Mazın Asad
17 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2016
لەندەن
ئەمڕۆ نیوەڕۆ ھەزاران کەس لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا بە مەبەستی پشتیوانی لە پەنابەران لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و داوای چارەسەری ئەو کێشەیان لە حکوومەتی بریتانیا کرد و پەیامی "دەرگاکانمان بۆ پەنابەران کراوە" دا.
خۆپێشاندانەکە لە لایەن پلاتفۆرمی ھەماھەنگی لەگەڵ پەنابەران رێکخرا و تێدا ٧٨ رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی بەشداری کرد کە لە نێوانیاندا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەنجوومەنی موسڵمانانی بریتانیا، رێکخراوی ئۆکسفام، کەمپینەی دژی نەژادپەرستی راپەڕە و ھەماھەنگی سووریا و یونسێڤ ھەبوون.
پلاتفۆرمی ھەماھەنگی لەگەڵ پەناپەران لەبارەی خۆپێشاندانەکە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێدا ھاتووە " دەتوانین ئامادەباشی خۆمان بۆ حکوومەتەکەمان و جیھان نیشان بدەین کە بریتانیا دەتوانێت پەنابەری زیاتر وەربگرێت. توێنی بوونی ھەزاران مرۆڤ لە کەمپەکانی یۆنان و خنکانی ھەزاران مرۆڤ لە دەریای سپی، کاریگەر لەسەر ھەموو کەسێک لە بریتانیا دروست کردووە".
لە راگەیەندراوەکەدا بانگەوازی بۆ سەرۆکوەزیرانی بریتانیا تیریزا مەی کرا کە بەرپرسیارێتی زیاتر لەبارەی چارەسەری ئەو قەیرانە بخاتەڕوو و ھەروەھا ھاتووە "سەدا ٨٠ی خەڵکی بریتانیا پێی وایە حکوومەت دەتوانێت ھاوکاریی زیاتر پێشکەش بکات. بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان، ھەر چوار کەسێک ئامادەیە لە ماڵی خۆی پێشوازی لە پەنابەران بکات. دەمانەوێت ئامادەباشی خۆمان لەوبارەیەوە بە حکوومەتی بریتانیا نیشان بدەین. پێویستە بەریتانیا لەوبارەیەوە رابەریەتی بکات و لەگەڵ وڵاتانی دیکە مافی پەنابەرێتی یاسایی بە پەنابەران بناسێت و کۆتایی بە کاری قاغاچییەکان بھێنێت".
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا روونیش کراوەتەوە کە ساڵی رابردوو ھەزاران کەس لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا خۆپێشاندانێکیان بە مەبەستی پشتیوانی پەنابەران ساز کرد کە دواتر حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری دا تاکو ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٢٠ ھەزار پەنابەر وەربگرێت.