Arbil
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند کە پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، کردووە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان ھۆکارنین لە دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم.
وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانێکی بریکاری وەزارەتەکە، رێباز حەملان لەبارەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی ڕوونکردنەوەكەدا، ھاتووە: "ئێمە پیشەییانە مامەڵەمان لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کردووە، ھەمان مامەڵەش لەگەڵ وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵییدا و پارێزگاکانی دیکە دەکەین".
ڕاشیگەیاندووە: "وەزارتی دارایی عێراق، ھیچ پەیوەندی بە دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەرکراوە، ھەرێمی کوردستانیش تا ئێستا ھیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە".
باسی لەوەش کردووە: "ھۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵیی تیمێکی خۆی کە لە بەشەکانی ژمێریاری، بوودجە و خانەنشینی پێکھاتووە زیاتر لە ١٠ رۆژ کاریان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کردووە، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی کە رەوانەی خانەنشینی کراون و ھەژمارکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی ھەموارکراو ژمارە ٢٦ بۆ ساڵی ٢٠١٩، ھەروەھا ھەژمارکردنی بڕی زیادەی ١٠٠ ھەزار دینار بۆ خانەنشینان و پاداشتی کۆتایی خزمەت، ھەروەھا لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە و ژمارەیان زیاتر لە ٢٩ ھەزار فەرمانبەرە، ئەمە جگە لەوەی ھێزێکی پێشمەرگە کە بەشێکن لە ھێزی وشکانیی فیدڕاڵیی، دەرکەوتووە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مووچەکانیان لە پشکی ھەرێم دەدات و بەم ھۆیەشەوە کورتھێنان لە مووچە دروست بووە، لە کاتێکدا دەبێت ئەو ھێزە، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی فیدڕاڵییەوە مووچەیان پێ بدرێت، چونکە پارەی تەرخانکراو بۆیان و میلاکیان زیاتر لە دوو ساڵە بەستراوەتەوە بە بە وەزارەتی بەرگریی فیدڕاڵیی".
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: "ئێمە ھۆکارنین لە دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم".
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ناوی ئەو کەسانەمان بۆ ئاشکرا بکات کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و یاساکانی ھەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە، ھەروەھا کۆپییەکی ئەو یاسایانەشمان ڕادەست بکات، بۆئەوەی ناویان لە لیستی مووچەی مانگانەدا دوورنەخرێتەوە بە ھۆکاری دووبارەبوونەوەیان، کاتێک مانگانە بڕین و وردبینیی لە ناوەکان دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشداوە کە پرسی بەجێکردن (تەوتین)، پرسێکی بنەڕەتییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی و نەک پشتبەستن بە لیستی کاخەز، ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی ناردنی مووچە مانگانە لەکاتی خۆیدا، وەزارەتی دارایی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە حکوومەتی ھەرێم بەرپرسیارە لە دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پێداچوونەوەی مانگانە بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ تائێستا تەواو نەبووە بەھۆی بە ھەڵە ناردنی لیستی ناوی مووچەخۆران، ھەروەھا فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری سەربە وەزارەتی دارایی فیدراڵیی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دارایی ھەرێم کار دەکەن بۆ راستکردنەوەی لیستەکە، چونکە مەرجی دارایی ھەر مانگێک پێویستی بەوەیە بەشی ژمێریاری لەگەڵ تەرازووی مانگانەی مانگی پێشوو دابین بکرێت".
ڕاشیگەیاندووە: "وەزارەتەکەمان بەردەوامە لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی کانوونی دووەم، چونکە ھێشتا مانگەکە کۆتایی نەھاتووە."
دوێنێ سێشەممە بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، ڕێباز حەملان لە میانی دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندبوو کە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم زۆر دواکەوتوە.