Hemin Hüseyin
30 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2018
هەولێر-AA
دوای دەنگدانی لە بنکەی هەڵاڵە پارێزگاری هەولێر، نەوزاد رایگەیاند "پیرۆزبایی لە خەڵک دەکەین کە ئەمە (دەنگدان) پراکتیزەکردنی دیموکراسییە و بەتایبەت لە ساڵی رابردوو کۆمەڵێک گۆڕانکاری هاتە ئاراوە و ئێستاش دەچینە قۆناغێکی نوێوە و ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە".
نەوزاد هادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "رێوشوێنەکانی تایبەت بەم پڕۆسەیە لە کۆمیسیۆن و لیژنەکانی ئەمنی دەرچووە و فڕۆکەخانەکان کراوەیە و سنوورەکان کراوەیە، بەڵام هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم و هەروەها لە نێوان هەرێم و عێراقیش قەدەغەیە، ئەمەش بە مەبەستی سەلامەتی هەڵبژاردن و بەڕيوەچوونی پڕۆسەکە بۆ ئەوەی ئەوپەڕی شەفافیەت هەبێت".
لە چوارچێوەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆن تایبەت بە شێوازی دەنگدان کە پێویستە دەنگدەر کارتی نیشتمانی یان پاساپۆڕتی هەڵگرتبێت و رەتیکردووەتەوە کە دەنگدەر تەنها بە ناسنامەی باری شارستانی یان رەگەزنامە دەنگ بدات، نەوزاد هادی گوتی: "ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵا بڕیاری لەسەرداوە، ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت و لەجێگای خۆیەتی بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین متمانە بە پڕۆسەی دەنگدان بکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ ی ئەیلوول، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە تیایدا ٧٧٢ کاندید کێبڕکێ لەسەر ١١١ کورسی دەکەن.