Muhammet Ali Kemal
19 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە داواکاریی سزای لەسێدارەن بۆ کودەتاچییەکان، رایگەیاند: "تورکیا وڵاتێکی دیموکراسییە و تێیدا یاسا سەروەرە. لە وڵاتی دیموکراسییدا تۆ ناتوانیت داواکاریی خەڵک لەبەرچاو نەگریت. هەر بۆیە ناتوانیت داواکارییەکانیان وەلا بنێیت".
سەرکۆماری تورکیا جەختی کردەوە لەوەی رووداوەکانی ماوەی رابردوو، رووداوگەلێکی ئاسایی نەبوون بەڵکو ئەم بابەتە بابەتێکی نیشتمانیی، لۆکاڵی بووە کە پەیوەندی بە وڵاتەوە هەبووە و گوتی:
''لەم بابەتە نیشتمانییەدا، بەداوای لێبوردنەوە ئێمە ئەم وڵاتە بۆ ئەوانە بەجێ ناهێڵێن کە کەس نازانێت چین. خوشک و برایانم، وەک بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش گوتی. منیش دەیڵێمەوە. تورکیا وڵاتێکی دیموکراسییە و تێیدا یاسا سەروەرە. لە وڵاتی دیموکراسییدا تۆ ناتوانیت داواکاریی خەڵک لەبەرچاو نەگریت. هەر بۆیە ناتوانیت داواکارییەکانیان وەلا بنێیت. ئەگەر گەلک داواکارییەکی لەوجۆرەی هەبێت، ئەو شوێنەی کە باسی ئەم داواکارییەی تێدا دەکرێت، کوێیە؟ پەرلەمانە. ئیشەڵڵا دوای ئەوەی لەو پەرلەمانەی ئەو رەوشتنزمانە بۆردومانیان کرد، باوەڕام وایە پارتەکانی نێو پەرلەمان، باشترین بڕیار لەو بارەیەوە دەدەن و کاتێکیش ئەو بڕیارە درا، وەک مەرجەعی پەسەندکردنی کە منم، بڕیاری خۆم لەو باریەوە رادەگەیەنم. من ئەو بڕیارە پەسەند دەکەم. چونکە لە وڵاتێکدا کە لاوانمان بە تۆپ و فڕۆکە شەهید دەکرێن، ئێمە ئەگەر وەک سیاسییەکان لە بەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ بین، ئەوە لە قیامەتدا باجی ئەمە دەدەین''.