Heman Hussein Yaseen
21 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ژمارەیەک لە ھێزەکانی ئەمریکا کە لە سووریا کشاونەتەوە، بەشێکیان بەرەو مووسڵ و ئەنبار بەڕێکەوتن و بەشێکیشیان گەیشتنە هەولێر و بەرە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەن.
کاروانەکەی هێزە سەربازییەکەی ئەمریکا، نزیکەی ٤٠ ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر دەبن کە سەربازیی و مەدەنین و چەند بارهەڵگرێکیش لەناو کاروانەکەدا هەیە.
دوای بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە باکووری سووریا، ژمارەیەکی زۆر ھێزی ئەمریکا روویان لە عێراق کرد، ژمارەیەکیان گەیشتنە هەولێر و ژمارەیەکیشیان بەرەو پارێزگاکانی مووسڵ و ئەنبار رۆیشتوون.
ھاوکات لەگەڵ پڕۆسەی کشانەوەکە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و کۆپتەرێکی ئەو ھێزانە لە ئاسمانەوە، چاودێری دۆخەکە دەکەن.
پێشتریش وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، مارک ئەسپەر رایگەیاندبوو ئەم ھێزانەی كه لە سووریا دەگەڕێنەوە لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار باشووری عێراق جێگیر دەکرێن.