ئیسته‌نبوڵ
وه‌زیری سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشتی هه‌ورامی رایگه‌یاند: كاری راكێشانی هێڵی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا به‌رده‌وامه و ره‌نگه تا سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بگاته توركیا.
ئاشتی هه‌ورامی له میانی كۆنفهرانسی كۆنسه‌ی ئاتلانتیك بۆ وزه گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و گوتی: "رۆژ له دوای رۆژ له هه‌رێمی كوردستان كێڵگه‌ی نه‌وت ده‌دۆزرێته‌وه، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی كه رۆژانه یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكرێ ده‌رفه‌تی گونجاو له به‌رده‌ستمانه، ئێمه ده‌مانه‌وه‌ێ كه رۆژانه 2 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكه‌ین به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویستمان به ته‌كنۆلۆژیایه‌كی پێشكه‌وتوو و راكێشانی لووله‌ی نه‌وت و ئه‌زموونی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه."
هه‌ورامی رایگه‌یاند: مانگی داهاتوو ده‌بینه شاهێدی ئه‌وه‌ی كه سه‌رمایه‌ی ئه‌و كۆمپانیانه كه له بواری نه‌وتدا له عێراق سه‌رمایه‌گوزارییان كردووه سه‌رمایه‌كه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و نه‌ته‌نیا له بواری وزه‌دا به‌ڵكو له بواری خزمه‌تگوزاریشدا عێراق پێویستی به بونیاتنانه‌وه هه‌یه.
هه‌ورامی له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌ی خۆیدا باسی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد و رایگه‌یاند: ئه‌و كۆبوونه‌وه له سایه‌ی په‌یوه‌ندی ئابووریدا ساز كرا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ره‌خساند بۆیه ده‌توانین له وڵاتی خۆمانیش ئه‌و جۆره كۆبوونه‌وانه ساز بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێ و پێكه‌وه به هاوبه‌شی كار بكه‌ین هیچ جۆره كێشه‌یه‌ك نامێنێ بۆیه داوا ده‌كه‌م ورن با پێكه‌وه كار بكه‌ین و داهاته‌كه به یه‌كسانی دابه‌ش بكه‌ین و عێراقێكی یه‌كگرتوو بونیات بنینه‌وه.
ئاشتی هه‌ورامی به‌و جۆره درێژه‌ی به قسه‌كانیدا: "هه‌نارده كردنی گازی سروشتی و نه‌وت له لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه مافێكی ره‌وای ئه‌و هه‌رێمه‌یه و بۆ هه‌نارده كردنی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویستیمان به‌وه نییه كه له هیچ كه‌س و لایه‌نێك داوای مۆڵه‌ت بكه‌ین، چونكه ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ ئه‌و مافه‌ی به ئێمه داوه. داهاتی ئه‌و نه‌وته له لای ئێمه شه‌فافه و به شێوه‌یه‌كی شه‌فاف نه‌وت ده‌فرۆشین. داوای له نوێنه‌ری كۆمپانیای بۆتاش ده‌كه‌م تا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌نزیكه‌وه ببێنێ كه ئێمه چۆن كار ده‌كه‌ین. ژماره حهسابێكی ئێمه له توركیا بۆ وه‌رگرتنی داهاتی نه‌وت ده‌بێ، به پێ په‌یمانه‌كان ئێمه وه‌كو به‌ڵێنده‌ر پاره‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ده‌ده‌ین و ئه‌وه‌ی مایه‌وه بۆ عێراقه، هه‌مووی ئه‌وانه به پێ سیسته‌می دابه‌ش كردنی داهات ده‌بێ و ئه‌وه‌یش له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ‌دا ئه‌نجام ده‌درێ، له راستیدا هه‌ركه‌س دهیهوێَ ده‌ست بۆ داهاتی عێراق ببات به‌ڵام هیچ كات ناتوانێ سه‌ركه‌وتوو بێ چونكه ئێمه ناچارین مهتراژ و رێژه‌كه به شێوه‌یه‌كی شه‌فاف ئاشكرا بكه‌ین و ناچارین راست و دروست بوونی ئه‌و رێژه‌یه‌ش بسه‌لمێنین بۆیه هیچ كه‌س ناتوانێ ده‌ستی خۆی بۆ یه‌ك دینار له‌و داهاته درێژ بكا. ئه‌و داهاته دوای هه‌نارده كردن به پێ ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ دابه‌ش ده‌كرێ، ئه‌وه‌ی له سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵه ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه یاسای دابه‌ش كردنی داهات ئاماده و په‌سه‌ند بكات، كاتێك كه رێژه‌ی رۆژانه‌ی هه‌نارده كردنی نه‌وت 300 هه‌زار به‌رمیلی تێپه‌ڕاند ئه‌وا چی دیكه له به‌غدا كه‌س له دژی هه‌نارده كردنی نه‌وتی هه‌رێم راناوه‌ستێ چونكه ئه‌وه سوودی بۆ هه‌ر كه‌س هه‌یه بۆیه پێویستیمان به مۆڵه‌تی به‌غدا نییه، فرۆشتنی نه‌وتی خام له ژێر ده‌ستی هیچ كه‌س و لایه‌نێكدا نییه، هه‌ر شت زۆر به شه‌فافی به‌رێوه ده‌چێ. به‌راستی به‌و جۆره ئێمه توانیومانه 50 تا 60 كۆمپانیا رازی بكه‌ین كه له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ست به سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن."
ئاشتی هه‌ورامی گوتی: "دابه‌ش كردنی داهاتی نه‌وت له نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ‌دا زۆرگرنگه، ئێمه خه‌ڵكی عێراقین و ده‌مانه‌وێ به‌ره‌ژوه‌ندییه‌كانی عێراق بپارێزین و ئێمه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین، به‌ڵام له قۆناغی ئێسته‌دا كه‌س نایه‌وێ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا قسه بكات و ئێمه 10 ساڵه سه‌برمان كردووه، به‌ڵام كاتێك كه به راستی داهات زۆری كرد ئه‌و كاته هه‌ر كه‌س ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا قسه بكا و له كاته ساتێكی بهوجۆرهیشدا چه‌ندین كۆمیته داده‌مه‌زرێ و ده‌ست به گفتوگۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر چه‌ند ئه‌مڕۆ شتێكی به‌وجۆره نییه به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌یانی كه داهات زۆری كرد و ویستان چاودێری له داهات و كاری ئێمه بكه‌ن ئه‌وا ئێمه خۆشحاڵ ده‌بین چونكه هیچ شتێكی شاراوه‌مان نییه."
له باره‌ی لووله‌ی نه‌وتی خامه‌وه هه‌ورامی گوتی: "مۆر كردنی په‌یمان له باره‌ی نه‌وتی خامه‌وه گرێدراوی نه‌وتی خامی عێراقه، نابێ كه‌س ئه‌مه له بیر بكا، چونكه ئێمه خه‌ڵكی عێراقین و نه‌وتی خام له لووله‌ی هیچ وڵاتێكی بییانیدا هه‌نارده ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بووبانا و ده‌ستمان بۆ مڵكی وڵاتێكی دیكه بردبا ئه‌وه شتێكی دیكه بوو به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه‌یش وه‌كو هه‌ر كه‌س مافی خۆمانه كه سوود له‌و ده‌رفه‌ت و ئیمكانیاتانه وه‌ربگرین، بۆ به‌كار هێنانی ژێرخانی هه‌نارده كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هیچ كێشه‌یه‌ك نییه."
هه‌ورامی ئاشكرای كرد كه ئێستە له سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستاندا سه‌رقاڵی راكێشانی لووله‌ی نه‌وتین و بۆ باش كار كردنی ئه‌و لووله و پۆمپه‌كانی كار و تاقی كردنه‌وه‌ی پێویست ده‌كرێ، بۆ یه‌كسان كار كردنی سیسته‌می ئێمه و سیسته‌می توركیا له نێوان هه‌ردوولادا چه‌ندین كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام دراون و ئه‌نجام ده‌درێن و كاتێك كۆتایی به‌و ئاماده‌كارییانه هات ئه‌وا ده‌ست به هه‌نارده كردنی نه‌وت ده‌كرێ. ئه‌گه‌ر هیچ جۆره كێشه یا گرفتێكی نوێ ده‌ر نه‌كه‌وێ ئه‌وا له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا ده‌ست به هه‌نارده كردنی نه‌وت بۆ توركیا ده‌كه‌ین، به راستی من نامه‌وێ هه‌نارده كردن زۆر دوا بكه‌وێ به‌ڵام له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو ده‌ست به هه‌نارده كردن ده‌كرێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئێسته سه‌رقاڵی تاقی كردنه‌وه‌ی لووله و سیسته‌می پۆمپهكانین، چه‌نده زوو ده‌ست به هه‌نارده كردن بكرێ ئه‌وه‌نده به سوودی ئێمه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك له داهاته‌كه سوودمه‌ند ببن شه‌فافیه‌ت به بنه‌ما وه‌رگیراوه، ته‌نیا كۆمپانیا بۆتاش یا ئه‌و كۆمپانیایه كه نه‌وته‌كه ده‌گوازێته‌وه چاودێری پرۆسه‌كه ناكات به‌ڵكه كۆمیته‌یه‌ك له نوێنه‌رانی چه‌ندین كۆمپانیا داده‌مه‌زرێ و چاودێری له پرۆسه‌كه ده‌كات. ئێمه وه‌كو به‌شێكی عێراق داوای سه‌دا 17ی داهاتی نه‌وتی عێراق ده‌كه‌ین، ئه‌مه مافێكی ئێمه‌یه و له ده‌ستووری عێراقیشدا ئاماژه‌ی پێكراوه، ئه‌و رێژه‌یه ته‌نیا هی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نییه به‌ڵكو هی نه‌وتی سه‌رانسه‌ری عێراقه و ئێمه بۆ سه‌رانسه‌ری عێراق و بۆ هه‌مووی عێراقییه‌كان كار ده‌كه‌ین.
news_share_descriptionsubscription_contact



