ماردین
جێگری سەرۆک و پەرلەمانتاری جەھەپە پەریخان سەری گوتی: بۆ دیموکراسی وڵات پێداگرین لەسەر ھەوڵەکانمان، دیموکراسی و ئازادی پێویستیی بنەڕەتی گەلن.
ئەو پەرلەمانتارەی جەھەپە لەگەڵ لایەنگرانی پارتەکەی سەردانی شوێنی دروستکردنی دیواری نێوان سنوری سوریا و تورکیای لەشارەدێی نسێبین کرد، پەریخان لەکاتی پێشکەشکردنی قسەکانی بۆ خەڵکی ناوچەکە غەمباری خۆی ڕاگەیاند کە ناتوانێت بەزمانی کوردی گوتار پێشکەش بکات.
وەک وەبیر ھێنانەوەیەک بۆ خەڵکی ناوچەکە لەبارەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی –عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا و شڤان پەروەر بۆ دیاربەکر گوتی: "ئەم خاکە مێژوویی و دێرینە لەم چەند ڕۆژەدا پێشواز لە گەشتیارێکی زۆر دەکات، بەرێز سەرۆکوەزیران بەگرتنەبەری شێوازی جۆراوجۆر دەیەوێت بێتە ناوچەکانی مێزۆپۆتامیا، دێتە دیاربەکر، خەون و خەیاڵ دەکات، لێرە خەوەکەی ئاشکرا دەکات، دواتر دەڵێت ھۆشیار بوومەوە، ئەو مەسەلانەی ئەمڕۆ تیایداین پێویستیمان بە دیموکراتی گشتییە بۆ چارەسەرکردن، گرنگترین مەسەلە رەوش و داواکاریەکانی برا کوردەکانە، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران لە ھەڵمەتی چارەسەری دیموکراتیدا لەکۆتایی قۆناغەکەدایە و گەیشتووەتە خاڵی بەربەست و دیوار دروستکردن، سەرۆکوەزیران کاتێک ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی تورکەکان دەدات، بەھەنگاوێک لەملاوە ھەوڵی دروستکردنی دیوار دەدات تا سنور لەنێوان برا کوردەکان دروست بکات، دەیەوێت مرۆڤەکانی ئەم جوگرافیایە بکات بە دوو بەشەوە، وەک ھەموو کات ھەوڵی پەیداکردنی دووبەرەکی لەنێوان کوردان دەدات، کوردان رووبەڕووی یەکتر دەکاتەوە، بەو شێوازە سیاسەتە ھەوڵی تێکدان دەدەن.
دیموکراسی و ئازادی مافی بنڕەتی گەلە
سەری گوتیشی: گەلی کورد گەلێکی سیاسی دێرینی ئەم ناوچەیەیە، خاوەنی بیر و پێشنیاری سیاسییە، بەھەستەوە دەڕوانێتە مەسەلەکان. گەلی کورد سەرجەم ئەو گوتەکانەی بەرامبەری دەکرێت، لەزەمینەیەکی ڕاست و ڕەوان بەدواداچون و گفتوگۆیان لەسەر دەکات، کێشەی بنەڕەتی گەل دژە دیموکراتییە کە لەسەردەستی ئاکەپە ھاتوەتە کایەوە، تورکیا زەرەرێکی زۆری بەرکەوتووە، بەھۆی ھەوەس و ئارەزووە دیکتاتۆریانەی سەرۆکوەزیران، وەک جەھەپە بەپێداگریەوە ھەوڵی بە دیموکراسیبوونی وڵات دەدەین، وەک دەزانین کێشەی دیموکراسی یەکێکە لە پێویستییە بنەڕەتیەکانی ئازادی گەل، ئیرادەی گەل و خەڵک دەتوانێت ئەم مافانە دەستەبەر بکات، کاتێک دەڵێن " بژی ئاشتی، بژی برایەتی" دەبێت بواری برایەتی بڕەخسێنین.
لەلایەکی ترەوە لەکاتی قسەکردنی پەرلەمانتارەکەی جەھەپە گروپێک لە خۆپیشاندەران ویستیان بەدانانی بەربەست رێگر دروست بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە بەغازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێکرا.
شاندی جەھەپە بەھۆی کاریگەریان بەغازی فرمێسکڕێژ ناڕەزاییان دژی پۆلیس پیشان دا.
پەرلەمانتارەکەی جەھەپە داوای بینینی عایشە گۆکان سەرۆکی شارەوانی نسێبینی کرد، بەھۆی ئەوەی عایشە لە دەرەوەی وڵات بوو پەریخان سەری نەیتوانی بیبینێ.