Hemin Hüseyin
14 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عەلی قادر رایگەیاند "لە ھەولێر جوانترین و پاکترین سیستەمی ھەڵبژاردن پەیڕەوکراوە و سەرجەم سکاڵاکانیشیان رەوانەی نووسینگەی نیشتمانیی کردووە".
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عەلی قادر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان و لە ئێستاشدا بە بەردەوامی کارمەندەکانمان لەناو کۆگا خەریکی رێکخستنی دەنگەکانن و بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندین و زۆر بەداخەوە بەشێک لە کەناڵەکان هەندێک شت پێچەوانە دەکەنەوە و هەر شتێک کە ببێتە هۆی لەکەدارکردنی کۆمسیۆن، ئەوا ئێمە سکاڵا لەبارەیەوە تۆمار دەکەین".
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، چەند کۆگایەکمان ھەیە و کەلوپەلی دیکەیشی تیادایە، بۆیە تایبەت نییە بە کۆمسیۆن، رەنگە کەسی دیکەیش لەو شوێنە بینرابێت، بەڵام ئەوە ئاماژە نییە لەسەر چوون بۆ دەستکاریکردنی سندوقەکان.
عەلی قادر گوتیشی: "ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ھیچ سندوقێکی دەنگدان دەستکاری نەکراوە و لە شوێنی خۆیانن و ئێستا سەرقاڵی کارکردن و پەیوەندی راستەوخۆمان ھەیە و پێمان دەڵێن کە چ سندوقێک ئەنجامەکەی گەیشتووە و لەمبارەیەوە پەیوەندییەکی بەردەواممان هەیە".
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عەلی قادر باسی لەوەشکرد کە ھیچ سکاڵایەک لەسەر پاکی دەنگدان لە ھەولێر نییە و ئەوەی ھەیە لەسەر رێککاری دیکە کراوە و ژمارەیەکی زۆر سکاڵا تۆمار کراوە و نێردراون بۆ بەغدا.
سەبارەت بە گەیشتنی ئەنجامی وێستگەکان بۆ بەغدا، عەلی قادر گوتی: "لە کۆی سێ ھەزار وێستگە نزیکەی سەد وێستگەیەک تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی نەگەیشتووەتە بەغدا و لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەنە بەغدا".
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق گوتیشی: "ھەر وێستگەیەک بەرواری ١٢ی ئایاری لەسەر نەبێت هەژمار ناکرێت".
روونیشی کردەوە، ھەموو سکاڵاکان رەوانەی بەغدا کراون و ھیچ کێشەیەک لەسەر سندوق و دەنگ نییە، کەلوپەلەکانیش دەھێنرێنەوە کۆگا کە ئامێری راگەیاندنی خێرای ئەلیکترۆنی و چەند کەلوپەلێکی تایبەتن بە بایۆمەتری و دەھێنرێنەوە کۆگاکان کە کارییان پێ نەماوە.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عەلی قادر راشیگەیاند، ئەو ئەنجامەی ئێستا نێردراوە، ئەنجامێکی تەواوە، خەڵکیش مافی خۆیەتی سکاڵا بکات و داوای لێکۆڵینەوە بکات و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بوار بۆ ھەموو ئەوانە بڕەخسێنن کە روونکردەوەی پێویستیان دەوێت.
عەلی قادر گوتیشی: "دوو پلان ھەبوو بۆ رۆژی ھەڵبژاردن، یەکێکیان راگەیاندنی ئەنجامەکان بوو لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییە رەشەکەی سەر سندوقەکان، پلانی دووەم ئەوەبوو بە ئامێرێکی دیکە جیاکردنەوە و ھەژمارکردنەوەی بۆ بکرێت کە ھەمان کاری ئامێری یەکەم دەکات".
رۆژی ١٢ی ئەم مانگە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆیەکەمجار بە ئامێری ئەلیکتڕۆنی بەڕێوەچوو، دواتریش ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن گلەیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتووەتەوە و رایانگەیاندووە کە ئامێری جیاکردنەوەی دەنگەکان هاک کراوە و داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی پڕۆسەکە دەکەن.