ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا بولەند ئارنچ، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەی دا.
ئارنچ سەبارەت بە کردەوە دڕندانەکانی رێکخراوی داعش و کوشتنی دیلەکان گوتی: "داعش رێکخراوێکی تیرۆریستییە، بەردەوام ئیدانەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئەو رێکخراوەمان کردووە کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەنجامی دەدات، ھەموو ئەو کوشتارانەى لە لایەن داعش و نموونەی وەک ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە ئەنجامدەدرێت رێگەیەکمان بۆ دێنێتە پێش کە پێویستە بەھاوبەشی وڵاتان رووبەڕوویان ببینەوە، ئەمە کارێک نییە کە تاکە مرۆڤێک بیکات".
بولەند ئارنچ ھەروەھا گوتی: "گەلی تورکیا لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سەربڕینی بارمتەکانیان پشتیوانی بۆ ژاپۆن دەرفڕی. تورکیا و گەلی ژاپۆن پێکەوەن، ئەو کردەوانە جگە لە دڕندەیی ھیچی دیکە نییە، نازانم ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە راستە یان نا، بەڵام دەزانین کە لەو شێوە کوشتارانە ئەنجامدراوە، بۆیە ئەوە ئازارێکی راستەقینەیە".
ئارنچ سەبارەت بە راستی رفاندنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە گوتی: "زانیاریەک لەبەردەستم دانییە کە فڕۆکەوانێکی ئوردنی رفێنرابێت، بەڵام پێشتر دوو فڕۆکەوانی تورکیا رفێنراو دواتر رادەستی تورکیا کرایەوە، ئەگەر داوای ھاوکاری لەتورکیا بکرێت لە رووی دەزگا ھەواڵگرییەکانەوە ئەوا دەتوانین سەرجەم تواناکانمان بە کاربێنین، بەڵام نازانم تا چەند ئەو تۆمارە راستە".