Hemın Othman Mohammed
18 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2016
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداری لە یادی رۆژی شەهیدانی 18ی ئادار و 101مین ساڵەی سەركەوتنی لە شەڕی چاناككالەدا كرد، كە لە ستادیۆمی 18ی ئادار بەڕێوەچوو.
لە وتارێكیدا كە لە مەڕاسیمەكە پێشكەشی كرد، ئەردۆغان رایگەیاند "ئایا ئێمە دەمانتوانی ئیستانبوڵ بكەینە فیدا، ئیستانبوڵمان بەدەستەوە دەدا، لەبەرئەوە ئەو شوێنەی پێی دەگوتریت تێپەربوونی نییە، چاناككالە بوو. نەیاتوانی پیایدا تێبپەڕن. كەسانێك زۆر ئارەزووی ئیستانبوڵ دەكەن، بەڵام هەموو ئەو ئارەزووانە لە گەدەیاندا ماوەتەوە. ئەمڕۆش لە ناوەوە و دەرەوە هەموو جۆرە گەمەیەك دەكەن بۆ ئەوەی گەلەكەمان گۆشەگیر بكەن. هیچ گومانیان نەبێت هەمان چارەنووس چاوەڕوانیانە".
گوتیشی: "بە ئیزنی خوا كەس نابێتە رێگر لەبەردەمماندا بۆ نووسینەوەی داستانێكی نوێ بەناوی وڵات و گەلەوە. بەس ئەوەی بتوانین وەك گەل بە شێوەیەكی بەهێز بەرگری لە یەكگرتوویی، یەكێتیی، برایەتیی و پشتیوانیی لە یەكتر بكەین".
- "نابەزین، ناترسین، لە رووبەڕووبوونەوە هەڵنایەن"
لە درێژەی وتارەكەیدا ئەردۆغان رایگەیاند "دواین نموونە رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە مەیدنی كزڵای ئەنقەرە هێرشێكی خۆكوژی روویدا. ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو چووە نێو خەڵكی بێتاوان و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 35 هاووڵاتیی و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری دیكە. ناكرێت تووڕە نەبین بەرانبەر ئەو ناپاكانەی كە رێكخراوە تیرۆریستییەكان وەك داردەست بەكاریان دەهێنن، وەك ئەوەی لە جەنگیزئا رەحمەتیم وەرگرتووە و پێیان دەڵێم "مانكورت" كە بە واتای كۆیلەی بێ زانیاری دێت".
هەروەها گوتی: "ئێمە وەك گەل، هەركەسیك مەردانە بەرامبەرمان بوەستیتەوە، جا هەر كەسێك بیت، چەندیش بەهێز بێت، نابەزین، ناترسین لە رووبەڕووبوونەوە هەڵنایەن. بەڵام ئەوەی رووبەڕوومان بۆتەوە و پێی دەڵێن تیرۆر بە ناڕەسنترین، بێ رەوشتترین شێوە و دوور لە مرۆڤایەتی رووبەڕوومان بۆتەوە كە ئەوەش كارەكەمان قورس دەكات".
- "ئەوانە تەسلیمی تیرۆر بوون"
سەبارەت بە رێگەدان بە پەكەكە بۆ هەڵدانی چادر لە پشت بینای پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، سەركۆماری توركیا ئەردۆغان رایگەیاند کە بەلجیكا دەتوانێت رێگە بەوان بدات كاتێك بیانەوێت سیمبوولەكانیان بەرزبكەنەوە. ئەوان راست و دروست نین، ئەوان بە دوودڵی رەفتار دەكەن، ئەمڕۆ ئاڵایان هێنایە خوارەوە و پۆستەریان بەرز كردەوە، هیچ یەك لەوان نوێنەرایەتی توركیا ناكات، دەبێت ئەمە بزانن، ئەمە بەواتای تەسلیم بوونە بە تیرۆر، ئەوان خۆیان تەسلیمی تیرۆر بوون.
"هەرگیز نازانن كەی پێ بە مینەكەدا دەنێن"
هەروەها گوتیشی: "ئەو بۆمبەی لە ئەنقەرە تەقییەوە، توانای خۆ نواندنی بۆ لایەنگرانی رێكخراوی تیرۆریستی رەخساند لە ناوجەرگەی شاردا، هیچ هۆكارێك نییە بۆ روونەدانی لە برۆكسل یان هەر شارێكی دیكەی ئەورووپا. سەرەڕای ئەوەی كە ئەوە راستییەكی روونە، هەڵسوكەوتی وڵاتانی ئەورووپا كە هێشتا بیرناكەنەوە، وەك سەماكردن وایە لە كێڵگەیەكی مینرێژكراودا. هەرگیز نازانن كەی پێ دەنێن بە مینەكەدا. بەڵام بە روونی دیارە كە ئەوە كۆتاییەكی لەدەستنەچووە".