Rewa Mahmut Hasan
13 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2015
لەندەن
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە "یەپەگە ناوچەکانی تورکمان و عەرەب نشین، وێران دەکات و بەزۆر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لە شوێنەکانی خۆیان وەدەردەنێت و مافی مرۆڤ پێشێل دەکات".
رێكخراوەكە بەناوی "شوێنمان نییە بۆی برۆین" راپۆرتێكی بڵاو كردۆتەوە و تێدا ئاماژە بەوە كراوە كە "لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە گوندەكانی توركمان نشین سووتێنراون و لە راپۆرتەكەدا پشت بەستراوە بە گوتەی شایەتحاڵەكان و گرتەیی ڤیدیۆیی، كە لە ١٤ گوندی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە لە هاوینی رابردوودا ئامادە كراوە".
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لە "حوزەیرانی ٢٠١٤ دا گوندێكی ٢٢٥ ماڵی، وێران كراوە و لە حوزەیرانی ٢٠١٥ دا تەنیا ١٤ ماڵ لەناو گوندەكەدا ماوە، هاوكات ئاماژە بەوە دەكرێت كە لە شوباتی ٢٠١٥دا دوای ئەوەی ناوچەكە لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدا نەماوە و یەپەگە كۆنترۆڵی كردووە، زۆرێك لە خانووەكانی ئەو ناوچەیە وێران كراوە".
لەلایەكی دیكەوە لەراپۆرتەكەدا هەندێك لە مەدەنییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە "ئەوانەی ناوچەیەكەیان بەجێ نەهێشتووە لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانانەوە لەكاتی هێرش بۆسەر داعش دەكرێنە ئامانج یان لەلایەن یەپەگەوە هەڕەشەی چۆڵ كردنی ناوچەكەیان لێ دەكرێت".
یەپەگە بەتۆمەتی پشتگیری كردنی داعش داوا لە خەڵكی ناوچەكە دەكات ناوچەكانیان جێبهێڵن ئەگەرنا گوندەكان دەداتە بەر دەسترێژی گوللە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە گوتەی گوندنشینێك كراوە كە بەزۆر لەماڵەكەی هێنراوەتە دەرەوەو و دەڵێت "ئێمەیان لەماڵ هێنایە دەر، دەستیان كرد بە سووتاندنی ماڵەكەمان، بلدۆزەریان هێنا هەموو خانووەكانی گوندەكەیان وێران كرد".
لەو راپۆرتەدا باس لەوە دەكرێت كە هەندێك كوردی ناوچەكە رووبەڕووی هەمان مامەڵە دەبنەوە لەلایەن یەپەگەوە.
لەو راپۆرتەدا باس لەوە كراوە كە پەیەدە هاوپەیمانێكی گرنگی ئەمریكایە لە ناوچەكەداوە لە روونكردنەوەیەكیدا راوێژكاری دێرینی قەیران لە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لاما فاكیخ دەڵێت: "دەبێت هەرچی زووترە یەپەگە كۆتایی بەو كارە نایاساییانە بهێنێت و قەرەبووی هەموو ئەو زیانانە بكاتەوە و رێگە خۆش بكات بۆ گەڕانەوەی كەسانی مەدەنی بۆ ماڵەكانی خۆیان".