Buket Güven,Ertuğrul Subaşı
18 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2021
ئەنقەرە - AA
پەرلەمانی تورکیا، پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٢ و پڕۆژەیاسای ٢٠٢٠ی ھەژماری سیستمی ناوەندیی، پەسەند کرد.
لە میانەی دانیشتنەکەی پەرلەماندا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپە، ئەنگین ئۆزکۆچ کۆتا لێدوانی لەسەر بوودجە دا و ئەو رێژانەی وەبیرھێنایەوە کە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، مستەفا ئەلیتاش خستبوونییە ڕوو، گوتیشی: "لە شارۆچکەکەی ئێمە ھەڤاڵێکی سەر بە ئاک پارتی ھاتبوو دەیگوت 'دەنگەکانمان بە رێژەی سەدا ١٠٠ زیادی کردوە' کاتێک لێم پرسی 'چەند دەنگتان ھەبوو؟' گوتی 'یەک دەنگمان ھەبوو' واتە دەنگەکانیان سەدا ١٠٠ زیادی کردوە و بووە بە دوو دەنگ. ھەربۆیە ئەم رێژانە ھەموو کاتێک ژمارە راستەقینەکانی بواری ئابووری نیشان نادەن".
ئۆزکۆچ، رەخنەشی لە کەرتی ھەناردە کردن، گرت و رایگەیاند "بۆ بەرھەمھێنانی سەدا ٧٠ی ئەو بەرھەمانەی ھەناردەیان دەکەن، لە دەرەوەی وڵاتەوە کەل و پەل ھاوردە دەکەن. ساڵێک بەر لە ئێستا کاتێک پەرلەمانتاری جەھەپە، ئەنگین ئاتاڵای گوتی 'خەڵک موحتاجی نانی وشکە' لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکی ئاک پارتی گوتی 'ئێ باشە ئەگەر نانی وشک بخۆن برسییان نابێت'. ئێستاش دەڵێن 'بەڕێژەی سەدا ٥٠ کەمترین مووچەمان زیاد کردوە و شتی وا لە مێژوودا ھاوشێوەی نەبووە'. منیش بە ئێوە دەڵێم لە ساڵی ١٩٩٥دا بەڕێژەی سەدا ٩٩، لە ١٩٩٦دا بە رێژەی سەدا ١٠٢، لە ١٩٩٧دا بە رێژەی سەدا ١٩٩، لە ١٩٩٨دا بە رێژەی ٤٧، لە ١٩٩٩دا بە رێژەی ١٠٣ کەمترین مووچە زیاد کراوە. ئایا ھیچ تەماشای ئەو ژمارانە ناکەن؟"
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپە، ھۆکاری قەیرانی ئابووری تورکیای بۆ نەبوونی متمانە بە دەسەڵات، گەڕاندەوە و رەخنەی ئەوەشی لە وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو، گرت کە ئەو کۆمەک و ھاوکارییانەی بۆ خێزانی شەھیدانی ١٥ی تەمووز کۆکراونەتەوە، نەدراونەتە ئەو خیزانانە.
لە وەڵامی ئەم تۆمەتەشدا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، بولەنت توران ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە سۆیلو چەند رۆژێک بەر لە ئێستا وەڵامی ئەم پڕوپاگەندانەی داوەتەوە و رایگەیاند "بەڵگەمان نیشاندان، ھەموو شتێکمان سەلماند و روونمان کردەوە. ئێمە دەتوانین قسە بۆ ئەوانە بکەین کە بابەتەکەیان نەبیستووە یان تێنەگەیشتوون لێی بەڵام لەگەڵ کەسانێکدا کە دڵیان بە رق و کینە رەش بووەتەوە ھیچ قسەیەکمان نییە بیکەین".
توران، جەختی لەوەش کردەوە کە ھاوار کردنی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ئەوان ناکاتە خاوەنی ماف، گوتیشی: "دەبینن ئەم ھاوپەیمانییەی کە بوودجەی ٢٠ ساڵی رابردووی دانەوە، بوودجەی ساڵی ٢١مینیش دادەنێت".
دواتر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٢ و پڕۆژەیاسای ٢٠٢٠ی ھەژماری سیستمی ناوەندیی، پەسەند کران.