Azad Muhemmed
15 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2016
ئەمڕۆ بۆ دووەمین رۆژ بە سەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی و بەشداری پێکردنی ھەزاران پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی خازر – گوێڕ بۆسەر چەکدارانی داعش دەستیپێکردەوە و لەمبارەوەیە بەرپرسی میحوەری خازر، عارف تەیفور بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ دەستمان پێکردووە بۆسەر تیرۆریستانی داعش تەواوکەری ئۆپەراسیۆنەکانی دوێنێی ھێزەکانی پێشمەرگەیە، ئامانجمانە ھەموو ئەو گوندانە کۆنترۆڵ بکەینەوە کە لە پلانی سەربازییمان داڕێژراوە کە ئەویش ئەو یازدە گوندەیە کە دوێنێ ژمارەیەکیان کۆنترۆڵکراونەوە و ئەمڕۆش ئەوانی دیکە کۆنترۆڵ دەکرێنەوە".
لە بارەی گرنگی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆ و کاریگەری لەسەر داعش، عارف تەیفور گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆ کاریگەری گەورەی ھەیە لەسەر شکاندنی تیرۆریستانی داعش و رووخاندنی وورە و توانایان، جگە لەوەیش سەرەڕای ئەوەی تیرۆریستان کۆکراونەتەوە بۆ ناو مووسڵ ڕاونران دەتوانین بڵێین لە ناو مووسڵیش گەمارۆدراون مەودای ھاتوچۆی تیرۆریستانی داعش لە شارێک بۆ شارێکی نامێنێت".
تەیفور گوتیشی: "لە دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی خازر و گوێڕی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆسەر تیرۆریستانی داعش، مەودای ھاتوچۆی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەرێکەوە بۆ میحوەرێکی دیکە و لە شوێنک بۆ شوێنکی دیکە زۆر زیاد دەبێت ئەمەیش وا دەکات کاریگەری نەرێنی بخاتە سەر تیرۆریستانی داعش".
لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی دووەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە بۆسەر داعش بەرپرسی میحوەری خازر دەڵێت: "ھاوشێوەی دوێنێ پێشمەرگە بەخێرایی پێشڕەوی دەکات و تیرۆریستانی داعشیش توانای بەرگری و ھێرشکردنییان نەماوە، ئەوەی لە توانای تیرۆریستانی داعش ماوە تەنھا سووتاندنی رۆن و نەوت و تایەی ئۆتۆمبێڵ و پوش و پەڵاشی ناوچەکەیە ئەمەیش بۆ خۆ حەشاردنەوەی چەکدارانیەتی لە ژێر بۆردوومانی ھێزەکانی پێشمەرگە و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگیەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش".
دەشڵێت: "ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆش تەواوکەری ئۆپەراسیۆنی دوێنێی ھێزەکانی پێشمەرگەیە ئەوەی تا ئێستا کۆنترۆڵ کرابێتەوە گوندەکانی: ئەبزەخ، قەیرەتاخ، حەمرە، ستێح، حاسوود، کەنھەشی بچووک و شەنەف و تەلحەمید، پڕۆژەی ئاوی ئەبزەخ ژمارەیەک گوندی دیکەی ناوچەکەن دوای کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی کەنھەشی گەورە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆمان کۆتایی دێت و پلانەکە ئامانجی خۆی بە تەواوی بە دەست دەھێنێت".
لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئۆپەراسیۆنی دیکە ئەنجامدەرێت بۆسەر داعش بەرپرسی میحوەری خازر گوتی: "بێگومان ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام ئۆپەراسیۆنی دەبێت بۆسەر تیرۆریستانی داعش و ھێزی دوژمنان، بەڵام ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە پلانی دیکەی پێویستە لە کاتێکی دیکە".
لەبارەی رۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش گوتی: "فڕۆکە جەنگییەکانی ھاپەیمانان بە ئاسمانی میحوەرەکانەوە دێن و دەڕۆن و لە چاودێری بەردەوامی بارودۆخەکەدان لەکاتی پێویست بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە بۆردوومانی تیرۆریستانی داعش دەکەن".
گوتیشی: "ھێزەکانی پێشمەرگە بە وورەیەکی بەرز و بە دڵخۆشییەوە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدەدەن بە ھەموو چەکێکەوە لە پێشڕەوی و بۆردوومانکردنی تیرۆریستانی داعش و بەبێ پشوودان بەردەوامن لە ڕاوەدوونانی تیرۆریستانی داعش".
ئەوەیشی گوت: "تیمەکانی پوچەڵکردنەوەی بۆمب بەبێ ووچان بەردەوامن لە پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێنراوەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ کار ئاسانی پێشڕەوییەکانی ھێزی پێشمەرگە و ھەروەھا ئەمە کار ئاسانیشە لە کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان".
دوینێ بەرەبەیانێکی زوو بە سەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی و بەشدارپێکردنی ھەزاران پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ژمارەیەک گوند لە میحوەری خازر و گوێڕ و لە قۆلەکانی خازر، حەسەن شام و گوێڕ بۆسەر چەکدارانی داعش دەستی پێکرد، ئەمڕۆش بۆ تەواوکردن و بە دەستھێنانی تەواوی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستی پێکردەوە.