕوانی ئه‌وه‌ن بەرهەمه‌كانیان زۆربێت.
له هه‌كاری كه بەپشتیوانیی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستان له پارێزگا، كاری هەنگەوانی ساڵ له‌دوای ساڵ لە زیادبووندایە، له‌گه‌ڵ گەرمبوونی کەشوهەوادا كاره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی هەنگوینی ئه‌ندامیی له گوڵ له‌لایه‌ن هه‌نگه‌وانانه‌وه، دەستیپێکردووە.
هەنگەوانان کە زۆرینه‌ی رۆژه‌كه‌یان بە شیردان و پاککردنەوەی پورهكان و دانان و گواستنەوەی شانەكان بەسەر دەبەن، پێشبینی دەکەن بارانبارینی ئه‌م ماوه‌یه‌ی رابردوو، به‌ره‌كه‌ت بخاته به‌رهه‌می هه‌نگوینیان و زیادی بكات.
هه‌نگه‌وانان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمادا، له‌چاوه‌ڕوانیدا ده‌بن بۆ ئەوەی هەنگەکانیان به‌رنه كوێستانه به‌رزه‌كان کە هەمەجۆریی رووەکەکان به‌ناوبانگن.
- "چاوەڕوانی ٢٠-٢٥ کیلۆ هەنگوین دەکەین بۆ هەر پوره‌یه‌ك"
سەرۆکی یه‌كێتیی هەنگەوانان، فازڵ دورموش له لێدوانێكدا له‌و باره‌یه‌وه بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، پارساڵ بەهۆی کەمی بارانبارینه‌وه، بەرهەمی هەنگوین لە ئاستی پێویستدا نەبوو.
فازڵ دورموش وێڕای ئاماژە بەوەی کە ساڵانە نزیکەی ٢٠٠ هەنگەوان لە پارێزگاکانی وەک ئۆردو، ئادانا، گیرەسون و هاتایەوە دێنە ناوچه‌كه‌یان، گوتیشی: "پارساڵ نزیکەی ١٠ کیلۆ هەنگوین له هەر پوره‌یه‌ك هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه، ئەمساڵ باران زۆر باشه، پێشبینی دەکەین ٢٠-٢٥ کیلۆ هەنگوین لە هەر پورهیهكدا هەبێت. نزیکەی هه‌زار و ٥٠٠ هەنگەوان لە ناوچه‌كه‌مان هەن. هەزار هەنگەوانێکانمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگاکانەوە پشتیوانیی كران. ناوچه‌كه‌مان به رووەک دەوڵەمەندە و چەندین جۆری تێدایە. هەنگوینی هەکاری ماوه‌ی چەندین سەدەیه جێگه‌ی بایه‌خه. تەنانەت لە سەردەمی عوسمانیشدا، هەنگوین لێرەوە بۆ كۆشك دەنێردرا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خواست لەسەر هەنگوینەکەمان هەیە. تێکڕا هه‌زار و ٥٠٠ تۆن هەنگوین لە ناوچەکەماندا به‌رهه‌مدێت، هیوای وەرزێکی پڕبه‌رهه‌م بۆ هەموو هەنگەوانەکانمان دەخوازم".
یەکێک لەو هەنگەوانانەی کە پوره‌كانی لە گوندی گونده‌ش سەر بە شارۆچكه‌ی چوکورجا داناوه و ناوی ئەکره‌م کوتڵوک-ه، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ده‌ستیان به‌كاره‌كانیان بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌نگوین كردووه و سه‌رگه‌رمی چاککردنەوە و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پورهكانن.
ئەکره‌م کوتڵوک باسی له‌وه‌كرد دەیان جۆری رووەکی تایبه‌ت لە ناوچە گوندنشینەکانی شارەکەدا هەن. هه‌ربۆیه چێژ و تامی ئەو هەنگوینەی کە بەرهەمی دەهێنن زیاتره، گوتیشی: "شەکر نادەین بە هەنگەکان. گوڵەکانمان جیاوازن. هەنگوینی ئه‌ندامی بەرهەم دەهێنین. هەنگوینی گوڵی هەکاری بەناوبانگە. هه‌نگوین بۆ هه‌ریه‌ك له ئیستانبوڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە و وان ده‌نێرین. لە زۆر شوێنەوە داوای هەنگوین ده‌كه‌ن. خواست له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگوینه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنین زۆره. ئه‌مساڵ چاوەڕوانی بەرهەمی باش دەکەین. ئه‌مساڵ به‌فر و بارانی چاك باری. هەنگەوانهكانی دیکەش دەستیان بە کارکردن کردووە. هەنگەوان زۆرن لە ناوچەکەدا. كاری به‌خێوكردنی هه‌نگ ساڵانە زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه دەچێت".
- "هەنگەوان هەیە لە ئۆردو و گیرەسونهوه هاتووه"
هه‌نگه‌وان، عەدنان یغیت وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی ماوەی ١٣ ساڵە كاری هەنگەوانی دەکات و جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، ئەوان پشكنینی بەهارهیان بۆ هەنگەکان كردووه و بە ده‌رمان هەنگە لاوازەکان به‌هێز ده‌كه‌نه‌وه.
عەدنان یغیت تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا کۆتایی مانگی ئایار لە گونده‌كاندا له هه‌كاری دەمێننەوە و دواتر پورهكان دەبەن بۆ ناوچەیەکی دیکە ده‌گوازنه‌وه، گوتیشی: "هەنگەوانان لە هەموو شوێنەکەوە دێنه ئێره. ناوچەیەکی بەپیت و به‌رهه‌مه. جۆری جیاوازی رووه‌ك لێره بوونیان هەیە. رووەکی سه‌ر بەرد بەهای هەنگوین زیاد دەکات، بۆیە هەنگوینەکەمان نایابه. هەنگەوان هەیە لە ئۆردو و گیرەسونهوه هاتووه. ئێمه و ئەوانیش ماوەی نزیکەی شه‌ش مانگ لێرە کات لەگەڵ هه‌نگه‌كان بەسەر دەبەین. پشت به‌خوا بەرهەمی ئەمساڵ باش ده‌بێت. هەزاران پوره لە ناوچەکەدا دانراون. ئێمە لەو خێوهتهدا ده‌مێنینه‌وه كه هه‌ڵمانداوه. وەک هه‌ر پیشه‌یه‌كی دیكه، كاری هەنگەوانیش لایەنی پڕ ئاسته‌نگ و زه‌حمه‌تی خۆی هەیە، بەڵام کارێکی چێژبەخشە. هەنگوینی گۆزه‌ش بەرهەم دەهێنین".
هاوكات نه‌وزاد كوتڵوك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، تا دێت ژمارەی هەنگەوانە ناوخۆییەکان زیاد ده‌كات و گوتی: "من لە وانەوە هاتووم. لێره جۆرەکانی گوڵ زۆر زۆرن. هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی هەنگوین لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێدەکات. هه‌نگوینی شانە، هەنگوینی گۆزه و هه‌نگوینی پاڵفته به‌رهه‌م ده‌هێنین".