Hemin Hüseyin
29 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2018
ههولێر-AA
بهڕێوهبهری ئاسایشی ههولێر له كۆنگرهیهكی رۆژنامهونییدا بكوژانی بهڕێوهبهری گشتی کارگێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستانی راگهیاند كه پێش چهند رۆژێك پێش ئێستا له شاری ههولێر كوژرا.
بهڕێوهبهری ئاسایشی ههولێر، تاریق نووری له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانییدا گوتی: "دوای رووداوی کوشتنی بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، فارس محەمەد سادق، تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی پیشەییانە کرد و، دوای پشکنینی وێنەی کامێراکانی چاودێری، لە ئەنجامدا تاوانکاران دەستنیشان کران و، دەرکەوت كه رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی تهواوه".
تاریق نووری گوتیشی: "ریشەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ بریندارکردنی كهسێك به ناوی سوپا ساڵح كه برازای فارس محەمەد سادق بووه لە لایەن كهسێك بهناوی بەرزی غازی باشتەپەیی لە رێکەوتی ٥/١٢/٢٠١٧ و سێ رۆژ دواتر سوپا بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بکەری سەرەکی روداوەکەش بە ناوی بەرزی رایكرد بۆ وڵاتی تورکیا. دواتر لە رێکەوتی ١٠/٣/٢٠١٨ لە وڵاتی تورکیا، بەرزی غازی باشتەپەیی، کوژراوەتەوە و، چەند کەسێکیش بە تۆمەتی ئەو رووداوهی کوشتنە لە تورکیا دەستگیرکراون".
بهڕێوهبهری ئاسایشی ههولێر له درێژهی قسهكانیدا گوتی: "ھەردوو بنەماڵە کێشەکەیان چارەسەر نەکرد و لە ئەنجامیشدا بووە کێشەیەکی خوێنداری و، تاکو رۆژی ٢٤/٤/٢٠١٨ لە کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانیەوە، وەک لە ڤیدیۆ و وێنە و بەڵگەکاندا دهركهوتووه كه بنەماڵەی بەرزی بۆ چەندین کاتژمێر، چاودێری فارس محەمەد سادق-یان کردووە لە لای ماڵەکەی و، دواتر لە شوێنی کارەکەی. کاتژمێر ٢:٣٦ ی دوای نیوەڕۆی ھەمان رۆژ، لەسەر شەقامی ١٠٠مەتری ھەولێر و بەرامبەر فامیلی مۆڵ، بە ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ ڤیکترا، سێ تاوانبار بهناوهكانی فاروق غازی باشتەپەیی، ھونەر عەبدولکەریم و کەسێکی دیکە کە وێنەکەی ئێستا بڵاودهكهینهوه، دەستڕێژی گوللـە لە فارس محەمەد دەکەن و، دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات و. تاونبارانیش بۆ دەرەوەی شاری ھەولێر ھەڵاتوون و فەرمانی گرتنیان لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچووە".
تاریق نووری ئاماژهی بهوهشكرد كه لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، دەرکەوتووه كه ئەم رووداوی کوشتنە ھیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە نییە و ھەردوو بنەماڵەش سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر، داوایشی لە ھاووڵاتیان كرد كه، ھاوکاری دەزگا ئەمنییەکان بکەن لە ههبوونی ھەر زانیارییەک لەسەر شوێنی خۆحەشاردانی تاوانباران.