سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیيەکان، دکتۆر دیندار زێباری، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان وەڵامی راپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و چەند رێکخراوێکی دیکەی دایەوە.
دوابەدوای دەرچوونی فەرمانی ژمارە 30 لە 4/4/ 2016ـی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرخستنی راستییەکانی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەخرێنە پاڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر رەوشی ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان، لیژنەیەک بە ناوی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان،پێکهێنرا، ئەم لیژنەیە پێکهاتووە لە نوێنەرانی هەریەک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش کە ماوەی سێ مانگی خایاند بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ هێزەکانی پێشمەرگە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان، دکتۆر دیندار زێباری، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە کە بریتیی بوون لە نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لیوا تاڵیب یادگار و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ لیوا عەبدوڵڵا خەیلانی و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لیوا کاوە عەبدوڵڵا و نوێنەری ئاسایشی گشتی لیوا عادل بۆتانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە ئازادکراوەکان، پاش ئەوەی بەدواداچوونی وردمان بۆ ئەو بابەتە کرد، لەوێوە راستییەکانمان بۆ رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ خستەڕوو کە تێیدا سەبارەت بە میحوەری دیالە بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی لەو ناوچەیە، ئەو خانووانەی کە خاپوورکراون بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە بەڵکو لە ئەنجامی شەڕ و بۆردوومانی بەردەوام و خۆحەشاردانی تیرۆریستانی داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و لەوانەش گوندی وەحدە کە لە راپۆرتەکان زۆر باسی کراوە، هەروەها خەڵکی ناوچەکەش زۆر جەختییان لەسەر ئەوە کردەوە کە دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە ئەوا بەشێکیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە خاپوور کراوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دکتۆر دیندار زێباری گوتی: "پاش رزگارکردنی ناحیەی جەلەولا لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لە 13/1/2016دا بەپێی بەرنامەیەک چەندین گەڕەک ئاوەدانکراوەتەوە لەوانە ئەلتەلیعە و ئەلعرووبە و ئەلشوهەدا و ئەلجەماهیر، دوای گەڕانەوەشیان ئاو و کارەبا و پێداویستییە سەرەتاییەکانییان بۆ دابینکراوە".
سەبارەت بە وێرانکاریی و گەڕانەوەی خەڵک لە میحوەری مووسڵ و ئەو رێوشوێنانەی دەزگا ئەمنییەکان دەیگرنەبەر، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان گوتی: "وێرانکاری ئەو ناوچەیە بە سێ قۆناغ بووە، ئەوانیش قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، قۆناغی بۆردوومانکردنی لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمان، قۆناغی ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لەو ماوەیەدا چەندین شەڕی قورس روویداوە، سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکەکەش لە راستیدا ئەو ناوچانە لە هێڵی تەماس دوورن و خەڵکەکەی دەگەڕێنەوە سەر ناوچەکانی خۆیان بۆ نموونە لەماوەی نێوان 6/9/2015 تاوەکو 12/5/2016 نزیکەی 130 خێزان لە مووسڵ و وڵاتی سووریا هاتوون و لە کامپەکانی دەوروبەری زوممار نیشتەجێکراون و بەشێکیان هاتوونەتە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەڵام بەشێکی لە دانیشتووانی گوندەکان پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و بۆخۆیان ناگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانییان".
سەبارەت بە میحوەری مەخموور- گوێڕ کە تاوەکو ئێستا چەندین ناوچە ئازادکراوە و هاووڵاتییانیش نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و لەمباریەوە دیندار زێباری گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو وێرانکارییەی لەو ناوچەیەدا هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بۆمبی چێنراو کە بەشێکی زۆریان لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵگرتنەوەی مین لەو ناوچەیە بە ئەندازیارەکانی هێزی پێشمەرگەدا تەقیووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە بەشێکی عەرەبەکانی مەخموور کە دانیشتووی شاری هەولێرن، بۆخۆیان نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان تەنانەت کوردەکانیش ناگەڕێنەوە ناوچەکانییان چونکە ناوچەکانییان پارێزراو نیيە".
سەبارەت بە دەستگیرکردنی خەڵکیش کە لە راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا هاتووە، دیندار زێباری گوتی: "کاتێک دەزگا ئەمنییەکان زانیاری و بەڵگەی بەهێزیان لەبەردەستدا بێت ئەوا گومانلێکراوان دەستگیردەکەن، چونکە لەو ناوچانە بەردەوام خەڵک روو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە دەکات و زۆریش هەیە هەندێک ناو لەلایەن ئەو کەسانەوە دراوە کە دانییان بەوەداناوە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە".
سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک و هەماهەنگی لە نێوان دەزگا پەیوەنددارەکانی ئەو ناوچەیەش، دکتۆر دیندار زێباری گوتی:" لیژنەیەکی ئەمنیی پێکهاتووە لە کەرکووک کە پارێزگاری کەرکووک سەرۆکی لێژنەکە و جێگری پارێزگار عەرەبی سوننەیە و بەڕێوەبەری پۆلیس کوردە و بەڕێوەبەری هەواڵگری تورکمانی شیعەیە و بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار تورکمانە، هەموو بڕیارەکان بە هاوبەشی لە نێوان ئەندامانی ئەو لیژنەیە دەردەچێت بۆیە هەماهەنگی باش هەیە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان".
سەبارەت بە دەرکردنی ئەو راگوێزراوانەی روویان لە کەرکووک کردووە، دکتۆر دیندار زێباری گوتی: "تەنها ساڵی 2006 نزیکەی 7 هەزار خانەوادەی عەرەب هاتوونەتە کەرکووک و ماونەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی سەلاحەدینن و ناگەڕێنەوە، بۆ نموونە ساڵێک زیاترە دیالە ئازادکراوە کەچی خەڵکەکەی ئامادەنین بگەڕێنەوە سەرەڕای ئەوەش کەس بەزۆر نانێردرێتەوە، لەماوەی دوو ساڵدا حکوومەتی عێراق تەنها 6 ملیۆن دۆلاری ناردووە بۆ کەرکووک کەچی ئەو پارێزگایە زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی تێدایە و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامە".
news_share_descriptionsubscription_contact

