ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەبار یاوەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئامانج و بەرنامەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانی روون کردەوە و گوتی: "ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کاروباری ھێزەکانی پێشمەرگە بەنیازە کە ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە یەک بخات و ئەو پڕۆسەیە کە دوو ساڵە راوەستاوە دەستی پێ دەکات و ھەروەھا ورە وردە ھەموو لیواکانی پێشمەرگە مەشقیان پێ دەکرێت و چەکەکانیان نوێ دەکرێنەوە و بەگشتیی ریفۆرم لە وەزارەت دەست پێ دەکات و چاکسازی لە کاروبارەکانی وەزارەت دەکرێت و ئەوەش بە ھاوکاریی راوێژکارانی ئەمریکا و بریتانیا بەشێوەیەکی ئاکادیمی دەبێت و ھەروەھا بەرنامەیەکی دیکە بۆ رێکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھەماھەنگی لەگەڵ خەڵکی سڤیل ھەیە کە لەلایەن دەزگەی توێژینەوەی زانستی میری و دەزگەی کارنیگی ئەمریکی دانراوە".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باس لەوە کردەوە کە هەتا ئێستا ھیچ وادەیەک لە سەر پرسی گرتنەوەی مووسڵ دیاری نەکراوە و گوتی: "چاوەڕێی پڕۆسەی گرتنەوەی رومادی و بەرەو پێشچوونی ھێزەکانی پیادە عێراق دەکرێت و دوای کۆبوونەوەکانی سوپای عێراق و فەرماندەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان دەست پێ دەکات".
ئەو ھەروەھا گوتی: "هەتا ئێستا دیاری نەکراوە کە حەشدی شەعبی بەشداری لە پرۆسەی ئازادی مووسڵ دەکات یان نا. تەنیا ھێزی حەشدی نیشتمانی باسی لێ دەکرێ کە لە ناوچەی باشیک جێگیر کراون و ھیچ ھێزێکی حەشدی شەعبی لەو ناچەیە نییە بۆ پرۆسە ئازادی مووسڵ و ھیچ بڕیارێکیش بۆ ئەو ھێزە نەدراوە".
لەبارەی ھێرشەکانی ئەم دوایەی داعش بۆ سەر پێشمەرگە، جەبار یاوەر گوتی: "داعش ھێشتا کۆتایی پێ نەھاتووە و لە ناوچەیەکی فراوانی عێراق و سووریا بوونی ھەیە و ھێشتا توانای سەربازیی و ئابووری داعش ماوە و بەشێوەیەکی قاچاخ نەوت دەفرۆشێ و تەنیا دەتوانین بڵێین کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٤ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لاواز بووە بەڵام وەک دیارە داعش ئێستا ھەرچەندە ھێرشیش دەکات ناتوانێت پێشڕەوەی بکات. ھێرشی ئەم دواییەی تیرۆریستەکان تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی جەنگاوەرەکانی خۆی بووە و ھەروەھا ویستیان چەند ناوچەیەکی ستراتیژی کۆنترۆڵ بکەن وەک ناوچەکانی خازر و مەخموور بەڵام توانایان نەماوە و شکستیان ھێنا".
لەبارەی دروستبوونی ھاپەیمانێتی ئیسلامی گوتی: "بۆ شەڕی داعش چەند بەرەیەک دروست بووە وەک بەرەی ٦٠ وڵات کە بە سەرکردایەتی ئەمریکایە و ھەروەھا بەرەی چوار وڵاتی سووریا، عێراق، رووسیا و ئێران و ھەروەھا لە ئێستادا بەرەی ئیسلامی کە ٣٤ وڵات پێکی دەھێنێت و ئەو بەرانە روو لە زیاد بوونن و داعش پاشەکشە دەکات. ئێمەش بەشدارین لە بەرەی ٦٠ وڵات و رۆڵێکی سەرەکی لەو ھاوپەیمانێتییە دەبینین و لە سەرتاوە ئێمە تەنیا ھێزی پیادە بووین کە شەڕمان کردووە و ھیچ پەیوەندییەکی ئێمە لەگەڵ ھاپەیمانێتییەکانی دیکە بە پراکتیکی نییە".
ھەروەھا گوتی: "ئەو ھاپەیمانێتییەی کە ئەمریکا نوێنەرایەتی دەکات لە ھەرێم نزیکەی ١٢ وڵاتن. کەنەدا، ئەمریکا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، بریتانیا، ھەنگاریا، سوید، ئەڵمانیا و لە ھەولێر راهێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و ھەر دوو ھەفتە جارێک کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەبێ و باسی پڕۆسەی سەربازیی و ھەلومەرجی گشتی شەڕ دەکەین".
سەبارەت بەپرسی چەکی کام وڵات کاریگەریی لەسەر سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە ھەبووە، جەبار یاوەر زیاتر دوا و گوتی: "لە چەند وڵاتێک چەک و تەقەمەنی بۆ ئێمە ھاتووە بەڵام زۆربەی ئەو تەقەمەنیانە لە وڵاتانی ئەورووپای رۆژھەڵاتەوە بۆ ئێمە ھاتووە و زۆربەی چەک و تەقەمەنییەکانی ئێمە رۆژھەڵاتین وەک فیشەکی کلاشینکۆف، بی کی سی، دۆشکەی ١٢.٧و ١٤.٥٠، گوللەی ئارپی چی، گوللەی ھاونی ٦٠،٨١ ،١٢٠ میلیم، ھاتوون و ئەو پڕۆسەیەش وایە کە وڵاتانی ھاوپەیمان لە وڵاتانی رۆژھەڵات بۆ ئێمە دەدۆزنەوە وەک وڵاتانی چیک، ھەنگاریا و سلۆڤاکیا دوای دەگوازرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا ھەندی وڵاتانی دیکەش چەکیان داوەتە ئێمە وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئەمریکا و فەڕەنسا".
یاوەر گوتی: "ھەندێ چەکیش کاریگەریان ھەیە وەک چەکی دژە تانکی میلانی ئەڵمانیا و دژەتانکی ئەمریکا و ئیتاڵیا فۆرگێری و ھەروەھا دۆشکەی ٢٠ میلیم فەڕانسی و ھەروەھا چەکی سووک وەک جی ٣ و چەند جۆرێکی دیکە کە رۆڵیان ھەبووە لە شکاندنی داعش".
سەبارەت بە تێچووی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش یاوەر گوتی: "ھەرچەندە لە ھەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی ھەیە ئەگەر پارەشمان ھەبێت ئێمە مافی کڕینی چەک و تەقەمەنیمان نییە و پێویستی بە رەزامەندی حکوومەتی عێراق ھەیە و ھیچ وڵاتێک ناتوانێ چەکمان بداتەوە و ئەو پارەیەی کە سەرف بووە تەنیا پێداویستییەکان و کاروباری رۆژانەی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش و بۆ شەھیدان و بریندارەکان و خواردن و سووتەمەنی و گواستنەوە دروستکردنی سەنگەر بووە کە بەگشتیی زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرف کراوە بۆ بەرەکانی شەڕ".
لەبارەی چەکی 'ھام وی' کە راستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە بە پێشمەرگە دەدرێت ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ئەمە بڕیاری کۆنگرێسی ئەمریکا بووە کە لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٥ حکوومەتی ئەمریکا نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان کردووە بۆ ھێزەکانی ئیتحادی و ھێزەکانی ھەرێم و خۆبەخشەکانی سوننە لەو بڕە نزیکە سەدا ٢٠% بەشی ھەرێمی کوردستانە کە وەک پارە نادرێت بەڵکو چەک دەدرێت و بڕیار دراوە کە سێ لیوای پیادەی لە ھێزەکانی پێشمەرگە بە چەک و تەقەمەنی پڕچەک بکرێت لە چەکی ام وی و ام راوس و چەکی نیمچە قورس و جلوبەرگ و ھەموو پێداویستییەکی لیوای سەربازی بدرێتێ و ئەوەش لە رێگەی کوێتەوە، رەوانەی کوردستان دەکرێت".
لە کۆتاییدا جەبار یاوەر دوائاماری شەھید و بریندارەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خستەڕوو و گوتی: "دوایین ئامار ١٣٦٥شەھید و ٧٨٠٠ بریندار و ٦٢ ونبوومان ھەیە و ھەموو ھەوڵی ئێمە ئەوەیە، ئەو پێشمەرگانەی بە دیل گیراون، رزگاریان بکەین".
news_share_descriptionsubscription_contact



