ماردین
دوای ئەوەی ھەر بنەماڵەیەک کەسێکی لەلایەن ئەوی دیکەوە لێ کوژرابوو، دوژمنداری کەوتبووە نێوان ھەردوو بنەماڵەی (توتش)و (ئایدن).
(ئەحمەد تورک) پەڕلەمانتاری سەربەخۆ لە ماردین، ھەردوو بنەماڵەی لە گوندی (بۆغازی) لە ئێوارەخوانێکدا ئاشتکردەوە و کۆتایی بە دوژمندارییەکە ھێنا. سەرەتا گەورەپیاوانی ھەردوو بنەماڵە (حاجی مەحمووس یەڵماز) و (حاجی سلێمان ئایدن) دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر. پاشانیش تاکەکانی ھەردوو بنەماڵە چاویان لە گەورەکانیانکرد و ئاشتبوونەوەی خۆیان راگەیاند.
ئێوارەخوانەکە بەچەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد. پاشان خواردن پێشکەشی ئامادەبووان کرا. لەکاتی نانخواردنەکە (ئەردۆغان تووران ئێرمێش) قایمقامی قەزای (کۆسوور) ئەو چەند پەیڤەی گوێبیستی ئامادەبووان کرد " سوپاسی خۆم ئاڕاستەی ھەموو ئاشتیخوازانی جیھان دەکەم. ھەردوو بنەماڵە جێگەی رێزن و ھیوای تەمەن درێژییان بۆ دەخوازم. ئەم خاکە ژیان و شارستانیەتی پێ بەخشیوین. ئینشاڵا ھەر بەئاشتەوایی دەژین. خوا ئارامی و ئاشتیتان لێ تێکنەدا، ھەر بە خۆشی بێ".
ئەحمەد تورک پەرلەمانتاری سەربەخۆی ماردین گوتی " ھیوادارم ئێمەیش ببین بەخاوەنی ئەو مافانەی کە جیھانی ھاوچەرخ خاوەنیەتی. ھەروەھا لەیەکگەیشتن و پێکەوەژیان ھەڵبژێرین بۆ بنبڕکردنی دوژمنداری".