حەلەب
لە دیمانەیەكدا كە ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵی سازیكرد، فەرماندە لە بەرەی كورد لە سووریا ئەحمەد بەرگەل ئاماژەی بەوەدا، لایەنەكانی چەكداری ناو ژووری ئۆپەڕاسیۆنەكانی بوركان فورات، لە گرتنەوەی گوند و ناوچەكانی ریفی كۆبانێ بەردەوامن و لە ئێستاشدا، ئەو چەكدارانە، چەكدارانی رێكخراوی داعشیان لە نزیك گوندی قەرە قوزاق و شارۆچكەی سرین گەمارۆ داون.
لە دیمانەكەدا بەرگەل رایگەیاند، "لە شارۆچكەی سرین، چەكدارانی داعش هاووڵاتییانی مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەهێنن، كە ئەمەش وایكردوو كە هێزەكانی بوركان فورات لە كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەكە بە تەواوەتی دوا بكەون".فەرماندەكە ئەوەشی روونكردەوە، ژووری ئۆپەڕاسیۆنەكانی بوركان فورات لە ئەنجامی هەماهەنگی نێوان سوپای ئازاد و یەكینەكانی پاراستنی گەل " یەپەگە " بە ئامانجی رووبەڕبوونەوەی چەكدارانی داعش لە كۆبانێ و ناوچەكانی دەورووبەری دروستبوو و ئەو هێزانە ئێستا لەسەر ئەرز هەماهەنگییەكی پتەو و ئاست بەرز لە نێوانیادا هەیە.
ئەحمەد بەرگەل ئاشكرایشیكرد، لە ئێستادا بەرەی كورد بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرەی شام و هەندێ لایەنی چەكداری دیكە، بەرەو شارۆچكەی باب و جەرابلس بۆ كۆنترۆڵكردنیان پێشڕەویی دەكەن، هەروەها هاوكاری لەگەڵ لایەنەكانی ناو ژووری ئۆپەڕاسیۆنەكانی بوركان فورات بۆ گرتنەوەی شاری گرە سپی بەردەوامە و هێزەكانی بەرەی كوردیش لە ئێستادا لە باكووری شاری رەقە جێگیرن.ئەو دەڵێت، لەگەڵ شەڕی چەكدارانی رێكخراوی داعش، هێزی بەرەی كورد رووبەڕووی هێزەكانی رژێمیش دەبنەوە و لە چەند بەرەیەكی شاری حەلەبیش لەوانە گەڕەكەكانی بوستان پاشا و ئەشرەفییە و حەیدەرییە و حەندرات شەڕی هێزەكانی رژێمیش دەكات و لە چەند رۆژی داهاتووش، هێزەكانی بەرەی كورد هەوڵدەدەن زیاتر ناوچەكانی شاری حەلەب بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی هێزەكانی رژێم دەربهێنن.
لە دیمانەكەدا ئەحمەد بەرگەل ئەو لایەنانەی ئاشكرا كرد كە پشتیوانی لە هێزەكانی بەرەی كورد دەكەن و وەك خۆی گوتی: "ماوەیەك بەر لە ئێستا هەندێ پشتیوانیمان لە لایەن ئەنجوومەنی سەربازی شۆڕشگێر بە شێوەیەكی سنووردار پێدەگەیشت، بەڵام ئێستا ئەو پشتیوانیە نییە، دوای هێرشەكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر كۆبانێ و دەورووبەری، لە لایەن هەندێ لایەنی عەرەبی و رۆژئاوا پشتیوانی گەیشتە هێزی بەرەی كورد، پشتیوانیەكانیش تەنها بۆ بەرگری بوو نەك هێرشكردن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی سەرچاوەی پشتیوانی ئێمە گەلە".
سەبارەت بەو لایەنە سیاسییەی كە نوێنەرایەتی ئەوان دەكات بەرگەل گوتی: " بەرەی كورد سەربە هیچ لایەنێكی سیاسی نییە و لە چەند رۆژی داهاتوو، باڵی سیاسی بەرەی كورد پێكدەهێنرێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بەرەی كورد و هەندێ لایەنی ناو لایەنەكانی كەتائیب و سوپای ئازاد بكات، چونكە ئێمە لە ناو ئیتئیتلافی نیشتمانی نابینن هیچ نوێنەرێكی ئێمە هەبێت."لەبارەی شەڕەكانی ئێستا كە لە شاری ئیدلب روودەدات، ئەوە فەرماندەكەی بەرەی كورد ئاماژەی دا، شاری ئیدلب لە لایەن هێزەكانی رژێم رادەستی چەكدارانی بەرەی نوسڕە كرا، بۆ ئەوەی بەرەی نوسڕە بەهێز بكات و بۆ ئەوەی رژێم بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابگەیانێت كە شەڕی قاعیدە و تیرۆر دەكات، رادەستكردنی ئیدلب لەسەر خواستی رژێم بووە بۆ ئەوەی شوێنەكانی خۆی لە حەلەب بەهێز بكات و لە ئێستاشدا ئیدلب لە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی بەرەی نوسڕە دایە.
لە كۆتایی دیمانەكەشدا، بەپێی ئەوەی بەرگەل خستیە ڕوو، بەرەی كورد لە گردبوونەوەی ژمارەیەك لایەنی چەكداری و كەتیبەكانی عەرەب و كورد و توركمان لە ناوچەكانی رەقە و حەلەب و دەورووبەری لازقییە و حەما و ریفی حومس لە كانوونی دووەمی 2013 دروستبوو ناو لێنانیشی بە بەرەی كورد لەسەر داوا و خواستی دەنگی كورد لە ناو شۆڕشی سووریا بوو.