Şafak Yel
26 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2019
ئیزمیر ـ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ٢٨٢ کۆچبەری نایاساییان لە کەناراوەکانی دەریای ئیجە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای ئیزمیر دەستگیرکرد کە لە ھەوڵدا بوون بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری تورکیا تێپەڕ بکەن و خۆیان بگەیەنن بە دوورگەکانی یۆنان.
لەو بارەیەوە سەرچاوە ئەمنییەکانی ناوچەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاندووە کە دوای گەیشتنی زانیاری بە ھێزی کەناراوەکانی ناوچەکە لە بوونی چەند بەلەمێک لە کەناراوەکانی ناوچەکە کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاساییان ھەڵگرتووە و بەنیازی پەڕینەوەن بۆ دوورگەکانی یۆنان بە شێوەیەکی نایاسایی، ھێزەکانیان بە خێرایی گەیشتوونەتە ئەو ناوچانە و ٢٨٢ کۆچبەریان دەستگیرکردووە.
کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان ھەڵگری رەگەزنامەی سووریا، فەڵەستین، سۆماڵ، ئیریتریا و عێراق بوون.
دوای دەستگیرکردنیشیان، کۆچبەرە نایاساییەکان رەوانەی فەرمانگەی کۆچی پارێزگاکە کراون بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان.