Hamit Hüseyin
15 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2016
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی فەڕەنسا بۆ سەرکۆماری ئەو وڵاتە رایدەگەیەنێت: "پەلامارە تیرۆریستییەكەی شاری نیسی فەڕەنسا و كوژرانی هاووڵاتیانی بێ تاوان بەدەستی تیرۆریستان لە یادی ڕۆژی نیشتیمانیی فەڕەنسا زۆر خەمبار و دڵگرانی كردم. زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە دڕندانەیە دەكەم و بەناوی خۆم و گەلی كوردستان سەرەخۆشی لە ئێوە و گەلی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە دەكەم، هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم".
مەسعود بارزانی لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "تیرۆریستان دوژمنی مرۆڤایەتی و دژی ئازادی و ئاسوودەیی مرۆڤن لە هەموو شوێنێكی جیهاندا. پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر بەشداربووانی یادی رۆژی نیشتیمانیی فەڕەنسا پەلاماردانە بۆ سەر پڕەنسیپ و بەهاكانی ئازادیخوازی و یەكسانی و برایەتیی شۆڕشی فەڕەنسا كە بەها و پڕەنسیپی ئینسانی و جیهانین. لەو چركەساتە خەمبارانەدا گەلی كوردستان كە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆرە و لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستاندایە، هاوسۆزی گەلی فەڕەنسایە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆڵاند رایدەگەیەنێت کە "گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆییدا بە هەموو توانایەك پشتیوانی گەل و حكوومەتی فەڕەنسای دۆستە".