Sarmand Hameed
23 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2022
نیویۆرک - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، رێککەوتنی ئیستانبوڵ بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە کە بە نێوەندگیریی تورکیا و سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان واژوو کراوە "هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی".
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی گرووپی "MIKTA" کە هەریەک لە تورکیا، مەکسیک، ئیندۆنیزیا، کۆریای باشوور و ئوسترالیا لەخۆدەگرێت، و لە ماڵی تورکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، گوتەیەکی پێشکەش کرد.
چاوشئۆغڵو گوتی: "رێککەوتنی ئیستانبوڵ بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە کە بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان واژوو کرا، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی، لەگەڵ واژووکردنی، رێککەوتنەکە بووە مایەی رەزامەندی جیهان".
وهزیری دهرهوهی توركیا ئاماژەی بەوەشکرد کە بەپێی داتاکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەکانی نرخی خۆراک بە رێژەی لە سەدا ٩ دابەزیوە ئەمەش گەورەترین دابەزینە له ساڵی ٢٠٠٨ەوە تۆمارکرابێت.
مهولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند: "بێگومان ئهمه بهس نییه بۆ زاڵبوون بهسهر نەبوونی ئاسایشی خۆراک، پێویستمان به بههێزكردنی تەواوکاریی لەنێوان كشتوكاڵ و كهرتهكانی كۆمهڵایهتیدا ههیه".
لەبارەی ئەو هاوبەشییانەی کە گرووپی "MIKTA" لە قەیرانە جیهانییەکاندا دەتوانێت ئەنجامی بدات، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "لە کاتی ئێستادا دەتوانین شتێک بۆ پاکستان بکەین، ئێمە وەک تورکیا پێنجەمین کاروانی هاوکاری مرۆییمان ناردووە، ئەوان پێویستیان بە خێوهت هەیە".
گوتیشی: "وەک "MIKTA" دەتوانین خێوهت بۆ ئەو کەسانە بنێرین کە بەهۆی لافاوەکانی پاکستانەوە دەربەدەر بوون، هەروەها دەتوانین یارمەتی گەشەپێدان بۆ وڵاتە جیاوازەکان بنێرین".
جێی ئاماژەیە، گرووپی "MIKTA" لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٣دا بە ئامانجی دروستکردنی سەکۆیەکی نافەرمی بۆ هەماهەنگی و راوێژکاری لە نێوان تورکیا، مەکسیک، ئیندۆنیزیا، کۆریای باشوور و ئوسترالیادا، دامەزراوە.