Fahrettin İbrahim,Saad Hawrami . Sarmand Hameed
21 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2016
هەولێر
لە رێوڕەسمێكدا لە شاری هەولێر بارەگای بەرەی توركمانی عێراق بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و حزبی كرایەوە.
لەو رێورەسمەدا هەریەك لە سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق ئەرشەد ساڵحی و پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و قونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان و حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی و ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حزبەكان بەشدار بوون.
لە گوتەیەكی دا سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی ئەرشەد ساڵحی خۆشحاڵی خۆی بە كردنەوەی بارەگای حزبەكەیان لە شاری هەولێر دەربڕی و گوتی: "لە هەرێمی كوردستان برایانی كورد و توركمان پێكەوە دەژین و ئێمەش وەكو بەرەی توركمانی عێراق كە لە ساڵی 1995 لە هەولێر دامەزراوین.بەرەی توركمانی هەموو كاتێكش بریاری ئەوەی داوە كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان بە تەیابی پێكەوە بژین".
ئەرشەد ساڵحی گوتیشی: "ئێمە نارەحەتی زۆرمان پێكەوە كێشاوە چۆن لە هەڵەبجە شەهیدمان داوە ئاواش لە تازە خورماتوو هەمان ئازارمان چەشتووە. بۆیە دەبێت هەموومان پێكەوە بۆ عێراقێكی نوێ خۆمان ئامادە بكەین".
سەبارەت بە مافەكانی توركمان و جیاوازی سیاسییان لەگەڵ نەتەوەی كورد سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی گوتی: "بەداخەوە بەرەی توركمانی لە عێراق نەگەيشتووەتە مافەكانی خۆی كە هاونیشتمانی بوونە، بۆیە دەبێت بۆ بەدیهێنانی داهاتووی خۆمان پێكەوە كار بكەین. ئێمە هیچ كات نامانەوێت لەگەڵ دۆستەكانی خۆمان دوژمنداریمان هەبێت، دەكرێت بۆچوونی جیاوازی سیاسی لە نێوانماندا هەبێت، بەڵام لەسەردەمی بەعس و كاتی هاتنی داعشیش هیچ جیاوازییەكیان نەكرد لە نێوان كورد و توركمان دا".
لەبەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بە دیاریكردنی ئامانجیان و هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتەكان و لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە هەموو كاتێك دەستی خۆمان بۆ ئاشتی و بۆ ژیانێكی ئارام درێژكردووە و دەبێت پێكەوە ئامانجی خۆمان دیاری بكەین و پێكەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتەكان هەنگاو بنێین. بەداخەوە ئێستا توركمانەكانی عێراق چەندین شەهیدیان داوە و ئێستا بەردەوام لە دوزخورماتوو خوێنمان دەڕێژرێت و بۆ رزگاركردنی بەشیر هەموو كەس لە گەڵ ئێمە بوو، لەو داستانەدا پێشمەرگە شەهید بوو، توركمان شەهید بوو, ئێنشائەڵا بۆ ئازادكردنی تەلەعفەر پێكەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كاردەكەین".
لەرێوەڕەسمی كردنەوەی بارەگای بەرەی توركمانی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی وتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "خۆشحاڵین كە بەرەی توركمان بارەگایەكی گەورەتر و فراوانتر لە شاری هەولێر دەكاتەوە بۆ زیاتر خزمەتكردنی توركمان و پپێكەوە ژیان لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە ، چونكە لە هەرێمی كوردستان هەموو پێكهاتەكان پێكەوە بە ئاشتی و ئارامی دەژین و بەشدارن لە دام ودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم".