Hemn Baban
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
هەولێر
هۆشیار زێباری دەڵێت كورد بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی كردنی حەیدەر عەبادی، بەڵام پێداچوونەوە بەپەیوەندییەكان دەكرێت.
وەزیری پێشووی دارایی عێراق هۆشیار زێباری كە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە متمانەی لێ وەرگیرایەوە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا كە لە هۆتێل رۆتانا لە شاری هەولێر بەستی، چەندین زانیاریی ئاشكرا كرد و باسی لە رێوشوێنەكانی وەرگرتنەوەی متمانەکە لێی كرد.
زێباری لەوبارەیەوە لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو رایگەیاند "دەنگدانەكەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق سیاسی بوو و بە كینە و تۆڵەسەندنەوە بوو لە كەسی وەزیر و هەرێمی كوردستان و حكوومەتی حەیدەر عەبادی، دەنگدانێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو بە پلەی یەكەم سیاسیی بوو، رەنگە زۆر كەسیش دڵی خۆش بكات بەوەی ئەوە شكستە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتی، بەڵام پارتی و سەرۆك بارزانی لەوە گەورەترە بە لادانی هۆشیار زێباری بشكێت".
گوتیشی كە 25ی ئاب بە راشكاویی و بەبێ خۆ دزینەوە وەڵامی هەموو پرسیارەكانییان بە بەڵگەنامە و بە زارەكیش داوەتەوە.
زێباری كە دوێنی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 158 دەنگی بە نەخێر و 77 دەنگی بە بەڵێ بۆ مانەوەی و 14 دەنگی بەتاڵیش لەپۆستەكەی لابرا گوتی "بەپێی دەستووری عێراق گفتوگۆی لێپرسینەوە لە هەر بەرپرسێك بەلانی كەم هیچ نەبێت ئینجا دەست پێدەكات، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بوار بدەن بە هەموو ئەندامێك بۆ ئەوەی هەموو راستییەكان ببینن، بەڵام ئەمە رووینەدا، چونكە مەسەلەكە سیاسی بوو سەپاندییان كە دوای دوو رۆژ خرایە بەرنامەی كارەوە".
لە درێژەی قسەكانیدا وەزیری پێشووی دارایی عێراق گوتی "لە دادگەی دەستووری لەسەر یاسایی بوونی ئەو دانیشتنە سكاڵامان تۆماركردووە، هەروەها ئێمە ئەزانیین مەسەلەكە سیاسییە ئەم متمانە لێ وەرگرتنەوەیە، دوێنێ خەڵكێكی زۆر بەڵێنییان پێداین بەوەی دەنگ لە بەرژەوەندیی ئێمە بدەن، بەڵام كە دانیشتنەكە كرا بە نهێنی دوو روویی هەندێكمان بۆ دەركەوت، لە هیچ پەرلەمانێكی دنیاش نییە دەنگدان بەنهێنی بێت لەسەر ئەو مەسەلەیە".
گوتیشی "ئێمە لەگەڵ سەلیم جبووری و جێگرەكەشی كرد بەوەی كە دانیشتنی دوێنێ نایاسایی بوو و گوتمان كە 103 ئەندام دەڵێن نایاسایی بوو، هەروەها پێشتر باس لەوە كرابوو كە ئەو مەسەلەی متمانە لێ وەرگرتنەوە كاتی نییە، چونكە كێشەی دارایی هەیە، هەروەها وتووێژ هەیە بۆ وەرگرتنی قەرز و ئەو شتانە، بەڵام هەر سوور بوون لەسەر ئەوەی ئەو كارە بكەن".
لە درێژەی قسەكانیدا زێباری گوتی "دەوڵەتی یاسا و خودی نوری مالیكی بەهۆی ئەوەی كینەیەكی زۆری هەیە لەسەر هەرێم و لەسەر خودی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش و ئامانجییان زیاتر رووخاندنی حكوومەتەكەیەتی، ئەگەر نا دەوڵەتێك لەشەڕی داعشە وەزیری بەرگرییەكەی متمانەی لێ وەردەگیرێتەوە، وڵاتێك لە دانووستاندایە بۆ وەرگرتنی قەرز و كێشەی دارایی هەیە، بۆیە ئەمە مەسەلەیەكی سادە نییە، ئەمە مەرامی سیاسیی لە پشتەوە هەیە".
زێباری ئەوەشی ئاشكراكرد كە لە دەستەی دەستپاكی و لە دادگە چەند سكاڵایەكیان تۆماركردووە لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی لە پشت هەوڵەكانی لێ سەندنەوەی متمانە لە زێباری بوو كە مەبەست لێی پەرلەمانتار و سەرۆكی لێژنەی دارایی "هەیسەم جبووری"یە و گوتی ئەو خۆی یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی كێشەی گەندەڵیی هەیە و پۆستی خۆی بەكارهێناوە و هێشتا دۆخی دارایی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی رانەگەیاندووە.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "بەتەنها لە ساڵی پار 35 ملیار دۆلارمان لە خەرجی گشتی كەمكردووە و پاراستووە بۆ ئەوەی نەهێڵین تووشی كێشە ببین، بۆیە ئێمە چاومان لە مووچەی چەند پێشمەرگەیەك یان چاككردنەوەی خانوویەك نییە، ئێمە لەكاتی بەستنی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا چەندین خانووی چەندین بەرپرسمان چاككردووەتەوە و نۆژەنكردووەتەوە كە خانووی وای تێدایە ملیۆنێك هەیە، دوو ملیۆن و زیاتریش دۆلاری بۆ خەرج كراوە، تەنها بارەگای سەرۆكی هەرێم نەبێت كە یەك فلسیشی بۆ خەرج نەكراوە، لەنێو ئەو خانووانەشی چاككراونەتەوە خانووی خودی نوری مالیكی و هەموو ئەوانەش بە بەڵگەوە لامانن".
زێباری گوتیشی "ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری دادگە دەكەین، هەروەها ئەو بڕیارەی پەرلەمان بە وەرگرتنەوەی متمانە كاریگەریی نابێت لەسەر پاڵپشتی كردنمان بۆ عەبادی، كەسیش دڵی خۆش نەكات لەم كێشەیە پارتی یان سەرۆك بارزانی پێی شكان".
باسی لەوەشكرد كە پێشتر جێگری سەرۆكوەزیرانییان هەبووە لەگەڵ سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق و هەروەها بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام هەمووی لە كورد وەرگیراونەتەوە و ئەوەش كێشەیە، بۆیە هەوڵێك بۆ لێوەرگرتنەوەی پۆستەكان هەیە و مەرامی سیاسیی لەپشتەوە.
ئەوە رەخنەشی لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی و چەند فراكسیۆنێكیش گرت لەوەی هەڵوێستییان هەبووبێت و لە بەرژەوەندیی ئێمە دەنگ بدەن، بەڵام وا دەرنەچوون.
گوتیشی "هەڵوێست و پێداچوونەوەمان دەبێت بۆ بەشدارییمان لە عێراق، ئەوەش مانای ئەوە نییە كە دەكشێینەوە لە پرۆسەی سیاسی، بەڵام بێ گومان پێداچوونەوەمان بۆ پەیوەندییەكان دەبێت".
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "سندووقی نەختی نێودەوڵەتی لە چەند رۆژ لەمەوبەر لەگەڵیان كۆبووینەوە لە عەمان و تێبینی زۆر خراپییان لەسەر تۆماركردووین وەكو عێراق، ئێمە ئەوەمان دواخست و ئەگەر ئەوە ببێت بەكرداریی و جێبەجێی بكەین ئەوە زۆر شت دەگۆڕێت و بانكی نێودەوڵەتی و ئەمریكا و وڵاتانی پیشەسازی و ئەوانی دیكەش قەرز بە عێراق نادەین، بۆیە ئەو وتووێژانەش كاریگەرییان بە متمانە لێوەرگرتنەوەوە لە من دەبێت".
گوتیشی "مەبەست لەو رێوشوێنە بۆ ئەوە بوو هەرێمی كوردستان ئیستیفزاز بكرێت تا هەڵوێست وەربگرێت و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا خراپتر بێت، ئەوانەی وا بیر دەكەنەوە بەرەو رێگەیەكی خراپ دەڕۆن و هەنگاوەكانی خۆیان خراپە و عێراقیش بەرەو خراپەكاری دەبەن".