Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
سلێمانی ـ AA
پڕۆژەكە بریتییە لە كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشین و ریسایكلینی خۆڵ و خاشاك لە سنوورێكی بەرفراوانی زۆنی دوكان- چەمچەماڵ (دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی) و بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و كۆمپانیای شكار جێبەجێ دەكرێت.
پڕۆژەكە بە بڕی زیاتر لە 41 ملیار دینار ئەنجام دەدرێت، بەرپرسانی پڕۆژەكەش بە گەورەترین پڕۆژەی پاككردنەوە ئەژماری دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن بە تازەترین شێوازی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك ئەنجام دەدرێت و چەند كارگەیەكی گەورەی بواری ریسایكلینی لەگەڵدایە.
پڕۆژەكە كارگەی ریسایكلین لەخۆ دەگرێت، نزیكەی 500 تۆن خۆڵ و خاشاك لە رۆژێكدا چارەسەر دەكات و بۆ یەكەمجارە لە سنووری پارێزگای سلێمانی پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە دادەنرێت، هەروەها زیاتر لە 700 هەلی كار دابین دەكات.
قایمقامی چەمچەماڵ، رەمك رەمەزان لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە گوتی: "ئەم پڕۆژەیە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئەم دوو قەزایە و تائێستا پڕۆژەی وا گەورە و كاریگەر بۆ ناوچەكە نەبووە، چونكە مرۆڤی دروست و لەشساغ لە ژینگەیەكی پاكو خاوێن دەژی و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات".
قایمقامی چەمچەماڵ داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، چاودێری وردی پڕۆژەكە بكەن و سوود لە ئەزموونی شارەكانی تر وەربگیرێت.
لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی، بەهائەددین ئیبراهیم گوتی: "پڕۆژەكە لەسەر بوودجەی حكوومەت ئەنجام دەدرێت و گەورەترین پڕۆژەی وەزارەتی شارەوانییە کە لەم قەیرانی داراییەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت، ئەم دوو زۆنەش كە پڕۆژەكەی تیادا ئەنجام دەدرێت كێشەی گەورەی خۆڵ و خاشاكیان هەبووە".
پڕۆژەكە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و بڕیارە لە ماوەی 36 مانگدا ئەنجام بدرێت، پڕۆژەكە 21 شارەوانی زۆنی چەمچەماڵ و دوكان لە خۆ دەگرێت و نزیكەی 400 هەزار كەس لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن.