Hemn Baban
16 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2016
هەولێر
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پرۆفیسۆر د.ئەحمەد دزەیی دەڵێت "ئەگەر كورد نەبایە زۆر وڵات دەكەوتە ژێر هەڕەشەی داعش".
ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی سەڵاحەدین دیداری تایبەت بە 100 ساڵەی سایكس-پیكۆی لە هۆڵی ئەو دەزگایە لە شاری هەولێر بۆ ژمارەیەك لە مامۆستای زانكۆ و بەرپرسانی ئەو حزبە و چەندین كەسایەتی رێكخست.دیدارەكە كە ناونیشانی" دوای 100 ساڵ لە نەهامەتی و خەبات، بڕیاردان لە چارەەنووس مافێكی رەوای گەلی كوردستانە"ی هەڵگرتبوو چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بووبوون لەنێویاندا ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە د.رۆژ نوری شاوێس، مەحموود محەمەد، هەروەها ئەندامانی سەركردایەتی عەلی حوسێن و چنار سەعد عەبدوڵا لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیكەی حزبیش.
ئەو دیدارە كە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ بەسترابوو سێ پانێڵی لەخۆ دەگرت و بڕیارە ئەمڕۆ كۆتایی پێ بێت، پانێڵەكانیش ئەم بابەتانەی لەخۆ دەگرت لە پانێڵی یەكەم: "خوێندنەوەیەكی جوگرافی بۆ سایكس-پیكۆ"، پڕۆفیسۆر د.ئازاد نەقشبەندی، "سایكس-پیكۆ لەژێر سێبەری گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی"، د.خەلیل ئەتروشی، "فاكتەری ئابووری لە رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆدا"، د.دلێر ئیسماعیل حەقی شاوەیس، لە پانێلی دووەمیشدا ئەم بابەتانە هەن: "سایكس-پیكۆ لە روانگەی سیاسییەوە، د.جووتیار عادل، "سایكس-پیكۆ ل روانگەی یاساییەوە"، د.عوسمان عەلی وەیسی. لە پانێلی سێهەمیشدا "كوردستان، دەوڵەتێك بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی"، د.عەبدولڕەحمان سدیق، "دەوڵەتی چاوەڕوانكراوی كوردستان و رۆڵ و پێگەی ئافرەت"، د.ڤیان سلێمان.
لە نێوانی پانێڵەكانیشدا بەشداربووان بە پرسیار و تێبینی و سەرنجەكانییان ئامادەگییان هەبوو.
سەرەتای پانێڵەكە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی ئەو حزبە مەحموود محەمەد وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی" هەردوو نەتەوەی كورد و عەرەب لە سەردەمی سایكس-پیكۆ لە بچووكردنەوە دەترسان، هەردووكیان هەڵسان بە زیندووكردنەوەی ئەو شانازییانەی هەیانبوو، بۆیە لە ئاكامدا چەندین دەوڵەتی عەرەبی دروست بكەن و توركیش توانییان دەوڵەتێك بۆ خۆیان دروست بكەن كە بەسەركەوتنییان زانی، بەڵام كورد لە ناوچەكە بەش بەش كرا".
گوتیشی" لە سەردەمی رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆدا ئەو كاتە زلهێزەكان گرنگییان بە خواست و ویستی ناوچەكە نەدەدا، ئەو كاتە سەرباز و هێز زاڵ بوو و سەردەمی نەخوێندەواری و نا رۆشنبیری بوو لە ناوچەكە كە زۆر بڵاو بوو، ئەوەش وایكرد ئەوانەی پلانەكەیان داڕشت سەركەوتووبن لە دابەشكردنی گەلانی ناوچەكە و ئەو خاڵە لە بەرژوەندیی ئەواندا بوو".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدرێژەی قسەكانیدا لەبەردەم ئامادەبووانی دیدارەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە سایكس-پیكۆ بارێكی خراپ و ئاڵۆزی بۆ ناوچەكە دروست كرد و بەدرێژایی ئەو 100 ساڵە ناوچەكە ئارامیی بەخۆوە نەبینیوە، لەو بارەیەوە بە ئاماژەدان بە نەتەوەی كورد لە ناوچەكە گوتی" دوای 100 ساڵ ئێستا ناوچەكە بارگرژە و دەكوڵێت، ئەگەر كاتی خۆی هێز لە دەستی خەڵكی تر بوو بۆ ئەوەی بارگرژی دروست بكەن، ئێستا هێز لە دەستی كوردیشدایە كە دەتوانێت بارگرژی و سەقامگیریش دروست بكات، جاران ئەگەر خەڵكی كوردستان هزری نەتەوایەتییان كەوتبوونە ژێر ركێفی مەزهەبی و ئاینی، ئێستا هزری نەتەوایەتی زاڵە و بەشێكی زۆری ئەوانەشی كە پەیڕەوی رەوتی ئیسلامیشن رەتی ناكەنەوە".
درێژەی بە قسەكانی دا و روونی كردەوە" لەرووی ئابووریشەوە كوردستان بۆخۆی پێگە و جێگەیەكە چاوی دونیای لەسەرە و توانیوەیتی خۆی لەرووی ئابوورییەوە نمایش بكات و ئەو گۆڕانكارییە زۆر بە زەقی بەرچاو دەكەوێت".
سەبارەت بە كوردستانیش كە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشكراوە لە دوای ئەو رێككەوتننامەیە ناوبراو رایگەیاند" بەشی زۆری ئەوەی پێیدەگوترێت نیشتمانی كوردان ئێستا لەبەردەستی خودی كورداندایە بەتایبەت لە سوریا و لەعێراق و وەكو جاران نییە لەبەردەستی خەڵكی تردا بێت".
هەروەها باسی لەوەشكرد كە ئاستی تێگەیشتنی كورد و تاكی كورد بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی بە بەراورد بەو سەردەمەی سایكس-پیكۆی تێدا مۆر كرا جیاوازە، ئەو دەڵێت" لەرووی رۆشنبیری و خوێندەوارییەشەوە تێگەیشتنی خەڵك بۆ مەسەلە نەتەوایەتی و شتەكانی دیكە لە ئاستێكدایە دەتوانێت بڕیار لەسەر زۆر شتی چارەنووس ساز بدات".
مەحموود محەمەد لە درێژەی وتارەكەیدا بۆ ئامادەبووانی دیدارەكە گوتی" بۆ ئەوەی شوێنەوارەكانی ئەم رێككەوتننامەیە ریشەكێش بكرێت پێویستە رێككەوتنێكی نوێ لەم ناوچەیە بكرێت و خەڵك دڵنیابێت و بە ئاستێك بێت ناوچەكە نەبێتە پێگەیەكی بەهێز بۆ دروستكردنی نابەرقەراریی و تیرۆر بۆ ناوچەكە و بۆ دەرەوەشی".
گوتیشی" كاتی ئەوە هاتووە پشتگیری ئەو بیرۆكەیە بكەین، كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت و هەوڵ بدەین رێكخستنی خۆمان چی سیاسی یان كۆمەلایەتی بێت، پشتیوانی ئەو ئاراستەیەی سەرۆك بارزانی بكەین بۆ ئەوەی چیتر رێككەوتنی لە شێوەی سایكس-پیكۆ نەكرێتەوە".
دواتر سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پرۆفیسۆر د.ئەحمەد دزەیی لە وتارێكدا گوتی" كورد لەسەدەی رابردوودا و پاش رێككەوتننامە شوومەكەی 1916 سایكس-پیكۆ و پێشێلكردنی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانیدا و پارچەپارچەكردنی نیشتمانەكەی مێژوویەكی خوێناوی لەهەموو پارچەكانی كوردستان دەستی پێكرد كە تێیدا كوردستان لەژێر زەبر و ستەمی ئەو هەرێمانەی تێیدا دەژیا سیستەمە نەژادپەرستەكان هەوڵی قڕكردنی كوردیان دا و ئیدی ویستیان كورد وەكو میوانێكی كاتی لەژێر خاكە ژێردەستەكەیدا بژێت".
گوتیشی"كورد بەدرێژایی یەك سەدەی خۆڕاگرای بە خوێن و هەڵوێست سەلماندی وەكو هەموو گەلانی ئاشتیخوازی دونیا گەلێكی ئاشتیخوازە و تەنها ئەو ئازادییەی دەوێت كە بۆی بە رەوا نەبینراوە، ئێستا كورد لە هاوكێشەكاندا بووەتە بەشێكی كاریگەر و پشكی باشی تێدا بەردەكەوێت".
دزەیی لە درێژی قسەكانیدا لەو وتارەیدا گوتی" كاتێك كورد بە بوێری و ئازایەتییەوە بەرامبەر بە داعش وەستا كە چۆكی بە دوو وڵاتی ناوچەكە دادا، ئەگەر كورد نەبایە زۆر وڵات دەكەوتە ژێر هەڕەشەی داعش، بۆیە كورد لەو شەڕە تێڕوانینی زۆر لە گەلانی دونیا گۆڕی و ئیدی ئەوەی سەلماند كورد گەلێكی ستەمدیدەیە و دەبێت بە ئازادی و ئاشتی بژیت".
دواتر پانێلی یەكەم دەستی پێكرد و ئامادەبووان بە راو و سەرنج و بۆچوونەكانییان دەوڵەمەندییان كرد تا پانێڵی دووەم و سێهەمیش كە بەهەمان شێوە بەڕێوەچوون.