Hamit Hüseyin
07 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2015
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەكانی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دیندار زێباری، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا راگەیاند كە لە رووی یارمەتی مرۆیی عێراق و وڵاتە كۆمەك بەخشەكان بارودۆخی تایبەتی ھەرێمی كوردستان كە قەیرانی ئابووری و شەڕی داعشی بەسەردا سەپێنراوە لەبەرچاو نەگرتووە و گوتی: "لە كوردستان ھەموو چەشنە جیاكارییەك لەرووی نەژاد، رەنگ، رەگەز، زمان، پێگەی كۆمەڵایەتی، وڵاتنامە، بنەچە، ئایین، بیروباوەڕ، ھزر، تەمەن، باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی، یان كەم ئەندامی قەدەغەیە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شایەدی رێكخراو و كەسایەتیەكانی جیھانی ئارامگای و شوێنی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بووە و بوونی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لەسەر خاكی كوردستان بەڵگەی ئەم راستیانەیە".
زێباری لەو كۆنگرەیە كە بۆ وەڵامدانەوەی راسپاردەكانی گفتوگۆی مێزی خولاوی پاڵپشتی كردن و پاراستنی یاسایی پەنابەران كە لەنێوان ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) و حكوومەتی ئیتیحادی سازی كرد بوو گوتی: "بەداخەوە لەم گفتوگۆیانەدا نوێنەری ھەرێمی كوردستان ئامادە نەبووە بۆ ئەوەی بە لانیكەمەوە تێبینییەكانی خۆی پێشكەش بكات ھەروەھا بەھیچ شێوەیەك بارودۆخی تایبەتی كوردستان وەك قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش لەبەرچاو نەگیراوە كە سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی سەپێنراوی داعش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە روانگەی پابەندبوونی بە پڕەنسیپەكانی پاراستنی مافی پەنابەرێتی بە ھەموو دامودەزگاكانی پەیوەندیدارییەوە خزمەتگوزاری پێویستی پێشكەش بەم ئاوارە و پەنابەرانە كردووە و تا ئێستاش بەردەوامە لەم خزمەتگوزاریانە لە ھەموو بوارەكاندا".
سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەكانی نێودەوڵەتی لە بارەی رێوشوێنەكانی ھاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ ھەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بازگەكان گوتی: "ئەو رێوشوێنانەی كە لە بازگەكاندا پەیڕەو دەكرێن كارێكی ئاساییە و پەیوەندی بە ئاسایشی و سەقامگیریی ھەرێمەوە ھەیە و لە ھەموو جیھان رێوشوێنی تایبەت دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش بۆ وردبینی و دڵنیا بوون لە ناسنامەی ئاوارە و پەنابەران لەگەڵ ئەو زانیاریانەی ھەیە دەربارەی لیستی ناوی تیرۆریستان لای دام و دەزگاكانی ئەمنی ئەم رێوشوێنانەش تەنیا ئاوارەكان ناگرێتەوە، بەڵكو ھەر كەسێك بە بازگەكان تێپەڕ بێت داوای ناسنامەی لێدەكرێت، چونكە كۆنتڕۆڵكردنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە ئاسان نییە".
لە بارەی سەردانی كەمپەكانیش لەلایەن رێكخراوەكانی ناحكومی عێراق و كوردستان زێباری راگەیاند "بەپێی بەرنامەیەكی تایبەت لەلایەن دەزگاكانی پەیوەندیدار و بەڕێوەبەرانی كەمپەكان رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی سەر بە یوئێن وەك (IOM, UNHCR یونسێف، تاد). ئەم رێكخراوانە لەناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەراندا بوونیان ھەیە لە ھەرێمی كوردستان و ھەڵدەستن بە سەرپەرشتی كردنی دابەشكردنی یارمەتی و ھاوكارییەكان بەسەر ئاوارە و پەنابەران، رێكخراوە ناحكومییەكان (NGO)ی كوردستان و عێراق، ئەمانە لە نێو كەمپەكاندا كار دەكەن و ئەو كارانە ئەنجام دەدەن كە رێكخراوەكانی سەر بە یوئێن پێیان دەسپێرن، ئەنجامدانی راپرسی و داتا كۆكردنەوە لەنێو كەمپەكاندا لەلایەن رێكخراوەكانی ناحكومی (NGO)ی كوردستان و عێراق پێویستی بە رەزامەندیی وەزارەتی نێوخۆ یان پارێزگا ھەیە لەبەر ھۆكاری ئەمنی".
لە درێژی قسەكانیدا زێباری گوتی: "ئاوارەكان مافی یاساییان لە كوردستان بۆ دابین كراوە و ھەروەھا جگە لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری پێویست حكوومەتی ھەرێم گرنگییەكی زۆری داوە بە لایەنی یاسایی ئاوارەكان بە گشتی، بۆ نموونە دوای ئاوارەبوونی ئێزدییەكان پێویستیان بە یارمەتیدانی یاسایی ھەبوو بۆ داواكردنی مافەكانی خۆیان، بۆیە لە مانگی ١٢ی ٢٠١٤ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە 29 تا 33 كەیس لە رووی یاساییەوە لە بوارە جیاجیاكا پاڵپشتی كراون و ژمارەی ئەو كەسانەی سوودیان لەم پاڵپشتییە وەرگرتووە لە مانگی ٣ی ساڵی٢٠١٥ گەیشتە 60 هەزار كەس".
گوتیشی: "زۆربەی ھەرە زۆری ئاوارەكانی ئێزدی بەڵگەنامە رەسمییەكانیان نەبوو كاتێك ئاوارە بوون، بۆیە فۆرمێكی تایبەتیان بۆ درووست دەكرێت لە قایمقایمیەتی شنگال بە ناوی (استمارە استبدال) بە شێوەیەكی كاتی بۆ رایی كردنی كاروبارەكانیان لەلایەن دام و دەزگاكانی حكوومەتەوە كە كاری پێدەكرێت و ئەوانەی كە لە شنگال رزگار بوون سەرەتا نووسراویان بۆ دەكرێت بۆ فەرمانگەی باری شارستانی لە شێخان دواتر نووسراوێكی تریان بۆ دەكرێ بۆ فەرمانگەی رەگەزنامە لە شێخان بۆ دەستخستنی رەگەزنامە ئەم دوو فەرمانگەیەش سەر بە بەغدان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ دام و دەزگاكانی حكوومەتی ھەرێم كار دەكەن، ئینجا بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و نشینگەی دھۆك پاسپۆرتیان بۆ دەردەكات، بەمەش ئەو ئاوارانە دووبارە دەبنەوە خاوەن ئەم بەڵگەنامە پێویستانە".
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەكانی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بارەی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ئەگەری دروست بوونی شەڕێكی دیكە لە ناوچەكە و رووتێكردنی شەپۆلێكی دیكەی ئاوارە بۆ ھەرێمی كوردستان گوتی: "ھەر لە سەرەتای ھاتنی ئاوارەكان بۆ ھەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١١ وە ئێمە و نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەكاریمان نەبووە بۆ ئەو پرسە و خۆزگە دەخوازین كە ئاگاداری ئەو پلانانە باین و ئەو ئاوارەی كە دوای شەڕی داعشیش ھاتنە ھەرێم باوەر پێكراو نەبوو بۆیە ئێمە نە ئامادە كاریمان كردووە و نە ئامادەبووین بەڵام لە رووی مرۆڤییەوە ئێمە سنوورمان دانەخستووە و ئەمە لە سەر ئاستی برایەتی و مرۆڤی بووە كە بە ئەركی خۆمان زانیوە رێگە بە ئاوارەكان بدەین كە بێن بۆ ھەرێمی كوردستان".