Hemin Hüseyin
24 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2016
بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجی و رێکخستنەوەی داهات و میلاکات، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وۆرکشۆپێکی ئەنجام دا و وەزیری گەشتوگوزاریش ئاماژە بەوە دەکات کە بەراورد بە ساڵی پار بڕی 100 ملیۆن دینارییان لە خەرجییەکان کەمکردووەتەوە و هاوکات رایدەگەیەنێت کە لەماوەی هەفتەی داهاتوودا بەرنامەکەیان دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و ئاشکراشی دەکات کە دەیانەوێت لە رێگای داهاتەوە خۆیان بەڕێوەببەن و پێویستیان بە بوودجەی حکوومەت نەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، نەورۆز مەولوود لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی چاکسازی راگەیاند، ئێمەش وەکو وەزارەت هەندێک هەنگاومان نا وەکو رێکخستنەوەی میلاکات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی داهات، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیایەکی بیانی هاوکارمان بوو لە دانانی ئەو بەرنامەیە کە ماوەی 10 هەفتەی خایاند".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزار، دوای تەواوبوونی بەرنامەکەی، پێویستی بە وەرگرتنی بۆچوونی کەسانی شارەزا هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە وۆڕکشۆپێکدا ئامادەکارییەکانی ئەو بەرنامەیە تاوتوێ دەکەن و لەوبارەیەوە نەورۆز مەولوود گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجامدانی وۆرکشۆپێکی ئامادەکارییە بۆ خۆ ئامادەکردن و خۆ رێکخستنەوە لە بواری میلاکات و هەیکەلیەت و خەرجییەکان و داهاتەکان و یاسا و رێنماییەکان بەتایبەت ئەوانەی کە پێچەوانەیە لەگەڵ شوێنەکانی دیکە، بۆیە ئەمانە هەمووی پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە و هەفتەی داهاتووش دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەکەمان دەکەین".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی وایە دەبێت شارەوانی پشت بە داهاتی خۆی ببەستێت بۆ خۆبەڕێوەبردن و ئاماژە بەوەش دەکات لە هەموو دونیادا شارەوانی داهات دەدات بە حکوومەت و پێویستی بە هیچ داهاتێک نییە و لەوبارەیەوە گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە، بۆخۆمان خۆمان بەخێو بکەین، چونکە لە هەموو دونیادا شارەوانی خۆی بەخێودەکات و داهاتیش دەدات بە حکوومەت بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین بە پێچەوانەوەیە و دەمانەوێت رێکیبخەین".
نەورۆز مەولوود ئاشکرای دەکات لەماوەی رابردوودا توانیوویانە خەرجییەکان کەم بکەنەوە بەڵام هێشتا پێویستییان بەوە هەیە ئەو بابەتە قووڵتر بکەنەوە و گوتی: "ئێمە هەنگاومان ناوە و بەپێی توانای خۆمان توانیوومانە خەرجییەکان کەم بکەینەوە و داهات رێکخبەین بەڵام پێویستمان بەوە هەیە هێشتا ئەو بابەتە قووڵتر بکەینەو و رۆڵی وەزارەت چاودێری بێت و بتوانین بەردەوامی هەبێت و نەکەوینە ژێر هەڕەشەی نەبوونی بوودجە و خۆمان خاوەنی داهاتی خۆمان بین".
بەپێی قسەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، داهاتەکانی ئەو وەزارەتە زۆر زیادی کردووە بەڵام لەسەر حسابی ئەو کەسانەی کە سوود لە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی وەردەگرن لە بەرامبەر ئەوەشدا خەرجییەکانییان بە بەراورد لەگەڵی ساڵی پار کەمی کردووە و سەبارەت بەم بابەتەش نەورۆز مەولوود گوتی: "بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، داهاتەکانمان زۆر زیادی کردووە بەڵام لەسەر حسابی خەڵکی هەژارنا، بەڵکو لەسەرحسابی ئەو کەسانەیە کە سوود لە زەوییەکان و خزمەتگوزارییەکانمان وەردەگرن. لە هەمانکاتدا خەرجییەکانیشمان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، بڕی 100 ملیار دینارمان کەمکردووەتەوە، بێگومان ئەوەش هەنگاوێکی سەرکەوتووە".
رۆژی 27 /1 / 2016 بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی ھەرێمی کوردستان و پسپۆڕانی ناوخۆ و بیانی بواری ئابووری و دارایی و دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەولێر، لە ھۆڵی شەھید سەعد عەبدوڵڵا، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، رێوڕەسمی راگەیاندنی پلانی چاکسازی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.