هه‌ولێر-AA
سه‌رۆكی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، عه‌دنان موفتی رایگه‌یاند "عێراق بهمهركهزییهت به‌ڕێوه‌ناچێت و ده‌وڵه‌تی كوردی مافی كورده"، موفتی ده‌شڵێت" نه‌عێراق و نهسووریا به‌یه‌كپارچه‌یی نه‌ماونه‌ته‌وه". ئه‌و راشیده‌گه‌یه‌نێت "حكوومه‌تی بنكه فراوانی هه‌رێم شكستی خواردووه".عه‌دنان موفتی ره‌تی ده‌كاته‌وه یه‌كێتی و پارتی رێككه‌وتنیان كردبێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكوومه‌ت به‌په‌راوێزخستنی گۆڕان.
سه‌رۆكی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، عه‌دنان موفتی له هه‌فپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ندین پرسی هه‌رێمی و عێراقی و تایبه‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان و ناوخۆی حزبه‌كه‌شی.
- عێراق و عێراقی دوای داعش
ئه‌و له‌باره‌ی عێراقی دوای داعش و هاتنه كایه‌ی بارودۆخی نوێوه بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئه‌وه بۆ سێ ساڵ ده‌چێت داعش ناوچه‌یه‌كی فراوانی داگیركردووه و ژیانی دانیشتووانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشی تێكداوه، جگه له‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌میلله‌تانی ھەرێمی كوردستان و برا ئێزدییه‌كانی كردووه، ئێستا شه‌ڕی مووسڵ كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه ده‌ستی پێكردووه ئه‌و پرسیاره‌ی هێناوه‌ته ئاراوە كه ئایا عێراق دوای داعش به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و چی به‌سه‌ر دێت؟، پێش هه‌موو شتێك له‌وه ناچێت له‌باره‌ی چۆنیەتی ئیداره‌دانی مووسڵ و عێراقیش له‌دوای داعش هیچ لێكتێگه‌یشتنێك كرابێت، چه‌ند كێشه‌یه‌ك هه‌یه رووبه‌ڕووی به‌رپرسان له حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێته‌وه له‌مباره‌یه‌وه. به‌نیسبه‌ت ئێمه‌وه ناوچه دابڕاوه‌كان كه به‌شێكییان ده‌كه‌وێته پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئازادكراون چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه ئه‌مه پێویستی به‌ڕێككه‌وتن و گفتوگۆی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كانه".
ئه‌و سه‌باره‌ت به‌پڕۆسه‌ی سیاسی له عێراقی دوای داعش‌یش ده‌ڵێت "مه‌سه‌له‌ی دووه‌م له‌دوای داعش ئه‌وه‌یه پڕۆسه‌ی سیاسی به‌گشتی له عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟، عێراق دوای رووخانی رژێم تا ئێستا له پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و دیموكرات و پابه‌ند به‌مافه‌كانی مرۆڤ و دیموكراسییه‌ت و دابینكردنی مافه ره‌واكانی پێكهاته‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، ئایا ئه‌و عێراقه وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه؟، یان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان سوننه و شیعه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، دیاره نه‌ك نه‌مانتوانیوه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵكو ناكۆكییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه قوڵتر بوونه‌ته‌وه، ته‌نها له عێراقیشدا ئه‌و كێشه‌یه بوونی نییه، به‌ڵكو له سعوودیه، كه‌نداو، یه‌مه‌ن، سووریا، لوبنان و له شوێنی دیكه‌ش هه‌یه".
ئه‌و درێژه به‌قسه‌كانی ده‌دات و روونی ده‌كاته‌وه "بۆیه له‌لایه‌كه‌وه ئایندهی عێراق له‌دوای داعش په‌یوه‌ندیی به‌ئاینده‌ی سووریاوه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی بهناكۆكیی نێوان سوننه و شیعه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه وه‌كو ئێران و توركیاوه و ناكۆكیی نێوانیانه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر چی له راگه‌یاندنه‌كان نابینین ناكۆكییه‌كی زۆر گه‌وره‌یان له‌نێواندا بێت، به‌ڵام ناكۆكییه‌كه مێژووییه و له زۆر رووه‌وه ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه، هه‌روه‌ها وڵاتانی كه‌نداو و سعوودیه به‌شێكن له‌و ناكۆكییه، بۆیه ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی و سێقۆڵی هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟".
ده‌شڵێت "له‌و لاشه‌وه گۆڕانكاریی جیهانیش هه‌یه كه داعش و رێكخراوه‌كانی هاوشێوه‌ی مه‌ترسیین له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك و وڵاتانی دونیا و له‌سه‌ر ئارامی و مافه‌كانی مرۆڤ، بۆیه ده‌بینین هه‌موو دنیا چاوی له‌م ناوچه‌یه‌یه كه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش وایكردووه پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان كه شه‌ڕی قاره‌مانانه ده‌كەن له دژی داعش بووه‌ته جێگەی رێزی هه‌موو دونیا، هه‌روه‌ها شه‌ڕ و پێكدانانی سووریا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه، رووسیا به‌هێزه‌وه هاتووه‌ته‌وه مه‌یدان و كه‌شتیگه‌لی هاتووه‌ته ناو جه‌نگه‌كه و به‌فڕۆكه بۆردومان ده‌كات و بووه‌ته یاریكه‌رێكی گه‌وره له مه‌سه‌له‌ی سووریا و مه‌سه‌له‌ی دیكه‌شدا".
سه‌باره‌ت بهكاریگهریی ترامپیشه‌وه وه‌كو سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا له‌سه‌ر جیهان و ناوچه‌كه عه‌دنان موفتی رایده‌گه‌یه‌نێت "هه‌روه‌ها له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دوای هه‌ڵبژاردنی ترامپ به‌سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت، ئێستا هه‌فته‌یه‌كه له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ده‌نگده‌رانی دابوو خه‌ریكه جێبه‌جێییان ده‌كات له‌ڕووی په‌نابه‌ران و په‌ناهه‌نده و مه‌سه‌له‌ی ڤیزا و مانه‌وه و شتی تر، بۆچوونی ترامپ بۆ مه‌سه‌له‌كان له‌ڕووی پراكتیكه‌وه چۆن ده‌بێت،؟ ئه‌مانه بۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له‌به‌ر چاومان بێت، پێم وایه ده‌بێت ئێمه وه‌كو چۆن وڵاتانی گه‌وره‌تر چۆن گفتوگۆ و دیالۆگ ده‌كه‌ن له‌به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاته‌كانییان، ئێمه‌ش ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی كوردستان له‌پێش چاومان بێت و هه‌نگاو بنێین بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان ئاماده بكه‌ین بۆ داهاتوو".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی عێراقی دوای داعش به‌ره‌و دیموكراسی زیاتر یان پارچه پارچه بوون ده‌چێت، موفتی رایده‌گه‌یه‌نێت "عێراق تا ئێستا عێراقێكی یه‌كگرتوو نییه، راسته هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی ده‌ستوورییه‌وه فیدڕاڵیییهتی هه‌یه، به‌ڵام له چه‌ند ساڵی رابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ناوه‌ند تووشی شكست و كشانه‌وه بووه له بری به‌ره‌و پێشوه‌چوون، كێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا له مه‌سه‌له‌ی بوودجه، نه‌وت و غاز و ناوچه دابڕاوه‌كان هه‌یه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌یوه‌ندیی سوننه و شیعه گه‌یشتووه‌ته راده‌یه‌ك له په‌یوه‌ندیی نێوان كورد و عه‌ره‌ب خراپتربووه، بۆیه ئێستا به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حزبه سیاسییه‌كان و ده‌بێت بپرسین ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هەیه عێراق جارێكی تر به‌یه‌كگرتووی بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر بڵێین به‌ڵێ ئه‌وا ناكرێت به‌شێوه‌ی رابردوو بێت، چونكه به‌و شێوه‌یه شكستی هێناوه، ئه‌گه‌ر بڵێین نەخێر ده‌بێت به‌دوای شێوازێكی نوێ‌دا بگه‌ڕێین".
عه‌دنان موفتی كه له‌دایكبووی ساڵی 1954 و له 14 ساڵییه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه و له رێكخراوی قوتابیان بووه، له سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌م حزبه‌وه كردووه و له چه‌ند كابینه‌یه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌زیری شاره‌وانی، دارایی و ئابووری بووه. له ساڵی 2001 بووه به‌جێگری سه‌رۆك وه‌زیران. له ساڵی 2005 تا 2009 سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بووه. ئه‌و له درێژه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارهیدا ده‌ڵێت "پێم وایه له عێراقی دوای داعش پێویست ده‌كات راستگۆیانه له‌گه‌ڵ یه‌كتر دیالۆگ بكه‌ین، به‌تایبه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕاڵ، دیاره پێویسته حكوومه‌تی فیدڕاڵ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سوننییه‌كانیش دیالۆگ بكاته‌وه، نه‌ك ته‌نها ئه‌وانه‌ی له حكوومه‌ت و په‌رله‌مان به‌شدارن، به‌ڵكو ده‌بێت لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سوننه‌ش به‌شدارییان پێ بكرێت، ئێستا به‌شێكیان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه و به‌شێكیان بوون به‌ئۆپۆزسیۆن، به‌شێكیان ویستراوه تێكه‌ڵ بكرێن له‌گه‌ڵ رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، به‌شێكیان تێكه‌ڵ بوون، ده‌بێت ئه‌مانه جیا بكرێنه‌وه، ده‌بێت بزانین ده‌كرێت به‌رده‌وام بین له عێراق به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو پێكهاته‌كان بتوانن تایبه‌تمه‌ندی خۆیان بپارێزن و هه‌ست به‌هاووڵاتی بوون و مافی خۆیان بكه‌ن و ئه‌گه‌ر باشترین نموونه‌ش بۆ ئه‌مه وه‌ربگرین، ئه‌وا باشترین شێوه بۆ عێراق كۆنفیدڕاڵهت ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه ناوبراو روونی ده‌كاته‌وه "ئه‌گه‌ر نهشتوانیین ئه‌وا به‌نیسبه‌ت كورد مافی سه‌ربه‌خۆی مافێكی سروشتییه، مافێكه هه‌رێمی كوردستان ده‌بایه پێش 100 ساڵ دوای نه‌مانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی وه‌كو میلله‌تانی تر ده‌وڵه‌تی خۆمان هه‌بووایە، به‌ڵام دابه‌شكرا كوردستان و كورد له‌و مافه بێ به‌شكرا، بۆیه ئێمه وه‌كو باشووری كوردستان هه‌قی خۆمانه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بپارێزین كه له‌گه‌ڵ عێراقدا بمێنینه‌وه یان نا، به‌ڵام هه‌موو رێگه‌كان هه‌ر ده‌بێت به‌دیالۆگ بكرێت".
عه‌دنان موفتی له‌م ههفپهیڤینهیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری ته‌ندروستبوونی عێراق له‌ڕووی پێكه‌وه ژیان و دیموكراسی بوونی قسه ده‌كات و ده‌ڵێت "ئه‌ركه‌كه قورسه، ناكۆكییه‌كان قووڵن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌بێت، ده‌بێت بیربكه‌ینه‌وه برینه‌كان چه‌ند قووڵن و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. له سیاسه‌تدا موسته‌حیل نییه، به‌ڵام گه‌شبینیش ده‌بێت بنه‌مای هه‌بێت، تا ئێستا ئه‌و بنه‌مایانه نابینم كه عێراق به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه بچێت، نه‌له به‌غدا و نه‌له‌لای خۆمان، نهڕووداوهكانی سێ ساڵه‌ی داعش، ئێستا نه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ر كێشه‌ی نه‌وت و غاز و بوودجه و ناوچه دابڕاوه‌كانه، ئێستا كێشه‌ی كولتوور و رۆشنبیریشه و دوو كۆمه‌ڵگه‌ی جیاوازه ته‌نها له نه‌خشه به‌یه‌كگرتووی ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی به‌غدا و سیاسه‌تی هه‌رێم ئاوا بێت ئه‌وا ئه‌گه‌ری یه‌كگرتنه‌وه زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت".
ئه‌و ده‌شڵێت "ویستی پێكه‌وه‌ژیان كه‌م بووه‌ته‌وه، ئێمه زمان و مێژوو و جوگرافیامان جیاوازه. له به‌غداش ئیراده‌یه‌ك نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌ندێك جار ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ڵه چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن، یان كێشه‌كانی هه‌رێم قوڵتر بكه‌نه‌وه له بری چاره‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی ده‌بێت. ئه‌مڕۆ ئه‌مریكا و ئێران و توركیاش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئایندهی عێراق و ناوچه‌كه‌ش ده‌بێت، ئه‌وه جگه له وڵاتانی دیكه، چونكه ئه‌وه‌تا ئێستا گفتوگۆ ده‌كرێت له‌باره‌ی ئایندهی سووریا، قسه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت، به‌ڵام یه‌كپارچه‌یی نه‌له سووریا ماوه‌ته‌وه نه‌له‌عێراق".
سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه حزبه‌كه‌ی به‌هاوبه‌شی سه‌ره‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت روونی ده‌كاته‌وه "ئێمه ئه‌گه‌ر جیاش بینه‌وه ئه‌وا ده‌بێت پێكه‌وه‌ژیان هه‌بێت، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان ده‌بێت، پێكه‌وه‌ژیان ئیراده و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌دیالۆگ ده‌بێت، سه‌پاندنی چاره‌سه‌ر به‌ناوی زۆرینه‌وه به‌سه‌ر چووه، عێراق ناتوانرێت بهمهركهزییهت به‌ڕێوه‌بچێت، به‌زه‌بری سوپا و ئه‌وانه نابێت، ئێستا جیهانیش قبووڵی مه‌ركه‌زییه‌ت به‌و شێوه‌یه له هیچ شوێنێك ناكات، كوردیش چه‌ندین جار سته‌می لێكرا و ئه‌نفال كرا و كیمیاباران كرا كه‌س پێنه‌ده‌زانی، بۆیه ئێستا زه‌مه‌ن گۆڕاوه و هه‌ر شتێك بكرێت دنیا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات، نموونه‌ی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان ده‌بینین كه‌س ناتوانێت ئه‌و تاوانانه چاوپۆشی لێ بكرێت، ناكرێت ئیراده‌ی زۆرینه به‌سه‌ر كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ش بسه‌پێنرێت، چونكه ئه‌و كات دنیاش له‌سه‌ریان دێته وه‌ڵام".
- هه‌رێمی كوردستان و پرسی ده‌وڵه‌ت
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سه‌رۆكی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه تیشك ده‌خاته سه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی و ئه‌گه‌ره‌كانی و رایده‌گه‌یه‌نێت "پێم وانییه ده‌نگی ناڕازی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه هه‌بێت، نه‌مبیستووه هیچ حزبێك دژی ده‌وڵه‌تی كوردی بێـت، به‌ڵام ناكۆكییه‌كانی نێوان حزبه‌كان وایكردووه هیچ حزبێك به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر رازی نه‌بێت ئه‌گه‌ر راستیش بێت، ئه‌گه‌ر نا مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت مافێكه هه‌موو حزبه‌كان باوه‌ڕیان پێیه و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن، ئێمه 50 ساڵ پێش ئێستا خه‌ونمان به‌حوكمی زاتییه‌وه ده‌بینی، دوای فیدڕاڵییهتیش خه‌ون بوو، مام جه‌لال كه گوتی 'ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌ونه' ئه‌وا مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو ئومێده و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بێته دی، ئه‌گه‌ر نا ئه‌ی بۆچی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان مافی چاره‌ی خۆنووسینی دیاری كرد، ئه‌ی بۆچی له پێشه‌كی ده‌ستووری عێراق نووسراوه مانه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌كپارچه‌یی به‌نده به‌جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و ره‌چاوكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و پێكهاته‌كان".
ئه‌و پێشی وایه ده‌وڵه‌تی كوردی پێویستی به‌نه‌خشه رێگه‌یه‌ك هه‌یه كه هێشتا له چوارچێوه‌ی قسه‌دایه و كاری بۆ نه‌كراوه، موفتی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "دوو بابه‌ت هه‌یه له‌مباره‌یه‌وه، یه‌كێكیان زه‌مینه‌ی ناوخۆییه، ئه‌وی دیكه زه‌مینه‌ی دهورووپشتمانه، ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌موومان له گه‌ڵین، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌و ئامانجه ده‌بێت هه‌ردوو لایه‌نه‌كه ره‌چاو بكه‌ین، بۆیه ده‌بێت یه‌كه‌م هه‌موو میلله‌ت له‌گه‌ڵمان بێت كه ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنین و میلله‌تیش ئێستا ئه‌و حزبانه‌ن، ئه‌گه‌ر دیالۆگی راسته‌قینه هه‌بێت به‌له‌به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌مان ئه‌وا ده‌توانیین بگه‌ین به‌چاره‌سه‌ر، راسته كێشه هه‌یه و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام ده‌بێت رێبكه‌ون بۆ داڕشتنی نه‌خشه رێگه بۆ چۆنێتی گه‌یشتن به‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، تا ئێستا ئه‌م نه‌خشه رێگه‌یه به‌قسه هه‌یه، كاتی خۆی كه راپه‌ڕینمان كرد نه‌خشه رێگهدانرا حزبه‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی خه‌ڵكی ھەرێمی كوردستان سه‌ركه‌وتین، هه‌ڵبژاردنمان كرد و حكوومه‌تمان دروست كرد، به‌ڵام دواتر شه‌ڕی ناوخۆ و ناكۆكییه‌كان ده‌ستی پێكرد پێشكه‌وتنمان راوه‌ستا".
ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان باس له‌وه‌ش ده‌كات كه ده‌بێت هه‌نگاوه‌كان هه‌ڵبنرێن بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی كه به‌لای ئه‌وه‌وه هه‌نگاوه‌كان بریتیین له "هه‌نگاوی سه‌ره‌كی ئێستا ئه‌وه‌یه كێشه‌كانی نێوخۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێستا ده‌وڵه‌تانیش پاڵپشتیی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ئاشكراش نه‌بێت لانیكه‌م له دانیشتنه دووقوڵییهكان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد یه‌گگرتوو بێت ئه‌وا ئه‌و ده‌رگایه ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی بكرێت، هه‌روه‌ها پێویسته دیالۆگ بكه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه ده‌وڵه‌تی شه‌ڕمان ناوێت، چونكه ئێمه له‌سه‌ر حسابی هیچ پێكهاته‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت دانامه‌زرێنین، ده‌بێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌ستی دۆستایه‌تی بۆ ده‌ورو جیران درێژ بكات، چونكه ئێمه ئامانجمان شه‌ڕكردن نییه، له‌باره‌ی پارچه‌كانی دیكه‌شه‌وه ئه‌وان خه‌باتی خۆیان ده‌كه‌ن و رێكخراو و حزبی سیاسی خۆیان هه‌یه رێگه‌ی خۆیان ده‌بیننه‌وه بۆ دوا رۆژی خۆیان".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ده‌ستی ده‌ره‌كی له پشت دواخستنی پرسی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه هه‌یه؟ عه‌دنان موفتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "هۆكاری ده‌ره‌كی له‌هه‌موو شت ده‌بینرێته‌وه، به‌ڵام دواتر دێت، هیچ پیلان و پلانێك نییه له‌لایه‌ن ناحه‌زانی كورده‌وه بیه‌وێت بیسه‌پێنێت كورد ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت كاتێك سه‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر ناكۆكییمان هه‌بێت، بۆ نموونه چه‌سپاندنی فیدڕاڵییه‌ت له عێراق، چونكه یهكگرتووبووین و ناكۆكیمان نه‌بوو سه‌ركه‌وتووبووین تێیدا و نه‌یانتوانی رێگه له كورد بگرن له‌وباره‌یه‌وه".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌شی كه ئایا دۆناڵد ترامپ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی پاڵپشتیی له كورد ده‌كات، عه‌دنان موفتی ده‌ڵێت "هه‌نگاوی یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو بین ئه‌وا وڵاتانی دونیا به‌چاوێكی دیكه‌وه ته‌ماشامان ده‌كه‌ن، بۆیه بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌نگاوی یه‌كه‌م چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوخۆییه، دووه‌م دیالۆگه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و به‌غدا، ئه‌و عێراقه‌ی ده‌ستوور باسی لێوه‌ده‌كات دانه‌مه‌زراوه تا ئێستاش، ده‌بێت خۆشمان چاكسازی له‌ناو خۆماندا بكه‌ین و خه‌ڵكی كوردستان پشتگیری له هه‌نگاوه‌كان بكه‌ن. ئه‌وه‌ش به‌باشكردنی متمانه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان و باشتركردنی بارودۆخی بژێوی خه‌ڵك، ده‌بێت عێراقییه‌كان بزانن ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یه و بۆ دژایه‌تی كه‌س و هیچ وڵاتێكی وه‌كو ئێران و توركیا دانامه‌زرێت".
-حه‌شدی شه‌عبی و ناوچه دابڕاوه‌كان.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سه‌رۆكی پێشووتری په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌دنان موفتی باس له حه‌شدی ده‌كات و له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌مان مه‌ترسی دروست ناكه‌ن به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ناوچه دابڕێنراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و بۆچوونی وایه "داواكردنه‌وه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان له هه‌موو حاڵه‌تێكدا مافێكی خۆمانه، حه‌شدی شه‌عبیش چه‌ندین جۆریان هه‌یه، ئێستا به‌یاسا بوونه‌ته به‌شێك له سوپای عێراق، بۆیه ناكرێت قسه له‌گه‌ڵ ئه‌مان بكه‌ین، ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گفتوگۆ بكه‌ین كه سه‌ركرده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانه، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت هه‌ر هه‌ڵوێستێكیان دژی ئه‌وه هه‌بێت ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران قسه بكرێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو هه‌ندێك قسه كرا، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێم به‌توندی وه‌ڵامی دایه‌وه و ئه‌وه‌ش باش بوو".
ئه‌و پێشیوایه "بۆیه لایه‌نی ئه‌رێنی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ په‌سه‌ندكردنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وه بوو كه ئه‌وان ده‌بێت كۆنتڕۆلیان بكه‌ن، له‌ڕووی كرده‌وه‌یی ناوچه دابڕاوه‌كان گۆڕاوه و پێشمه‌رگه خوێنی داوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بپارێزێت، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌بێت به‌دیالۆگ بكرێت"
ده‌شڵێت "خاڵێك هه‌یه له ده‌ستووردا ده‌ڵێت خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه خۆیان بڕیار له‌سه‌ر ناوچه‌كانییان ده‌ده‌ن، ده‌بێت ریفراندۆم بكرێت و له‌گه‌ڵ كێ بوون ده‌بێت رێز له ئیراده‌یان بگیرێت، تا ئێستا لێپرسراوانی هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه ناكشێنه‌وه".
عه‌دنان موفتی له‌باره‌ی بوونی مه‌ترسی حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر كوردیش ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر مه‌ترسی هه‌بێت ئه‌وا له سیاسه‌تی به‌غدایه، چونكه حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكه له سوپای عێراق، ئه‌گه‌ر شتێك بێ بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بكات ئه‌وا ده‌بێت ئێمه و به‌غداش دژی بین، ده‌بێت رێگری لێ بكرێت و حكوومه‌تی عێراق رێگه به‌هیچ پێشێلكارییه‌ك نه‌دات".
- په‌كخستنی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی بارودۆخی هه‌رێم
سه‌رۆكی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌دنان موفتی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له په‌كخستنی په‌رله‌مان ده‌كات و پێی وایه هه‌ڵه‌یه‌ك بوو و پێش ئه‌م پهكخستنهش هه‌ڵه‌ی تر كرابوو، ئه‌و ده‌ڵێت "نه‌ك په‌كخستنی په‌رله‌مان به‌ته‌نها كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌رمان هه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌نێوان حزبه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆكایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌تیش كاریگه‌ریی هه‌یه، ئه‌و حكوومه‌ته بنكه فراوانه‌ی له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2013 دروستبوو شكستی هێنا. یه‌كێك له‌و شكستانه ئه‌وه بوو په‌رله‌مان په‌كخرا و تا ئه‌مڕۆ نه‌ك بووه‌ته هۆكارێكی زیاتر بۆ زیادكردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان حزبه سیاسییه‌كان، ئیدی نرخی نه‌وت دابه‌زی و داعش بوون بهدراوسێمان و ئیتر ده‌ره‌وه وه‌كو پێویست ته‌ماشامان ناكه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی بینیومن له‌شاندی بیانی و ناوخۆییش دووپاتیان كردووه‌ته‌وه ده‌بێت نێوانی خۆمان باش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان زیاتر هاوكارییمان بكه‌ن"
ئه‌و سه‌باره‌ت بهپهكخستنی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت "خۆی هه‌ڵه دوای هه‌ڵه دێت، كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه هه‌بوون په‌كخستنی په‌رله‌مان یه‌كێك له‌و هه‌ڵانه بوون، باكگراوندی هه‌یه و چه‌ند هه‌نگاوێكی پێشتر هه‌بووه و شتی خراپیشی به‌دوای خۆیدا هێنا".
ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، عه‌دنان موفتی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ره‌تی ده‌كاته‌وه پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پێكهێنانه‌وه‌ی حكوومه‌ت به‌په‌راوێزخستنی چه‌ند لایه‌نێك به‌دیاریكراویش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێككهوتبێتن، ئه‌و ده‌ڵێت "هیچ شتێك له ئارادا نییه پارتی و یه‌كێتی رێكبكه‌ون و گۆڕان دووربخرێته‌وه، شتی وا نییه، ئه‌وه‌ی له گفتوگۆدا هه‌یه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه، چۆنێتی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه، به‌شداریی لایه‌نه‌كانه له حكوومه‌ت، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه حكوومه‌تێك دابمه‌زرێت هه‌موو لایه‌نه‌كان تێیدا به‌شداربن، به‌ڵام یه‌كێتی ناتوانێت ببێته نوێنه‌ری گۆڕان یان پارتی، ده‌بێت ئه‌م دووانه پێكه‌وه دابنیشن و ناكۆكییهكانییان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
ئه‌و ده‌شڵێت "یه‌كێتی له‌لایه‌كه‌وه پابه‌نده به‌ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی به‌رپرسیارێتی له‌سه‌رشانه، به‌رپرسیارێتی ته‌نها ئه‌وه نییه 18 كورسی له په‌رله‌مان هه‌یه، یه‌كێتی ئه‌مڕۆ هێزێكی گه‌وره‌یه و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه شه‌ڕ ده‌كات، بۆیه په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و پارتی بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئاینده پێویسته، په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و گۆڕانیش له‌ڕووی واقیع و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لیشه‌وه پێویسته، بۆیه هه‌ردوو رێككه‌وتنه‌كه پێویسته و دژ یه‌كی تێدا نییه، ئه‌وه‌ی پێی وایه په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر حسابی گۆڕانه یان به‌عه‌كسه‌وه ئه‌وه هه‌ڵه ده‌كات".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "خۆ پێش ئه‌وه‌ی ئێمه و گۆڕان رێبكه‌وین پێشتر پارتی و گۆڕان رێككه‌وتبوون و له نێوان خۆیاندا رێككه‌وتبوون حكوومه‌ت و په‌رله‌مان به‌و شێوه‌یه بێت".
موفتی جه‌ختیش ده‌كاته‌وه "تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی نییه، رێككه‌وتنی ستراتیجی هێشتا ئیلغا نه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێستا گفتوگۆ ده‌كرێت و پێویستمان به‌ڕێككه‌وتن هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، چۆن په‌رله‌مان كاراده‌كه‌ینه‌وه، حكوومه‌ت چۆن ده‌بێت، به‌رنامه بۆ چاكسازی و شه‌فافییه‌تی نه‌وت و په‌یوه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌مه پێویستی بهگفتوگۆیه".
- موفتی" پێشبینی ئینشیقاق له‌ناو یه‌كێتی ناكه‌م"
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی گۆڕان گله‌یی له یه‌كێتی هه‌یه و رێككه‌وتنی سیاسیی نێوانیان وه‌كو پێویست جێبه‌جێ ناكرێت و یه‌كێتی به‌گه‌رمی به‌ده‌مییه‌وه ناچێت، ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "رێككه‌وتنه‌كه وا جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وا خه‌ریكی جێبه‌جێ كردنیین، بۆیه پێم وا نییه رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر حسابی په‌یوه‌ندییمان بێت له‌گه‌ڵ گۆڕان، ئومێد ده‌كه‌ین په‌یوه‌ندی نێوان گۆڕان و پارتیش ئاسایی بێتەوه، شتێكی ئه‌وتۆ نییه، ئه‌وه‌شی هه‌یه به‌شێکه له ناكۆكی كۆن و فه‌رهه‌نگی شه‌ڕی ناوخۆ، رێككه‌وتنی ستراتیجی تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوونه‌بوو له‌وه‌ی شوێنه‌واری شه‌ڕی ناوخۆ نه‌هێڵێت، له‌وه‌ی رق و كینه نه‌هێڵێت و به‌داخه‌وه ئه‌مه چووه‌ته ناو كۆمه‌ڵگه‌ش، ئه‌مه پێویستی به‌به‌رنامه هه‌بوو".
له وه‌ڵامی پرسیاری كۆتایی ئاژانسی ئانادۆڵو، عه‌دنان موفتی باس له چاره‌سه‌ری دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی ده‌كات و رێگه چاره‌كان ده‌خاته روو و به‌دووری ده‌زانێت یه‌كێتی ئینشیقاقی تێبكهوێتهوه، ئه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت "چاره‌سه‌ری ناوخۆی یه‌كێتی له‌وه‌دایه كۆده‌نگییه‌ك په‌یدا بكه‌ین، به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی له‌سه‌رووی هه‌موو شتێك بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی یه‌كێتی، ده‌بێت مێژووی یه‌كێتی و قوربانییه‌كانی یه‌كێتی و ئه‌و هه‌زاران شه‌هیده‌ی داویه‌تی جارێكی تر رێگه نه‌درێت ناكۆكییه‌كان ئینشقیقاقی لێ بكه‌وێته‌وه، به‌ڕێككه‌وتن كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی ئاسایی بكرێته‌وه، ئینجا سه‌ركردایه‌تی بڕیاری كۆنگره بدات، پێش ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ كۆنگره بكرێت، من هیچ ناكۆكییه‌كی سیاسی نابینم، ره‌نگه بۆچوونی جیاواز ببینم، به‌ڵام ره‌نگه له جه‌وهه‌ردا بۆچوونی جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام مه‌ترسی ئینشیقاق نییه و باوه‌ڕناكه‌م ناكۆكییه‌كان بگه‌نه ئه‌و ئاسته، چونكه بنه‌مای ئینشیقاق نییه، ره‌نگه كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك وازبهێنن، به‌ڵام موبه‌ڕیر نییه شتێكی تازه یان حزبێكی تازه دروست بكرێت، بۆیه ناكۆكیی زۆر گه‌وره‌مان نییه له‌ناو یه‌كێتی، من بۆ خۆم پێشبینی ناكه‌م ئینشیقاق رووبدات و پشتگیری ناكه‌م و پێشم وا نییه بكرێت، به‌ڵام ناتوانم له بری خه‌ڵكانی دیكه بڕیار بده‌م".
news_share_descriptionsubscription_contact

