Kosar OSMAN
05 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2015
هەولێر
ناردنی هێزی سەربازی بۆ دەوروبەری مووسڵ بۆتە رۆژەڤی میدیاکانی تورکیا. رۆژنامەی حوریەت وێنای ئەم دۆخەی بە مانشێتی "هێزی تورکیا لە مووسڵ" کردووە و نووسیویەتی: "دوای رێککەوتن لەگەڵ بارزانی بڕیاری دراوە کەمپێکی سەربازی لە ناوچەکە دابمەزرێت. بەم پێیە 600 سەربازی تورکیا کە 400یان کۆماندۆن لەو کەمپە سەربازییەدا جێگیر دەکرێن".
لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە 25 تانک و زرێپۆش لە تورکیاوە گوێزراونەتەوە بۆ بەعشیقە. هەروەها ئاماژە بە دیداری وەزیری دەرەوە لە حکوومەتی کاتیی تورکیا فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو کراوە بەوەی لە دیداری لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، رۆژی 4ی تشرینی دووەم بەم رێکەوتنە گەیشتوون.
هەروەها رۆژنامەی هابەرتورک لەژێر مانشێتی "هێز لە مووسڵ جێگیر کرا" هەواڵەکەی روون کردۆتەوە و نووسیویەتی: "تورکیا بە ژمارەیەکی زۆر سەرباز و 25 تانکەوە خۆی گەیاندە مووسڵ و بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ئامادەباشیدایە".
هەرچیی رۆژنامەی میللییەتیشە نووسیویەتی: "سەرباز لە مووسڵ دەستی بە ئێشکگری کرد و وەجبە گۆڕدرا". ئەم رۆژنامەیە ئاماژەی بە گەیشتنی زیاتر لە 150 سەرباز کردووە. هەروەها لە هەواڵەکەدا هاتووە 20-25 تانک هاوشانی هێزەکە گوێزراونەتەوە ناچەکە.
جگە لە مانشێتی رۆژنامەکان کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنی تورکیا بەردەوام زانیاریی بەپەلە پەخش دەکەن.
سەرچاوەکانی سەربازیی باس لەوە دەکەن ئەم هێزە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە ئامادەباشیدایە.