Hemn Baban
16 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2016
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژ نووری شاوێس لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند پێویستە هەموو كوردێك بزانێت سایكس-پیكۆ و لۆزان و سیڤەر چییە و چی روویداوە و چۆن ئەو حاڵە گەیشتووە بە ئەمڕۆ، پێویستە هەموو كوردێك مێژووی خۆی بزانێت.
شاوێس گوتیشی: " لە راستیدا ئەوەی جاران لە سایكس-پیكۆ روویداوە و بووەتە هۆی ئەوەی كورد هیچی دەست نەكەوێت و زەرەرمەندی یەكەم بێت ئەوەبووە كورد یەك دەنگ و یەكڕیز نەبووە، لەبەر ئەوە نەیتوانیوە شتێك بۆ خۆی دابین بكات".
لە درێژەی لێدوانەكەیدا لە پەراوێزی ئەو دیدارە تایبەتەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هات كە ئەمڕۆ لە هۆڵی دەزگاكە لە شاری هەولێر بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر واژۆكردنی رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ بەستی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كە لەنێویاندا ئاژانسی ئانادۆڵوش هەبوو رۆژ نووری شاوێس گوتی: " لە مێژوودا هەموو شتێك ئەگەری هەیە، داڕشتنی نەخشە و دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی و رزگاربوون و پێشكەوتنی كێشەی میللەتێك بەستراوە بە هێز و توانا و ئیرادەی ئەو میللەتە خۆیەوە، ئەوەی لێی تێگەیشتووم ئەوەیە كورد لەكاتی داڕشتنی سایكس-پیكۆ یەك دەنگ نەبووە".
سەبارەت بە یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دەبێت كورد كاری بۆ یەكڕیزیی بكات و حزبەكەشی كار بۆ ئەوە دەكات، روونیشی كردەوە: " دەبێت پێش هەموو شتێك بەرژوەندیی بەرزی میللەتەكەمان رەچاو بكەین، ئەوەش لە پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی هەیە و دۆزینەوەی رێگە چارە، رێگە چارەش بۆ گەیشتنی كورد بە ئامانجەكانی ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانیش داوای كردووە ئەوەیە ریفراندۆم بكرێت".
سەبارەت بە رێككەوتنی سیاسیی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن هەردوو لایەنەوە پەسەند كرا و پێدەچێت رۆژی سێ شەممە رێوڕەسمی ئیمزاكردنەكەی بە فەرمی بەڕێوەبچێت ناوبراو گوتی: "رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان شتێكە پەیوەندیی بەخۆیانەوە هەیە، هیوادارین مامەڵەیان لەگەڵ یەكتردا بۆ خزمەتی یەكڕیزی میللەتەكەمان بێت، بە پێچەوانەوە دەبنە جێی رەخنەی نەك پارتی بەتەنها بەڵكو لایەنەكانی دیكەش".
سەبارەت بە ئەگەری بوونی مەرج لەسەر پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان گوتی: " پارتی هیچ مەرجێك قبوڵ ناكات".
لە كۆتایی قسەكانیدا رۆژ نووری شاوێس دەربارەی گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا و هەوڵەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمان گوتی: "هەوڵ هەیە بۆ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد و ئومێد دەكەم بگەین بە چارەسەرێك بۆ هەردوولا باش بێت".
سەبارەت بە چارەنووسی كوردیش لە بەغدا گوتی: "ئەگەر بەغدا پابەند بێت بەو دەستوورەی نووسراوەتەوە و دەنگی لەسەر دراوە ئەگەر پابەندی ئەوە بێت، هەروەها پابەندی ئەوە بێت كورد هاوبەشییەتی لە دەسەڵات و هەموو شت ئەوكاتەش هێشتا لە بەرژوەندیی كورد دایە كە لەگەڵ بەغدا بێت تا دروستكردنی دەوڵەت".