hemn husain
29 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2015
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگەی هەولێر رائد فازل حاجی ئامارەکانی ساڵی 2015ی خستەڕوو.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگاری هەولێر، سەرەتا ژمارەی ئەو ئوتۆمبێلانەی راگەیاند کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بە گومرگەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەم ژمارەیە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2014 زۆر رووی لە کەمی کردووە، بەپێی قسەکانی گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگەی هەولێر، رەنگە ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێت.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رائید فازڵ حاجی گوتی: "لە ساڵی 2015 لە هەردوو سنوورەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران 45 هەزار و 400 ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون بەم پێیەش 33 هەزار و 650 ئۆتۆمبێل لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و 11 هەزار و 750 ئۆتۆمبێل لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون، لە کاتێکا لە ساڵی 2014 ژمارەی ئوتۆمبێلەکانی هاوردەکراو بریتی بوو لە 77 هەزار و 100 ئوتۆمبێلی ژمارە کاتی کە لە هەر دوو گومرگەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانەوە هاتبوون".
هەروەها گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگەی هەولێر تیشکی خستەسەر ژمارەی ئەو ئوتۆمبێلانەی کە لەماوەی ساڵی 2015 پشکنینی ساڵانەیان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رائید فازل گوتی: "لە ساڵی 2015 ئەو ئوتۆمبێلانەی کە پشکینی ساڵانەیان بۆ کراوە بریتییە لە 228 هەزار و 69 ئوتۆمبێل لە کاتێکا ساڵی 2014 ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هەمان پشکنینیان بۆ کرابوو بریتی بوو لە 281 هەزار و 791 ئۆتۆمبێل."
سەبارەت بەپێدانی ژمارەی نوێ بۆ هەموو جۆرەکانی ئوتۆمبێل فازڵ حاجی رایگەیاند لە ساڵی 2015 بڕی 43 هەزار و 420 ژمارە دراوە بەهەموو جۆرەکانی ئوتۆمبێل لەوانەش 26 هەزار و 200 ژمارە بۆ ئوتۆمبێلی تایبەت و 1 هەزار و120 ژمارە بۆ کرێ و 13 هەزار و 452 ژمارە بۆ بارهەڵگر و ژمارە بۆ 147 ژمارە بۆ ماتۆرسکیل و 1 هەزار و 81 ژمارە بۆ کشتوکاڵ و 1 هەزار و 420 ژمارەش بۆ بیناسازی لە کاتێکا ساڵی 2014 بڕی 67 هەزار و 569 ژمارە درابوو بە ئوتۆمبێلەکان".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، رائید فازڵ حاجی گوتی: "لە ساڵی 2015 رایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بریتی بووە لە 228 هەزار و558 مامەڵە و ئەمەش هەموو جۆرەکانی مامەڵە دەگرێتەوە".
سەبارەت بەپێدانی ژمارەی مۆڵەتی نوێ بۆ ساڵی 2015، رائید فازڵ گوتی: "لە ساڵی 2015 بڕی 24 هەزار و 302 مۆڵەتی تازە دراوە بە هاووڵاتیان".
سەبارەت بە رووداوەکانی ساڵی 2015 گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر گوتی: "ئەمساڵ ژمارەی رووداوەکان کەمتری کردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار و بۆ ئەم ساڵ 1 هەزار و157 رووداو هەبوو کە تێیدا 111 کەس گیانیان لەدەست داوە و لە کۆی ئەمانەش 87 کەسیان لە پیاو بوون و 24 کەسیشیان لە ئافرەت بوون، لە کاتێکا لەساڵی 2014 ژمارەی رووداوەکان بریتی بوو لە 1 هەزار و 330 رووداو، بەمەش رێژەی رووداوەکانی ئەمساڵ کەمترە لە چاو ساڵی پار".
هەر لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە باسی کامێراکانی چاودێری خێرایی هاتوچۆ کرا رائید فازڵ حاجی گوتی: "لە ماوەی ئەمساڵدا 333 هەزار و 679 سەرپێچی تۆمارکراون جگە لە کامێراکانی چاودێری هاتوچۆ کە ئەوانیش بریتییە لە 130 هەزار و 958 سەرپێچی کە بۆ ئوتۆمبێلەکان تۆمار کراوە".
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو کە ئایا دانانی ئەم کامێرانە بە چ دەقێکی یاسایی دەبێت لە کاتێکا بۆ دانانی ئەم کامێرایانە پێویستە یاسایەکی تایبەت لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت، رائید فازڵ حاجی گوتی: "سەبارەت بە کامێراکانی هاتوچۆ، لە یاسای هاتوچۆدا هاتووە کە هەر کەسێک لە خێرایی شەقام دەرچوو ئەوە بەبڕی 30 هەزار دینار سزا دەدرێت ئەمە کاتێک بوو کە سیستەمی تەکنەلۆژیا وەکو ئێستا نەبوو، بۆیە بەپێی یاسا بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ ئەم دەسەڵاتەی لەلایەن وەزیری ناوخۆ پێ دەدرێت و بۆی هەیە رێنمایی دەربکات بۆ هەر شتێک کە پێویست بێت".
جێی ئاماژەیە ساڵانە بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیان دەبنە قوربانی و ئەمساڵیش رێژەی قوربانییەکان کەمتر بووەتەوە و گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێریش رایدەگەیەنێت کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە سەرپێچییەکان کەمتر بوونەتەوە.