Abdullah Shukur
11 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2016
کەرکووک
گرووپێکی تیرۆریستی کە لە ١١ کەس پێکھاتبوون لەلایەن ھێزەکانی ئەمنی شاری کەرکووکەوە دەستگیر کران.
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک عەقید خەتاب عومەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە، پلانێکی ئەمنی بەھێزمان لە شاری کەرکووک جێبەجێ کرد. ھاوکات پلانەکەمان سەرکەوتوو بوو. لە ماوەی مانگێکدا ھەڵمانکوتایە سەر چەند شوێنێک و گرووپێکی تیرۆریستی کە لە ١١ کەس پێکھاتبوون دەستگیرمان کرد. دیارە زۆربەی ئەوانەی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری کەرکووک دەستگیر کراون، خەڵکی بەڕەسەنی شارەکە نین. لە نێو ئەمانەشدا ئەو کەسانە بوونی ھەیە کە پێشتر بەناوی ئاوارە ھاتوونەتە نێو کەرکووک".
خەتاب عومەر ئاشکراشی کرد کە لە ئەنجامی ھەڵسەنگاندنی زانیاری ھەواڵگری ئۆپەراسیۆنیان لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکووک ئەنجام داوە و ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان دەستگیر کردووە.
ئەو لە کۆتاییدا گوتیشی: "گرووپێکمان دەستگیر کردووە کە ویستوویانە رووداوێکی ھاوشێوەی کەڕادە ئەنجام بدەن. ماوەیەکی کەم پێش جەژنی رەمەزان ھەڵسەنگاندنمان بۆ زانیاری ھەواڵگری کرد و گرووپێکی تیرۆریستی ١١ کەسیمان دەستگیر کرد کە یەکێکیان خۆکوژ بووە. دانیان بەوە ناوە کە ویستوویانە بەھۆی خۆکوژێکەوە ئۆتۆمبێڵێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوەندی بازاڕێکی قەرەباڵغ بتەقێننەوە".