Mazın Asad
25 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2016
ئیزمیر
لێدوانی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی تێپەڕبوونی پەنابەرانی سووری بۆ ئەورووپا، دووبارەی لێشاوی پەنابەرانی ساڵی رابردووی ھێنایە رۆژەڤەوە.
ئەردۆغان لە گوتارێکی لە لوتکەی نێودەوڵەتی ژن و دادپەروەرییدا رەخنەی لە ھەڵوێستی ئەورووپا لەبارەی پەنابەران گرت و گوتیشی: ''ھیچ کاتێک راستگۆ نەبوون لەگەڵ مرۆڤایەتییدا و بەئاراستەیکی درووست تەماشاتان نەکردن. کاتێک کە شەپۆلەکانی دەریای سپی ناوەڕاست تەرمی مناڵەکانی وەک ئالانیان بەرەو کەناراوەکان دەبرد، ئەوە ئێوە نەبوون کە بچن ھەڵیان بگرنەوە، ئەوە ئێوە نەبوون کە مناڵەکانی وەک عومرانتان لەخۆگرت. ئەوە ئێمەین کە ٣ بۆ ٣ ملیۆن و نیو پەنابەر لەم وڵاتە بەخێودەکەین. ئەو بەڵێنانەتان نەبردەسەر کە داتان. کاتێک ٥٠ ھەزار پەنابەر دەگەیشتە کاپیکولە، دەستتان بە ھاوارکردن دەکرد. گوتتان 'ئەگەر تورکیا دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە، ئێمە چی بکەین'. تەماشا کەن، ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن، ئەوا ئەو دەروازە سنوورییانە دەکرێتەوە، ئەوە بزانن. نە من و نەگەلەکەم لەو ھەڕەشە فریودەرانە سڵناکەینەوە، ئەوە بزانن''. بەم پێیەش لێشاوی پەنابەرانی لە شاری ئەدیرنە و کەناراوەکانی دەریای ئیجەی وەبیرھێنایەوە.
لەوبارەیەوە سەرۆکی رێکخراوی ھەماھەنگی لەگەڵ پەنابەرانی سووری، ساڵح عەلی لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند دوای روونکردنەوەی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە نێوان پەنابەرانی سووری لە تورکیا مشتومڕی "ئایا دەرگاکان بۆ ئەورووپا دەکرێتەوە" دەستپێکرد و گوتیشی: "ئەگەر دەرگای ئەورووپا بکرێتەوە، ئەوا سوورییەکان زۆر دڵخۆش دەبەن. بە لایەکی کەمەوە سەدا ١٠ی پەنابەرانی سووری تورکیا دەیانەوێت بۆ ئەورووپا تێپەڕ بن".
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی رێکخراوی پردی گەلەکان، جەم تەرزی ئاماژەی بەوە دا کە لە سەرەتاوە رەخنە لە ھەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا لەبارەی پەنابەرانەوە دەگرن و راشیگەیاند سەرەڕای ئەوە، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا تەنانەت روونکردنەوەشیان لەبار وەرگرتنی پەنابەران نەکردووە.
تەرزی لە درێژەدا گوتیشی: "ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە تاکە دەردی وڵاتانی ئەورووپا، مانەوەی پەنابەرانە لە تورکیا. گشت پەنابەران مافیان ھەیە پەنا بۆ وڵاتێکی دیکە ببەن. ئەمە تاوانی مرۆڤایەتی نییە. ئەگەر تورکیا کەمێک دەستبەرداری رێوشوێنی ئەمنی سنوورەکان بێت، ئەوا دەستبەجێ جموجۆڵ دەست پێدەکات. ملیۆنێک لەو مرۆڤانە بۆ بەرامبەر تێپەڕ بوون و خێزانەکانیش لێرەدایە. لە تورکیادا چوار ملیۆن کەس (پەنابەر) ھەیە و لە ماوەیەکی کورتدا دابینکردنی ئایندەیەکی باش بۆ ئەو مرۆڤانە زۆر سەختە. دەیانەوێت بۆ ئەو وڵاتانە بچن کە دەرفەتی کارکردنیان باشترە".