Sarmand Hameed
05 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2019
قودس - AA
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئهمریكا، جۆن بۆڵتن ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بە سەردانێک گەیشتە ئیسرائیل، بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.
رۆژنامەی یەدیعووت ئەحرەنووت لە جۆن بۆڵتن-ی گواستووەتەوە کە بە گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی بن گۆریون لە تەلئەبیب رایگەیاندووە "هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن رژێمی سووریاوە، رووینەداوە".
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئهمریكا هۆشداری داوەتە رژێمی سووریا لەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ببێتە دەرفەت بۆ رژێمی سووریا بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.
بەپێی رادیۆی ئیسرائیل، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاندووە کە ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکە روونیشیکردووەتەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە گەشتە چاوەڕوانکراوەکەی هەفتەی داهاتووی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەشت وڵات لەخۆدەگرێت، بڕیاری وڵاتەکەی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا بۆ ئەو وڵاتانە روون دەکاتەوە.
دوێنی هەینی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە کەناڵی حوڕەی ئەمریکی بڵاوی کردبووەوە، رایگەیاندبوو کە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ گەشتێک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات.
لە بەیاننامەکەدا روونکرابووەوە کە گەشتەکەی پۆمپیۆ هەریەک لە وڵاتانی ئوردن، قەتەر، ئیمارات، میسر، بەحرێن، عوممان و کوێت دەگرێتەوە.
راشگەیەنرابوو کە پۆمپیۆ لە ٨ی کانوونی دووەم بە سەردانیکردنی ئوردن دەست بە گەشتەی دەکات و لە ١٥ی هەمان مانگ بە سەردانیکردنی کوێت کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.