Sangar Hamad Azeez
06 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
دادگایەکی فیدڕاڵی ئەمریکی، بەهۆی رووداوی دزە کردنی نەوت و ئاگربەربوونی کانە نەوتێک لە ساڵی ٢٠١٠ لە کەنداوی مەکسیک، کۆمپانیای 'بریتیش پێترۆلیۆم'ی، بە ٢٠ ملیار دۆلار سزا دا.
بەگوێرەی ئەو داوایەی کە لەلایەن دادوەر کارل باربیەر لە دادگای فیدراڵی نیو ئۆرلیئانس قبووڵ کرا، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی رووداوی دزە کردنی نەوت و ئاگر تێبەربوونی کانە نەوتێک بەریان کەوت، کۆمپانیای 'بریتیش پێترۆلیۆم' لە ماوەی ١٦ ساڵی داهاتوودا دەبێت ٢٠ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی پێنج ویلایەتی ئەمریکا بکاتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەو بڕە پارە قەرەبووە زۆرترین بڕە لە مێژووی ئەمریکا کە لە یەک دەزگا وەک قەرەبوو وەریبگرێت.
جێگای ئاماژەیە ئەو رووداوە گەورەترین کارەساتە کە رووبەڕووی ئەمریکا بووبێتەوە لە مێژووی خۆی و بەهۆیەوە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تاوەکو ئێستا قەرەبووی شوێنکار و شوێنی نیشتەجێی ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە لە رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
لە روونکردنەوەیەکدا پارساڵ کۆمپانیای 'بریتیش پێترۆلیۆم' رایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت بەهۆی رووداوەکەوە نزیکەی ٥٣ ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بدرێتە ئەو کەس و لایەنانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.
لە ساڵی ٢٠١٠دا کانە نەوتێک لە کەنداوی مەکسیک ئاگری تێبەربوو و بەهۆیەوە ١١ کرێکار گیانیان لەدەست دا هەروەها ماوەی سێ مانگیش نەوت لە کانە نەوتەکەوە دزەی کردە دەرەوە و ناوچەکەی پیس کرد.