Cemal Sargati
01 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2016
سلێمانى
ئەندامى دەستەى فیستیڤاڵى فیلمى نێودەوڵەتى سلێمانى دڵشاد مستەفا بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "ئەمە یەکەمین فیستیڤاڵە کە لە شارى سلێمانى بەرێوە دەچێت بە بەشدارى هونەرمەندانى هەرچوار پارچەى کوردستان هونەرمەندانى بیانى ،ئامانج لەم فیستیڤاڵە بۆ زیاتر خزمەتکردنى هونەرى کوردى و فیلمى کوردیە لە هەرێمى کوردستان و شارى سلێمانى بەتایبەتى".
گوتیشى: "7 هەزار و 4 سەد فیلم هێنرا بۆ بەشدارى کردن لەو فیستیڤاڵەدا لەو ژمارەیەش تەنها 54 لەو فیلمانە هەڵبژێردراون ئەوانیش دابەشکراون بەسەر دوو پۆلێندا کە ئەوانیش فیلمى نیشتیمانى کە دەرهێنەرەکانیان کوردە و هەروەها فیلمە ئینەتەرناشناڵەکان کە دەرهێنەرەکانیان بیانین لەماوەى چوار رۆژدا ئەو فیلمانە نمایش دەکرێن لەگەڵ نمایشى فیلمەکاندا وۆرکشۆپ و سیمنار ئەنجام دەدرێت لە چوارەم رۆژشیدا دیبەتێکى تایبەت لە زانکۆى ئەمریکى بەرێوەدەچێت کەتایبەت بە فیستیڤاڵەکە".
دڵشاد راشیگەیاند: "150 هونەرمەند لە دەروەى هەرێمى کوردستان وەک میوان هاتوونەتە هەرێمى کوردستان و بۆ بەشدارى کردن لەو فیستیڤاڵەدا ".
ئەو ئاماژەى بۆئەوەشکرد: "لەکۆتایى فیستیڤاڵەکەشدا سى جۆر خەڵات دابەشدەکرێت ئەوانیش بۆ فیلمە کورتەکان باشترینیان خەڵات دەکرێت و فیلمە درێژەکانیش بەهەمان شێوە باشترینیان خەڵات دەکرێت و فیلمە نیشتیمانى ونەتەوەییەکانیش هاوشێوەى ئەوانى تر باشترینیان خەڵات دەکرێت".
هەروەها ئەکتەرى بە ئەزموون و نووسەر ئەحمەد سالار لە بارەى فیستیڤاڵەکەوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "فیلم و سینەما لە ناو هەر گەل و نەتەوەیکدا بێت ئەو کار ئەکات بۆ هۆشیار کردنەوەى ئەو گەل و نەتەوەییە فیلمیش هونەرێکى باڵایە کە پێویستە گرنگى پێ بدرێت و هونەرێکە پەیامى گەلان دەگەیەنێت بە کلتور و نەتەوەکانى تر".
ئەحمەد گوتیشى: "کورد لەمێژوە وە تاکو ئێستا گەلێکى چەوساوە بووە رێیان پێ نەدراوە کە سینەما ئەنجام بدەن وەک هونەرمەندانیش زۆر بەدەست نەبوونى سینەما و فیلمەوە ناڵاندوومانە".
ئەو هونەرمەندە راشیگەیاند: "ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە لە ئێستادا زۆر پێویستە وادەردەخات کە گەلى کورد گەشتوەتە ئاستێک بۆ بەرەو سەرکەوتن بەڵام لەم چەند ساڵەى رابردوو بەهۆى ئەو قەیرانانەى کە بەرۆکى هەرێمى کوردستانى کردووە ئەوا واى کردووە رەوشى هونەر وفیلم و سینەما بەتایبەت بەرەو دارمان بەرێت ".
ئەحمەد گوتیشى"ئەم فیستیڤاڵە ئەزمونە جیاوازەکان بەیەکەوە دەگەیەنێت و هونەرمەندانى هەرێمى کوردستان و بیانى بەیەکەوە دەناسێنێت و وادەکات کە پەیوەندى پتەو لەنێوانیان دروست ببێت ".
سالار ئەحمەد داواى کرد کە لە هەرێمى کوردستان چەندین کۆلێجى سینما و فیلم بکرێتەوە تاکو زیاتر برەو بە بوارەکە بدرێت زیاتر خزمەت بکرێت".
دەرێنەر و بەرهەم هێنەر بەختیار فەتاح بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەنجام دانى فیستیڤاڵ لە هەموشارێک و هەموو وڵاتێک زۆر گرنگ و پێویستە کە ئەمەش ئاشنایەتییەک دروست دەکات لەنێوان هونەرمەندە ناوخۆییەکان و هونەرمەندە بیانییەکان کە ئەوشە یسفەتێکە لە فیستیڤاڵى نێودەوڵەتى کە ئەوەش وادەکات هونەرمەندانى تر بێنە ووڵات و کارى باش و خزمەتى باش دەکات لە بوارى هونەردا".
گوتیشى: "ئێمە وەک کۆمپانیاى کام پرۆدەکشن پشتگرى ئەم فیستیڤاڵەمان کردووە کارمان کردووە بۆ ئەوەى بە ئەنجام بگات دەمانەوێت ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە بەردەوام بێت بۆئەوەى فیلمیش وەک سێکتەرەکانى تر گرنگى پێ بدرێت ".
بەختیار ئەوشى گووت: "هەرچەندە لە ئێستا هەریمى کوردستان بە چەند قۆناغێکى ناهەمواردا تێپەر دەبێت بەڵام ئەنجام دانى ئەم فیستڤاڵە لەم کاتەدا وەڵامێکە بۆ قەیرانەکان کە هونەر پاشەکشە ناکات بۆیە پێویستە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و هونەرمەندانەوە زیاتر گرنگى بدرێت بەم جۆرە فیستیڤاڵانە چونکە خزمەتى گەلى کورد دەکات".
لە فیستیڤاڵى سلێمانیدا فیلمە کوردییەکانى هەرچوار پارچەى کوردستان لەسەر یەک ئاست کێ برکێ دەکەن و ئەم فیستیڤاڵەش ماوەى چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و باشترینیان خەڵات دەکرێت ".