Zana Natık Kerem
23 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2026
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ھەرێمیی، بەردەوامن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن لە پەراوێزی ٨١مین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی کۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران، ھەروەھا پێشھاتەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی کراوە و لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گفتوگۆکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ھەرێمیی، بەردەوامن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی باسی لەو دانوستانە ناڕاستەوخۆیە کردووە کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی گەرووی ھورمز ئەنجامدراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان فوئاد حوسێن و عەباس عەراقچی، ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە تاوتوێکراوە کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەنێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو، عێراق، ئوردن، سووریا، لوبنان و میسر و تورکیا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە ئەنجامدراوە.