ھەولێر
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا گوتی: "ئەم پڕۆسەیە زۆر گرنگە و جێگای ئومێدی ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پارچەکانی دیکەی کوردستانە کە سەرکەوتوو بێ و کاریگەریی لە سەر کێشەی کورد لە سووریا و ئێران و عێراق ھەیە".
سەعدی ئەحمەد پیرە ھەروەھا ئاماژەی بە 40 هەزار قوربانی پێکدادانەکان کرد و هیوای خواست چیتر کەس نەکوژرێ و فرمێسکی دایکان نەڕژێ.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی: "ھەر چەندە پڕۆسەکە سەرکەوتووتر بێ ئەوا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ تورکیا زیاتر و باشتریش دەبێ. ئەگەر لەوێ کورد دەستگیر بکرێ ئەوا کێشەی دەرونی لەنێو کوردانی ئێرەش دروست دەکات و نییەتی بەرپرسانی حکوومەت و لایەنەکانی کوردی لەو پڕۆسەیە گرنگە و ئەم ئاشتییە بە قازانجی ھەر دوو لایەنیشە".
سەعدی پیرە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەمەریکا گوتی: "ئەمە یەکەم سەردانە دوای شەڕی داعش و لەو سەفەرەدا باس لە یارمەتییە سەربازییەکان بۆ شەڕی تێرۆر و ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی و کێشەی ئابووری و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و کێشەی سووریا تاوتۆێ دەکرێن".