Muhammet Ali Kemal
09 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
وەزیری گەشەپێدانی تورکیا جەودەت یڵماز رایگەیاند: ''بە دڵخۆشییەوە ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە؛ سێ یەکی ئەو بازرگانییەی ساڵی رابردوو لەگەڵ ئێران هەمانبووە، لە رێگەی دراوی نیشتمانییەوە ئەنجامدراوە. بەرەوپێشچوونێکی زۆر گرنگ تۆمارکراوە. بڕیارمانداوە لە قۆناغی داهاتوودا پێکەوە هەوڵی هاوبەشەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کە ئەو رێژەیە زیاتریش بەرزبکەینەوە''.
یڵماز لە گوتارێکیدا کە لە ٢٥ەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابووری ئێران-تورکیادا پێشکەشیکرد، ئاماژەی بەوەکرد کە کۆبوونەوەکە ئێجگار بەسوود بووە و جەختی لەوەکردەوە لە زۆرێک لە بوارەکاندا و لەسەروو هەمووشیانەوە لە بواری سیستمی بانکدا رێگای زۆریان بڕیوە و هەموو ئەو رێککەوتنانەشی کە کراون دوای ئەوەی ئەمڕۆ پرۆتۆکۆڵەکانی ئیمزا دەکرێت، چوارچێوەیەکی فەرمی وەردەگرن.
جەودەت یڵماز باسی لەوەکرد ئێران و تورکیا دوو وڵاتن کە پەیوەندییەکی قووڵی مێژوویی لەنێوانیاندایە و دوو وڵاتی ئێجگار گرنگن، گوتیشی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەو دووڵاتە جگە لە خودی پەیوەندییەکان مانای گەورەیان هەیە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکاندا خۆشگوزەرانی لە هەموو ناوچەکە زیاددەکات.
وەزیری گەشەپێدانی تورکیا راشیگەیاند: ''خۆشگوزەرانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی توندوتۆڵ بەستراوەتەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێرانەوە. ئەو دوو وڵاتە تەواوکەری یەکترن. ئێران دەروازەی ئێمەیە بەرەو خۆرهەڵات و ئێمە دەروازەی ئەوانین بەرووی خۆرئاوادا. تورکیا لەرێگەی ئێرانەوە دەگاتە ئاسیای ناوەڕاست و ئەوانیش لەرێگەی ئێمەوە دەگەنە ئەورووپا. لەهەر کوێیەکەوە تەماشای بکەیت، پەیوەندییەکان تەواوکەرن''.
-''بڕیارمان لەسەر ئەوەداوە ٣٠ بەرهەمی نوێ لەلایەن هەردوولاوە بخەینە نێو رێککەوتنەکەوە''
یڵماز ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لەسەردانەکەیاندا بۆ ئێران لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، ئەم رێککەوتنە ئیمزا کراوە و گوتی: ''بەرەوپێشچوونی زۆر گرنگمان بینی. ئێمە خوازیارین ئەو رێککەوتنە بەشێوەیەکی زۆر کاریگەرتر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیشەڵڵا لە قۆناغی داهاتوودا ئەوە دەبینین. بەڵام پێمان وایە ژمارەی بەرهەمەکان لە ئاستی پێویستدا نییە، هەردوولا رێککەوتووین لەسەر ئەوەی ژمارەی بەرهەمەکان زیادبکەین، لەیەکەم رێککەوتنماندا بڕیارمان لەسەر ئەوەداوە ٣٠ بەرهەمی نوێ لەلایەن هەردوولاوە بخەینە نێو رێککەوتنەکەوە. ئەمەش ئیشەڵڵا لەمساڵدا دانوستانەکانی تەواو دەبێت و ئیمزا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەدا جیهانی کارمان دەرفەتی بازرگانیکردنی ئاسانتری لەبەردەمدا دەبێت''.