هه‌ولێر
لیژنه‌ی كاروباری دارایی و ئابووری له په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌خت ده‌كاته‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێم 16 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی ناردووه كه نزیكه‌ی 800 ملیۆن دۆلار ده‌كات به‌ڵام حكوومه‌تی ناوه‌ند 500 ملیۆن دۆلاری ناردووه بۆ هه‌رێم، سێ سه‌د ملیۆن دۆلاری ماوه، ئه‌وه‌ش به‌لای هه‌رێمه‌وه به‌غدا پابه‌ندی رێكکه‌وتنی نێوانیان نه‌بووه.
ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له په‌رله‌مانی كوردستان، دكتۆره شیرین حوسنی بۆ ئانادۆڵو رایگه‌یاند "پرسیارمان له جه‌نابی وه‌زیری دارایی هه‌رێمی كوردستان كردووه، سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌پاره‌یه كه ره‌وانه كراوه له به‌غداوه، ئه‌و بڕه‌ش كه حكوومه‌تی عێراق نه‌یناردووه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تووشی شۆك کردووه. پێشتر به‌نرخی نه‌وت پاره‌كه‌یان ده‌نارد به‌ڵام بۆ مانگی نیسان پاره‌كه به نرخی نه‌وت نه‌بووه زیاتر كه‌می كردووه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره، گوتیشی: "ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری خۆی بدات، كاتی ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان، سه‌ربه‌خۆی ئابووری رابگه‌یه‌نێت چونكه ئێستا به‌غدا وه‌كو كۆمپانیایه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌وتی خۆی بفرۆشێت زیاتر قازانج ده‌كات چونكه ئێمه هاتووین داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ده‌ینه به‌غدا كه‌چی ئه‌وان به‌شه بوودجه‌ی سیادی لێ ده‌رده‌هێنن و رێژه‌یه‌كی كه‌می ده‌ده‌نه هه‌رێم باشتره خۆمان نه‌وتی خۆمان بفرۆشین زیاتریش قازانج ده‌كه‌ین".
رۆژی چوار شه‌ممه نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی حكوومه‌ت نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی پرسی كێشه‌ی نه‌وت و داهاتی له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
دكتۆره شیرین، ده‌ڵێت: "ئه‌م پرسه پێویستی به روونكردنه‌وه هه‌یه بزانین بۆچی به‌غدا له‌دوای چوار مانگ رێكکه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، نه‌یتوانیوه به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆ یه‌ك مانگی ته‌واو ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له په‌رله‌مانی كوردستان، پێشنیاری خۆی هه‌یه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر هات و به‌غدا به‌رده‌وام بوو له‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌تایبه‌تی له قۆناغی ئێستا كه سه‌رۆكوه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاندوه، بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، سه‌دا 35ی ببڕدرێت ئه‌مه جێگای پرسیاره. ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی خۆی هه‌بێت".
سه‌باره‌ت به راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی ئابووری له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه، شیرین حوسنی، باسی له‌وه كرد هەتا ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی نیشان نه‌داوه كه هه‌رێم سه‌ربه‌خۆی ئابووری رابگه‌یه‌نێت به‌ڵام ئێمه وه‌كو لیژنه‌ی دارایی ئه‌وه‌مان به‌لاوه گرنگه چونكه داهاتی نه‌وتمان هه‌یه هه‌روه‌ها حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش متمانه‌ی هه‌یه. هه‌رێم خاڵی سنووری باشی هه‌یه ئه‌گه‌ر بێت و سیسته‌می باجیش رێك بخات له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می تری ناوخۆ داهاته‌كه‌ی زۆر له‌و پاره‌ی كه له به‌غداوه دێت زیاتره".
ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه متمانه‌یان به به‌غدا نه‌ماوه و ده‌ڵێت: "حكوومه‌تی هه‌رێم دوو بژارده‌ی له به‌رده‌م دایه پێداچوونه‌وه به رێكه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به یاساش ئه‌وه باس كراوه، هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ند نه‌بێ به‌و رێکكه‌وتنه به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌توانێت نه‌وت یان پاره رابگرێت ئێستا به‌غدا به‌و رێكکه‌وتنه رازی نه‌بووه، حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت نه‌وتی خۆی رابگرێت چونكه به‌غدا چوار مانگه نه‌یتوانیوه به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم بەته‌واوی ره‌وانه بكات".
ناوبراو هه‌روه‌ها لە کۆتاییدا گوتیشی: "خاڵێكی تر هه‌یه هه‌رێم و به‌غدا رێكکه‌وتنێكی تر واژۆ بكه‌ن به‌ڵام ئه‌م بژارده بۆ كوردستان قورسه هاووڵاتییانی هه‌رێم توانای ئه‌و قه‌یرانه ئابووریه‌یان نه‌ماوه، پرۆژه‌كان راوه‌ستاون، بێ مووچه‌ی و خراپی باری ئابوری رووی له هه‌رێم كردووه بۆیه باشترین رێگا سه‌ربه‌خۆی ئابووریه".
news_share_descriptionsubscription_contact



