Salih Bilici,1 23
10 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2018
بایبورت - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "هیچ نیگەران مەبن، دۆلار و ئه‌و شتانه ئێمه‌یان پێ ناوه‌ستێندرێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان له شه‌قامی كۆماریی له بایبورت گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی جموجۆڵی دراوی بیانی به‌رامبه‌ر دراوی نیشتیمانی توركیا رایگه‌یاند: "هیچ نیگەران مەبن، دۆلار و ئه‌و شتانه ئێمه‌یان پێ ناوه‌ستێندرێت. ئه‌وه‌ی دۆلار، یۆرۆ و زێڕی هه‌یه با بچێت له بانكه‌كانمان به لیره‌ی توركی بیگۆڕێته‌وه. ئه‌وه خه‌باتێكی نیشتمانی و ناوخۆییه. ئه‌وه وه‌ڵامی گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی جه‌نگی ئابوورییان له دژی ئێمه راگه‌یاندووه".
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك وڵات له هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه توركیا تیایدا لایه‌نه، هه‌ڵوێستیان پاراستنی كوده‌تاچی و له‌ئامێزگرتنی تیرۆریست و نه‌ناسینی ماف و یاساكانه. گوتی: "ئه‌و دۆخه نه‌رێنییه‌ی به‌م رۆژانه‌ی دوایی دووچاری ئابوورییه‌كه‌مان بووه، ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی هه‌مان بابه‌ته."
سه‌ركۆماری توركیا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا كه له به‌رانبه‌ر هه‌موو ئه‌گه‌رێكی نەخوازراو ئاماده‌كاریان هه‌یه. گوتی: "ئه‌وانه‌ی كه ته‌ماشای به‌های دراو و رێژه‌ی سو‌و و هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێن، با به‌بێ هۆ دڵی خۆیان خۆش نه‌كه‌ن. لۆبیه‌كانی سو‌و ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه كه بێهوده دڵی خۆتان خۆش مه‌كه‌ن. له‌سه‌ر حیسابی ئه‌م گه‌له پاره به‌ده‌ست ناهێنن. ناتوانن چۆك به‌م گه‌له‌دا بده‌ن. دڵنیابن ئه‌وانه‌ی كه‌وتوونه‌ته دوای حیساباتی بچووك له‌به‌رامبه‌ر له‌ده‌ستدانی توركیا، له داهاتوو زۆر په‌شیمان ده‌بنه‌وه.
رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان، گوتیشی: "ئێمه به تایبه‌تی نه‌یاریمان له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێك نییه. له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتان له‌و خاڵانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان یه‌كده‌گرنه‌وه هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ین، له‌و خاڵانه‌یش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان یه‌كناگرنه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له رێگای دانوستانه‌وه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ته‌نگه‌تاوكردن و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری توركیا هه‌وڵ بده‌ن ژماره‌یه‌ك شتمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ئه‌وا ده‌بێت ببوورن و ئێمه چۆكمان بۆ كه‌س دانه‌داوه و چۆك بۆ كه‌سیش داناده‌ین. له‌كاتیكدا توركیا نه له داتای ئابووری، نه هێزی به‌رهه‌مهێنان و نه له هه‌لیكار و سیستمی بانكداریدا هیچ كێشه‌یه‌كی هه‌یه، كه‌وتووینه‌ته به‌ر لێشاوی ئه‌م ناسه‌قامگیرییه داراییه. ئاشكرایه ئه‌م هێرشانه به‌هۆی جیاوازیی بۆچوونی زۆر بچووكهوهیه. ئه‌م كێشانه زیان به په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ده‌گه‌یه‌نێت كه به‌م جۆره بیرده‌كه‌نه‌وه و زیانه‌كان جێگای قه‌ره‌بوو كردنه‌وه نیین".
ئەردۆغان گوتیشی: "له دۆخێكداین كه ده‌بێت مه‌ودای زۆر ببڕین له‌باره‌ی بژارده‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ زۆر شوێن له ئێرانه‌وه بگره بۆ رووسیا، له چینه‌وه تاكو ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی ئه‌ورووپا".
سه‌ركۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌وانه‌ی پێیانوایه گه‌لی توركیا كه له تانك، فڕۆكه، تۆپ و گوللـە نه‌ترساوه له‌م جۆره هه‌ڕه‌شانه ده‌ترسن، هێشتا ئه‌م گه‌له‌یان نه‌ناسیووه.